سەرۆکی مەزن، ئەفسانەی چیاکان

سەرۆکێکی مەزن، ئەفسانەی چیاکان

 سەربەخۆیی کوردستان، باشترین پاداش بۆ بارزانی نەمر و سەجەم رێبەران و شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستانە

لەمێژووی هەر گەلێکدا کەس یان کەسانێک هەن کە هەموو ژیانی خۆیان تەرخانی گەل و نیشتمان کردووە و هیچکات هیچ گەلێک لەم جیهانە ناتوانن لەبیریان بکەن. لە مێژووی گەلی کوردیشدا هێندێک کەس بەوشێوەیە بوونیان هەیە، مەلا مستەفا بارزانی کەسێکی دیارەو دەکرێ لە ریزی ئەو کەسانە دابنرێت.

دۆزی گەلێکی بندەستی بە دونیا ناساند

لەمێژووی گەلی کورددا زۆر داستانی بەرخۆدان، مێرخاسی، قارەمانی و شۆڕشگێڕانەی تۆمار کردوون، نە تەنها لە مێژووی گەلی کورددا بەڵکوو لە مێژووی جیهاندا جێگای تایبەتی خۆی هەیە. یەکێک لەو کەسانە کە پێشەنگایەتی ئەو داستان و قارەمانەتیانەی کردووە کە گەلی ژێردەستەوە و چەوساوەی کوردی بە دونیا ناساندووە و توانیویەتی دۆزی کورد و کوردستان لە پرسێکی شاراوەوە بکاتە دۆزێکی ئاشکرا و نێودەوڵەتی، بابی نەتەوەیی گەلی کورد، مەلا مستەفا بارزانی بوو.

مەلا مستەفا بارزانی، ناوی تەواوی “مستەفا کوڕی شێخ محەممەد بارزانی”یە. لە 14ی ئاداری ساڵی 1903 لە گوندی بارزان لەدایکبووە. هەر لەتەمەنی مێرمندالیەوە هەست بە چەوسانەوەو ژێردەستەیی گەلی کورد دەکات و هەر لە تەمەنی مندالیەوە واتە لە ساڵی 1905ی زایینیدا لەگەڵ دایکی خۆی و برا گەورەکەی عەبدولسەلام، بۆ ماوەی 9 مانگ لەلایەن ئوسمانیەکانەوە زیندانی دەکرێن.

بارزانی لە ژیانی خۆیدا چەندین قۆناخی سیاسیی دەرباز کردووە، هەرچەند ئەو لە باشووری کوردستان لەدایک بووە بەڵام ئەو لە لایەن هەموو کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بە کەسێکی شۆڕشگێڕ و پاک و کوردپەروەر دەناسرێت و لە روانگەی هەموو کوردانەوە بە مرۆڤێکی پاک و پیرۆز سەیر دەکرێت.

قۆناخەکانی کاری سیاسی سەرۆکی نەمر مستەفا بارزانی، زۆرن، بەڵام ئیمە بە کورتی باسی گرنگترین قۆناخە سیاسیەکانی ژیانی ناوبراو دەکەین. هەرچەندە ئەو زوڵمێکی مەزنە ئەگەر ئێمە وەها بیر بکەینەوە کە تەنها بۆ رۆژێک سەرۆکی نەمر توانیویەتی ژیانێکی راحەت و ئارام و دوور لە سیاسەتی هەبووبێت. ئەو لە تەواوی ژیانی خۆیدا لە سیاسەتدا ژیاوە بۆ ئەوەی بتوانێت مافەکانی گەلە بندەستەکەی خۆی بەدەست بێنێت. ئەمەش گرنگترین قۆناخەکانی ژیانی سەرۆکی نەمر بارزانیە:

  • لەساڵی 1919 لە شۆڕشی “شێخ مەحموودی حەفید” بەشداری دەکات و سەرکردایەتی هێزێکی 300 کەسیی پێ دەسپێردرێت. دواتر لەساڵی 1920 لەلایەن “شێخ ئەحمەد بارزانی” برای سەرۆکی نەمر مەلا مستەفاوە رەوانەی باکووری کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی هاوکاریی “شێخ سەعیدی پیران” بکات لە شۆڕشی باکووری کوردستاندا.

  • لە شۆڕشەکانی ساڵانی (1932 ـ 1931)دا بۆ بەرگریکردن لە بەرەکانی میرگەسوور و شێروان، دەبێتە فەرماندەی هێزێکی گەورەی پێشمەرگە لە دژی دەوڵەتی بەریتانیا، هەر لەو شەڕەدا بوو کە وەکوو فەرماندەیەکی سەربازی شارەزا و کارامە ناسرا.

  • لە ساڵەکانی 1943 بۆ 1945، بە فەرماندەیی بارزانی، هێزی بارزانیەکان شەڕ و بەرگریی دژوار و بەرچاویان لە دژی ئینگلیزیەکان و هێزەکانی دەوڵەتی عێراق ئەنجامداوە.

  • لە ساڵی 1946دا مەلا مستەفا بە هەزاران پێشمەرگەوە تێکەڵی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بووە و لەو کۆمارە نەتەوەیی ـ دیموکراتیەی کورددا، بارزانی دەبێتە فەرماندەی گشتیی لەشكری کۆمار و پلەی ژنراڵی وەردەگرێت.

  • لەساڵی 1946پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی بارزانی دادەمەزرێت.

کۆچی مێژوویی

  • لە ساڵی 1947 پاش رووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، مەلا مستەفا و 500 پیشمەرگەی بارزانیەکان لە سنووری 3 دەوڵەتی “ئێران، عێراق و تورکیا” بەشیواز و کۆچێکی مێژوویی روویان لە یەکێتی سۆڤیەتی کرد و لەگەل هەڤالەکانی بۆ ماوەی 12 ساڵان لەوێ مانەوە.

  • لە ساڵی 1958دا پاش رووخانی رێژیمی مەلەکی لە عیراق، بارزانی و زۆرێک لە هەڤاڵەکانی، گەڕانەوە وڵاتی خۆیان.

  • لە 1ی ئەیلوولی سالی 1961دا بەمەبەستی دەستەبەر کردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، شۆڕشی کورد بە سەرۆکایەتی بارزانی دەستی پێکرد.

  • پاش شەڕێکی دژوار و خەباتێکی دوورو درێژ لە 11ی ئاداری ساڵی 1970، بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و رێبەرانی کورد لە باشووری کوردستان، لەسەر ئەتۆنۆمی بۆ گەلی کورد رێکەوتنیان کرد، بەڵام رێژیمی بەعس خاڵەکانی پەیامی ئاداری جێبەجی نەکرد.

لە راستیدا مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت بە وردی و بە تەواوی لەسەر ژیان و خەبات و بەرخۆدانی سەرۆکی نەمر بارزانی بدوێت، ئەم ریزە نووسینانە زۆر کەمن و مرۆڤ ناتوانێت بە نووسینێکی وەها کورت باس لە سەروەری و مێژووی کەسێکی وا گەورە بکات.

مستەفا بارزانی سەرۆکێکی زانا، بە هەیبەت، کارزان، لێهاتوو و نەترسی گەلی کورد بوو. ئەو هاوڕێی نزیکی پێشەوا قازی محەممەد بوو لە کۆماری کوردستاندا، هەر لە کۆماری کوردستانەوە هەتا شۆڕشی ئەیلوول دوژمنانی گەلی کورد زۆرجاران هەوڵیاندا بە پیلانی جۆراوجۆر، بارزانی لەناو ببەن، بەڵام دوژمنان لە هیچکام لەو هەوڵانەیان نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بێنن. دواتر بە پیلانێکی نێودەوڵەتی و بە واژۆ کردنی پەیمانی قیزەونی “ئەلجەزایر” لە لایەک و لاوزابوونی سەرۆک بارزانی بەهۆی نەخۆشی شیرپەنجەوە لە لایەکی دیکەوە، دڵی بارزانی لەلێدان کەوت و تێکەڵی کاروانی پیرۆزی شەهیدانی کورد و کوردستان بوو.

نەخۆش کەوتنی رێبەری گەلی کورد

سەرۆکی نەمر مستەفا بارزانی، لەساڵی 1975دا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبێت و باری تەندروستیی تێکدەچێت. بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی دەچیتە ئەمەریکا، پاش بەربەرەکانێیەکی قورس لەگەل نەخۆشیدا، بارزانی لە رۆژی 1/3/1979 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگاتە کاروانی شەهیدان.

تەرمی پیرۆزی سەرۆکی نەمر لە ریکەوتی 5/3/1979، بە ئامادەبوونی زیاتر لە 300هەزار کەس لە هەر چوارپارچەی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیاکارانی بیانی لە شاری “شنۆ”ی رۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک دەسپێردرێت.

لە ئێستادا ئارامگەی سەرۆکی نەمر مستەفا بارزانی، لە گوندی “بارزان” و لە باشووری کوردستاندایە و هەموو ساڵێک لە ساڵڕۆژی کۆچ کرنیدا، دەبێتە جیگای لەخۆگرتنی وڵاتپارێزەرانی کورد لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستانەوە و ئەوە بۆتە نەریتیکی ساڵانە.

لە دڵی هەموو کورداندایە

“لێرەدا ئێمە دەڵێین ئەی مەزنترین مرۆڤ، ئاسوودە بنوو، تۆ ئەرکی خۆت بە باشترین شێوە جێبەجێ کرد. بۆ هەر کوردێک، و گەلەکەی و رۆڵەکانی، مورادێک و هیوایەکی لەوەی بەبەهاتر دەکرێ بهێڵدرێت؟ قەبری تۆ نووری لێ ببارێت و بەهەشتی بەرین جیگات بێت.”

خەبات، تێکۆشان، بەردەوامی و کەسایەتیی مەلە مستەفا بارزانی نەمر ئەمڕۆش  بۆ هەموو کوردانی جیهان جیگای ڕێز و پێزانینە.

مەلا مستەفا بارزانی، پێشمەرگەیەک بوو، فەرماندەیەک بوو، ڕێبەرێک بوو، دڵسۆزێک بوو، سەرۆکێک بوو، لە مەیدانی ناودەوڵەتیدا جیگای تایبەتی خۆی هەبوو.

مەلا مستەفا بارزانی نەمر، سەرۆکی حیزبی خۆی، میللەتی خۆی و وڵاتی خۆی بوو. خەبات و تێکۆشانی ئەو، خەبات و تێکۆشانی ئێمەیە. سەرۆکی نەمر لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا دەژیت، لە دڵی هەر کوردێک و کوردستانییەکدا سەرچاوەی دلسۆزی، باوەڕی، نیشتمانپەروەری، سەبر، خەبات و رێزدارییە. ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەتوانێت خەڵاتێکی گەورە بێت بۆ بارزانی نەمر.

پوستێن ھەمان بەش