عێراق بەدوای بەدیلەوەیە بۆ غازی ئێران

عێراق بەدوای بەدیلەوەیە بۆ غازی ئێران

هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق لە چەند حەوتووی ڕابردوودا بەشیوەیەکی بەرچاو دابەزیوەو کەرتی کارەبای تووشی کێشە کردووە.

ئاستی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوەو وەزارەتی کارەبای حکوومەتی بەغداد رایدەگەیەنێت بە دوای بەدیلێکین بۆ ئەوەی لەباتی ئێران غازی لێبکڕین.

رۆژنامەی سەباحی عێراقی ئەمڕۆ سێ شەممە 28/1/2020 لە زمانی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبای ئەو وڵاتەوە رایگەیاند ئێران بەهۆی کەمبوونی غازەوە ئاستی هەناردەکردنی ڕۆژانەی غازی بۆ عێراق بۆ  ملیۆن مەتری سێ جا کەم کردۆتەوە.

بەپێی ڕێکەوتنی نێوان تاران و بەغداد ئێران بەڵێنی داوە ڕۆژانە 50 ملیۆن مەتری سێ جا گاز هەناردەی عێراق بکات، ئەگەرچی ئەمساڵ ئەم بڕەی بۆ نیوە کەم کردەوە بەڵام ئەوەشی پێ دابین ناکرێت.

یەک لەسەر سێی کارەبای عێراق لە رێگای ئەو کارگانەوە بەرهەم دەهیندرێت کە بە غاز کار دەکەن و ئەمەش وایکردووە کە کەرتی کارەبا تووشی کێشەیەکی گەورەتر لە جاران ببێتەوە.

وەزیری نەوتی ئێران، بیژەن زەنگەنە گوتوویەتی کە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمەریکاوە ئێران ناتوانێ پارەی غازی هەناردەکراو بۆ عێراق وەربگرێت و ئاشکراشیکردووە کە عێراق بڕی 2 ملیارد دۆلار پارەی غاز بە ئێران قەرزدارە بەڵام بەهۆی گەمارۆکانەوە ناتوانێ پارەکە بدات.

عێراق لە کاتێکدا بەدوای بەدیلێک بۆ ئێران دەگەڕێت تا غازی لێبکڕێت کە کۆماری ئیسلامی لە بودجەی ساڵی داهاتووی خۆیدا پێشبینی زیادبوونی بڕی غازی هەناردەکراوی وڵاتەکەی بە ڕێژەی 4٪ کردووە.

بەپێی زانیاریی ئابووریناسانی ئێران، ئەو وڵاتە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی  بەکارهێنانی غازەوە بۆ گەرمکردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون، ئەو غازەی بەرهەمی دەهینێت بەشی هەناردە کردن ناکات و حکوومەتی تاران تەنانەت بۆ رەوانە کردنی غازی پێویست بۆ بەشێک لە کارگە پیشەسازی و بەرهەمهێنەرەکانی ناوخۆی وڵاتیش لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو بووەتەوە.

پوستێن ھەمان بەش