ژنراڵ بارزانی ساڵی 1967 پێشبینی دۆخی ئێستای کوردستانی کردبوو ـ 2

ژنراڵ بارزانی ساڵی 1967 پێشبینی دۆخی ئێستای کوردستانی کردبوو

وتارێکی مێژوویی ژنراڵ “مستەفا بارزانی” سەبارەت بە ئەرکی حزبی و حکومی لە کوردستان

گەڕانەوە بۆ مێژوو

لە ڕێکەوتی 17/4/1967دا کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لە “کانی سماق” لە بناری گەڵاڵە ساز کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا “مستەفا بارزانی” وتارێکی پێشکەش کرد. لە بەشی پێشوودا بڕگەیەک لەو وتارەمان بڵاو کردەوەو لێرەشدا بەشیکی دیکەی ئەو وتارە مێژوویە بڵاو دەکەینەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی ژنراڵ بارزانیدا هاتووە:

“پێویستە هەموو کەس بۆ ئەم شۆڕشە هەوڵ بدات، پێش لە هەموو کەس ئەمن، دواتر سەرجەم بەرپرسەکان و هەتا دەگاتە پێشمەرگەیەک و ئەندامێکی حیزبی نابیێت ئەمەمان لەبیر بچێت: ئەگەر دڵی گوندنشینێک، شوانێک، دوکاندارێک، ژنێک و منداڵیک عاجز بکەین، ئەگەر قسەی ناحەز بە تاکێکی ئەم میللەتە بڵێین، ئەگەر هێلکەیەک، مریشکێک یان هەر شتێکی دیکە بە غەدر و زوڵم لە میللەت بستێنین، پێویستە بزانین کە دەبینە دوژمنی خۆمان و دوژمنی میللەتی خۆمان.”

“ئەگەر دڵی میللەت لەگەڵ ئێمەدا نەبێت، هەزاران جار لە ئێستاش بەهیزتر بین، تێک دەشکێین و ناتوانین سەرکەوتوو بین.”

“ئەگەر دڵی میللەت لەگەل ئێمەدا بێت، دوژمن هەزاران جار هێزی زیاتری هەبێت، ناتوانێت ئێمە بشکێنێت، ئەگەر دڵی میللەت لەگەڵ ئێمە نەبێت وەڵاهی پێتان دەڵێم: ئێمە هەزاران جار لە ئێستاش بەهێزتر بین، تێک دەشکێین و ناتوانین سەرکەوتوو بین. ئەگەر ئیمە هەموومان پێکەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی کار نەکەین و ئەنانییەت و حەزلەخۆکردن لەگەڵمان بێت، لەراستیدا خزمەتی دوژمن دەکەین بۆ ئەوەی خۆمان لەناو ببەین.”

“برایان ئازیز! هەروەک من لە ساڵی 45 و لە ساڵی شەستەکاندا و بەردەوام گوتوومەو ئیستاش دەیڵێمەوە: ئێمە شەڕی عەرەب و کوردان ناکەین، نەک هەر بڵێم شەڕی عەرەبەکان ناکەم ،شەڕی هیچ نەتەوەیەک ناکەم. لەگەڵ هیچ میللەتێک لەسەر بنەمای ناو، ئەوە زەردە، ئەوە سوورە، ئەوە ڕەشە، ئەوە شینە، ئەوە سپیە، شەڕ ناکەم. کورد و عەرەب برای یەکترین و دەتوانن پێکەوە بە تەبایی و برایەتی و خۆشی و ئاشتی بژین. بەڵێ عەرەب برای گەورەیە و ئێمەش برای بچووک، ئێمە دەڵێین ئەوە ڕەوا نیە کە برای بچووک رووت و برسی بێت و نەتوانیت بخوێنێت و فێری هیچ شتێک نەبێت و نەتوانێت روانگەی خۆی لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی ماڵە هاوبەشەکەی دەرببڕێت و برا گەورە سەرجەم کەل و پەلەکانی ماڵەکەی بۆخۆی بردبێت! پێویستە دادپەروەری رەچاو بکرێت و برای چووکە بە مەزڵووم دانەنرێت و غەدری لێ نەکرێت. ئێمە دژایەتیی حکوومەت ناکەین ئەگەر حکوومەت نەکەویتە دەستی دز و حیزان.!

ئەوانەن کە خزمەتی دوژمنانی کورد و عەرەب دەکەن، ئێمە لە شۆڕشی خۆماندا بەرژەوەندیی عێراقمان دەوێت. سەرەتا بۆ عەرەبەکان و دواتر بۆ کوردەکان و بۆ سەرجەم خەڵکی عێراق (تورکمان، ئاشووری، ئەرمەن و هەر کەسێکی دیکە کە لە عێراقدا هەیە).

ئیمە دەمانەوێت حکوومەتێکی دادپەروەر و دیموکرات، دژە زوڵم و فرە لایەن بە هەڵبژاردنێکی ئازاد لە عێراقدا بگاتە دەسەڵات

یاسایەکی بەتەواوی دادپەروەرانەی هەبێت کە میللەت خۆیان و بۆ خۆیانی دابنێن، هەر رۆژەو عەسکەرێک نەڵیت: “قررنا مایلی” و بە حەزی خۆی و بە ئەنانییەت حوکم لەسەر گەلی عێراقدا بکات و میللەت نەوێرێت و نەتوانێت لێپرسینەوەی لێ بکات.

“ئێمە هێرشمان نەکردۆتە سەر کەس و هێرشیش ناکەینە سەر کەس، ئێمە پارێزگاری لە مافە شەرعیەکان و لە ماڵ و نامووس و ژیانی میللەتی کورد دەکەین. ئێمە قەد پێمان خۆش نیە خوێنڕشتن و کوشتن بکەوێتە نێوان دوو برای کورد و عەرەب، چوونکە شەڕ و کوشتنی کورد و عەرەب تەنها خزمەت بە دوژمنانی عێراق دەکات. ئەوکات ئیمە هیوادارین خاوەن عەقڵ و تێگەیشتووەکان بەسەر ئەو کەسانەدا زاڵ بن کە خوازیارن لەگەڵ ئێمەدا شەڕ بکەن. با رەحمێک بە گەلی عێراق بکەن و با چاویان بەدوای زوڵم و زۆر لە میللەتی کورد نەبێت، تاوەکوو بتوانین ئیمە هەموو گەلی عێراق بە خۆشی و برایەتی و ئاشتی و دادپەروەری پێکەوە بژین.

پوستێن ھەمان بەش