بە چ شێوەیەک لە هەوای ناپاکدا پارێزگاری لەخۆمان بکەین؟

ساڵانە ٧ ملیۆن کەس بەهۆی پیسی هەواوە گیان لەدەست دەدەن

رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی جیهان دەستیان بە وزەو تەکنەلۆجیای خاوێن ڕاناگات و ساڵانە ٧ ملیۆن کەس بە هۆی پیسی ژینگەوە گیان لە دەست دەدەن.

ئیکۆنۆمیک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایدەکات کە هەوای ناپاک و ژینگەی پیس دەتوانێت بەربەستەکانی بەرگری لەشی مرۆڤ تێک بشکێنیت و بۆڕیەکانی هەناسەدان و دڵ و مێشکی تووشی کێشە بکات.

زانایانی بواری تەندروستی پێشنیار دەکەن بۆ ئەوەی کەمترین زیان لە هەوای پیس و ناپاک بەر لەشمان بکەوێت پێویستە واز لە ماسکی پەڕۆیین بێنین و لەو کاتانەی هەوا خاوێن نیەو ناچارین لە ماڵ بڕۆینە دەرەوە، دەبێت ماسکی تایبەتی وەکوو ماسکەکەکانی N99  بەکار بهێنین.

پیاسەکردن و لێخوڕینی پایسیکڵ لە کەش و هەوای پیسدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیەکانی هەناو زیاد دەکەن و پێویستە لەو کاتانەی هەوا خاوێن نیە خۆمان لەم وەرزشانە ببوێرین.

کەم ئاو بوونی لەش، دەرەتانێکی لەبار بۆ گەشەی نەخۆشیەکانی تایبەت بە هەوای پیس دەڕەخسێنێت و زانایانی تەندروستی خواردنەوەی ئاوی خاوێن میوەو سەوزەجات ە ڕێژەیەکی بەرز، وەکوو رێکارێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوەی هەوای پیس پێشنیار دەکەن.

دروستکردنی سەوزایی لە ناو ماڵ و شوێنی کارکردن رێکارێکی دیکەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەش و هەوای پیس، چونکە گیاو درەختەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە خاوێنکردنەوەی هەوادا هەیە.

پێشنیارێکی دیکەی شارەزایانی بواری تەندروستی و ژینگە ئەوەیە، لەوکاتانەی کە گەردیلەکانی (PM2.5) لە هەوادا ڕوو لە زیادوونن پێویستە لە رێجیمی خواردنماندا خۆراکی قورس وەلانێین و ئەو خۆراکانە بخۆین کە بە خواردنی سووک ناسراون.

بەکارهێنانی ئەسپری تایبەت بە خاوێنکردنەوەی لووت، لەو کاتانەی کە لەماڵ دەچینە دەرەوە یەکێکی دیکە لەو رێگایانەیە کە دەتوانێت ڕێژەی کاریگەرییە خراپەکانی هەوای ناپاک لەسەر لەشی مرۆڤ کەم بکاتەوە.

پوستێن ھەمان بەش