نرخی نەوت گەیشتە 28.3 دۆلار

نرخی نەوت گەیشتە 28.3 دۆلار

ئەمە کەمترین نرخە کە لەساڵی 1991ـەوە بەرمیلێک نەوتی پێ فرۆشرابێت.

رۆژی چوارشەممە نرخی نەوت دیسان دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نزمترین ئاستی لە بازاڕەكانی جیهاندا تۆماركرد، بەهای هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت بە 28 دۆلار و سێ سەنت مامەڵە کرا، ئەمە کەمترین نرخە کە لەساڵی 1991ـەوە بەرمیلێک نەوتی پێ فرۆشرابێت.

بە گوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە كاتژمێر 06:54 بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 18/3/2020، نرخی یەك بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەكانی جیهاندا بەڕێژەی 1.36٪ دابەزینی تۆماركرد و هەر بەرمیلێكی بە 28 دۆلار و سی سەنت مامەڵەی پێوەدەكرێت.

هاوكات نرخی یەك بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێكساس بەڕێژەی 2.23٪ رووی لە دابەزینی كرد و گەیشتە 26 دۆلار و 72 سەنت.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەكەن كە تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، كاریگەریی زۆری كردووەتە سەر دابەزینی نرخی خاوی برێنت لە بازاڕەكاندا، جگە لەوەش زیانی زۆری بە ئابووری و بازاڕەكان گەیاندووە.

دوێنێ‌ سێشەممە سعوودیە رایگەیاندبوو كە سوورە لەسەر ئەوەی لە ماوەكانی داهاتوودا، هەناردەكردنی نەوت زیاد بكات بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا كە ئەوەش هەڕەشەیە بۆسەر خستنەڕوو.

لەئێستادا سعوودیە، حەوت ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا هەناردە دەكات.

بەپێی دوایین ئامار كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوكراوەتەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)وە لە جیهان گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ حەوت هەزار و 991 كەس و ژمارەی تووشبوانیش بە ڤایرۆسەكە گەیشتووەتە 198 هەزار و 971 كەس كە تا ئێستا 82 هەزار و 799کەسیان چاكبوونەتەوە.

پوستێن ھەمان بەش