ئوسترالیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاو و ئاگردا

ئوسترالیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاو و ئاگردا

ئاگر هێشتا لە 25 ناوچەدا بڵێسە دەستینێت و رێگا سەرەکیەکانی 3 ویلایەتیش بەهۆی لافاوەو داخراون

پاش چەند حەوتوو ئاگر، 3 ویلایەتی ڕۆژهەلاتی ئوسترالیا گرفتاری لافاو بوون، لەم 3 پارێزگایەدا تەنیا لە ماوەی 12 کاتژمێردا 3 بەرانبەری رێژەی مام ناوەندی مانگێک باران باریوە.

بارینی بارانی بەخوڕ لە رۆژهەلاتی ئوسترالیا ئەگەرچی زۆربەی ئاگرەکەی ئەو ناوچانەی کوژاندەوە، بەڵام لەگەل خۆی کۆمەڵێک گرفتی نوێی ساز کرد.

بە پێی ئاژانسەکان لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە شەپۆلێکی باران بارین لە رۆژهەڵاتی ئوسترالیا دەستیپێکرد و لەماوەی 12 کاتژمێردا زیاتر لە 33 سانتیم باران باریوە. بەهۆی ئەم بارانە کەم وێنەیەوە ئوتوبانی نیوساتی وێڵز و رێگا سەرەکیەکانی ئەو ناوچەیە داخراون.

دەزگای کەشناسی ئوسترالیا رایگەیاندووە کە لافاو مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتووانی ناوچەکە دروست کردووەو هێزەکانی فریاکەوتن توانیویانە چەندین کەس لە مردن رزگار بکەن.

ئەم شەپۆلە باران بارینە لەکاتێکدا رۆژهەڵاتی ئوسترالیای گرتۆتەوە کەم ئەم ناوچەیە لە چەند حەوتووی رابردوودا لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەیەکی بەربڵاودا بەرەوڕو بووەو لانیکەم ئاگر لە 75 شوێنی ناوچەکەدا بەرببوو و لە ئەنجامدا کارەساتێکی سروشتی گەورەی خۆڵقاندبوو.

دەزگای کەشناسی ئوسترالیا رایگەیاندووە کە بارانەکە ژمارەیەکی زۆر لە ئاگرەکانی کوژاندۆتەوە بەڵام هێشتاش ئاگر لە 25 شوێندا بڵێسە دەدات و پەرە دەستینێت.

لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکانی ئوسترالیادا لانیکەم 28 کەس گیانیان لەدەستداوەو زیانیکی زۆریش بە سروشتی ئەو وڵاتە گەیشتووە. سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە کە کۆنترۆڵ کردنی ئاگرەکە رەنگە چەند مانگێک کاتی پیویست بێت.

پوستێن ھەمان بەش