راستییەکانی کەمپی مەخموورو پیلانە قێزەونەکانی پەکەکە ـ بەشی دووەم

راستییەکانی کەمپی مەخموورو پیلانە قێزەونەکانی پەکەکە ـ بەشی دووەم

پەکەکە پێیوابوو پێشمەرگە بەرانبەر حەشدی شەعبی تێک دەشکێت، قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێت و ئەویش بە دەسەڵات دەگات

 هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێدا، لەگەڵ هێرشی تیروریستانی داعش بۆ سەر باشووری کوردستان، پەکەکەش ستراتجی خۆی لەو بەشەی کوردستان گۆڕی و ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە فەرمانی لەسەر پێکهێنانی هەرێمێک بەناوی “خەتا ناڤین” (هێڵی ناوەڕاست)، دەرکرد، کەمپی مەخموور لەو خەتەدا بە گرنگترین نوقتە دێتە ئەژمار. لەم بەشەدا هەوڵ دەدرێت بارودۆخی کەمپەکە پاش هێرشەکانی داعش زیاتر باس بکەین.

پارتی کرێکارانی کوردستان بەرلەوەی لە تەباخی 2014دا هێز رەوانەی کەرکووک بکات، گریلاکانی لە مەخموور جێگیر کرد و هاوکات دانیشتووانی کەمپی مەخمووریشی لە ژمارەیەک شانەی سەربازیدا رێکخست.

پاش تەباخی 2014 و کاتێک داعش پەلاماری کەمپی مەخمووری دا، پارتی کرێکارانی کوردستان دانیشتووانی کەمپەکەی رەوانەی شوێنێک لە بناری چیای قەندیل و لە شارۆچکەی چوارقوڕنە کرد. دیارە لەو کاتەدا پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیاری بە پەکەکە کردبوو کە دانیشتووانی کەمپی مەخموور بۆ شوێنیک لە نزیکی هەولێر بگوازنەوە و پێی گوتبوون کە بەهۆی هاوسنووربوونی کەمپەکە لەگەل ناوچە عەرەب نشینەکان رەنگە لەلایەن داعشەوە پەلامار بدرێن. بەڵام پەکەکە گوێی بە پێشنیارەکای پارتی نەداو و دواترو دوای هیرشەکانی داعشیش بۆ مەخموور، دانیشتووانی کەمپەکەی بۆ پارێزگای سلێمانی گواستەوەو لە چوارقوڕنە جێگیری کردن.

پاش 2 مانگ لە جێگیر کردنیان لە چوارقوڕنە، پەکەکە دانیشتووانی کەمپی مەخمووری رازی کرد یان باشتر بڵێین ناچاریان دەکات جاریکی دیکە بگەڕێنەوە مەخموور.! بۆ پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەمپی مەخموور لە چوارقوڕنەوە بۆ مەخموور، “رەزا ئاڵتوون” یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی پەکەکە و یەکێک لە بەڕیوەبەرانی پێشووی کەمپەکە، ئەرکدار کرا تا جێبەجێی بکات.

پرسیار ئەوەیە لەبەرچی پەکەکە ئاوارەکانی کەمپی مەخموور دەگەڕینێتەوە شوێنێک کە پڕاوپڕە لە مەترسی؟

رێکەوتنی جەمیل بایک و حەیدەر عەبادی لەژێر چاودێری قاسم سلێمانی

لە سەردەمی شەڕی داعشدا، پەکەکە رۆژانە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا لە جموجووڵ و چالاکیدا بوون. لەژێر چاودێری ئێران و بە پشتیوانی و پارێزگاریی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت فەیلەقی قودسی ئەو سپایە، رێکەوتنێک لەنێوان حکوومەتی عێراق و پارتی کرێکارانی کوردستاندا واژۆ دەکرێت. لە سنووری نێوان عیراق و سوریاوە بگرە، لە شنگال  تا دەگاتە خانەقین، لەسەر زۆر پرۆژەی گەورە رێککەوتن، بەڵام ئەوەی لێرەدا ئێمە باسی لەسەر دەکەین ئەو پلان و رێکەوتنانەیە کە لەسەر ناوەندی مەخموور کراون.

پارتی کرێکارانی کوردستان دەیەویست کە هێزێکی سەربازیی پێویست و تایبەت بۆ هەرێمی “هێڵی ناڤین” دابنێت و خوازیاری بەفەرمی ناسینی ئەم هێزە لەچوارچێوەی یاساکانی عێراقدا بوو. پەکەکە پێی وابوو بەم شێوەیە دەتوانێ کارتێکی بەهێزی بەرانبەر بە حکوومەتی هەرێم و لایەنەکانی باشووری کوردستان لەبەردەستدا بێت و هەرکات بیهەوێت لە رێگای بەکارهێنانی ئەم کارتەوە حکوومەتی هەرێم و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ناچار بکات کە مل بۆ بەرنامەکانی پەکەکە بدات. پەکەکە بۆ سەرخستنی بەرنامەکانی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستاندا هاوپەیمانێیەکی پتەوی دروست کرد. رێکەوتنەکانی پەکەکە لە نێوان نوێنەرانی “حەیدەر عەبادی”، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق و نوێنەرانی جەمیل بایک، لەژێر چاوەدیری فەیلەقی قودسی سپای پاسدارانی ئیران و بە ئەندازیاریی قاسم سلێمانی فەرماندەی ئەوکاتی فەیلەقی قودس پێکهاتبوو.

  ئەگەرچی پەکەکە لە بەرانبەر ئەو هاوکاری و رێکەوتنەی لەگەڵ حەیدەر عەبادیدا، هاوکاری لۆجستیکی و سەربازیی لە عێراق وەردەگرت بەڵام ئامانجی سەرەکی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەوە بوو کە هێزەکەی لە لایەن حکوومەتی بەغداوە بە فەرمی بناسرێت و مووچە و کەرەستەی سەربازیی بەردەوامی لە حکوومەتی ناوەندیەوە بۆ دیاریی بکرێت. بۆیە لە هەموو شوێنەکان ناوی هیزەکانی بە ناوی هێزی پاراستنی ئەو شوێنەوە ناو دەنا و دەستی بە رێکخستن دەکرد. ناوەندی چالاکییەکانی پەکەکە کەرکوک و شنگال بوو. هێزی یەپەشە (یەکینەکانی پاراستنی شنگال) وەکوو بەشیک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە فەرمی کران و هەر چەکدارێکی ئەو هێزە مانگانە بڕی 370 دۆلاری وەکوو مووچە لە بەغداوە بۆ بەڕی دەکرا. لەچوارچێوەی ئەو هێزەدا 40 لاوی شنگالی و 250 گریلای پەکەکە بوون بە بەشێک لە حەشدی شەعبی، ئاڵای عێراقیان بەرز کردەوەو بۆ 370 دۆلار خۆیان خزاندە ژێر ئاڵاکەی عێراق.

پەکەکە بە بیانوی شەڕکردن لەگەڵ تیروریستانی داعش، هێزی زیاتری لە ناوچەکە کۆ کردەوەو لەسەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری چیای مەخموور هێزەکانی بڵاوە پێکردن. پەکەکە لەگەڵ حکوومەتی بەغداد لەسەر پێکهێنانی هێزێکی 500 کەسی لە مەخموور دیدار و گفتوگۆیان کردبوو. دوو لە سەر سێی ئەو هێزە لە گریلاکانی پەکەکە و ئەوی دیکەش لە لاوانی مەخموور پێکهاتبوون. ئەم هێزە ناوی یەکینەکانی پاراستنی مەخمووری لەسەر دانرا. یەکینەکانی پاراستنی مەخموور و یەپەشە دەیانەویست لە پرۆسەی کۆنترۆڵ کردنەوەی مووسڵ و پاک کردنەوەی لە تیروریستانی داعشدا بەشداری بکات و بەڵێن و وەعدەی زۆری نهێنی و ژێربەژێر لەسەر ئەو مەسەلەیە لە ئارادابوون.

لە کاتی شەڕو پێکدادانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە مەخموور، گریلاکانی پەکەکە چیان کرد؟

لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی بەرنامە وپلانی جۆراوجۆری بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی مووسڵ هەبوو، رێگا بە پەکەکە نەدرا بەشدار بێت. هێزی پاراستنی گەلی مەخمووریش هیچ فەرمییەتێکی نەبوو بۆیە نەیدەتوانی بەشداریی بکات. سەرەڕای ئەوانەش پەکەکە هێزێکی گەورەی سەربازیی هێشتاش هەر لە مەخموور جێگیر کردووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت لەگەڵ حکوومەتی ناوەندیی عێراق پێوەندییان هەیە. ئەو هێزەی پەکەکە لە مەخموور لە راستیدا بۆ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەوێ جێگیر نەکراوەو بەڵکوو پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی عێراق و زێرەڤانی لە حکوومەتی ناوەندیی بەغداد دەکات.

پاش ریفراندۆمە میژووییەکەی 25ی ئەیلوولی 2017، هێزەکانی حەشدی شەعبی لەسەر خەتی مەخموور بۆ داگیر کردنی هەولێر هێرشەکانیان دەست پێکرد، بە دووری 6 کیلۆمەتر لە کەمپی مەخموور لە نێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگەی کوردستاندا شەڕی گەورە دروست بوو. لە رۆژی 24/10/2017دا دەستیپێکرد و بۆ ماوەی حەوتوویەک بەردەوام بوو. لەو شەڕەدا پێشمەرگە شەهید بوون، لەناو تۆز و غوباری ئەو شەڕەدا 350 گریلای پەکەکە لە رێگای دووربینەوە لە مەسافەیەکی نزیکەوە سەیری شەڕەکەیان دەکرد.

پەکەکە وای حیساب لەسەر ئەو شەڕە کردبوو کە “هێزی پیشمەرگەی کوردستان لە بەرانبەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبیدا تێک دەشکێت و قەوارەی هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت و پەکەکە وەکوو هیزێکی دەسەڵاتدار خۆی دەسەپێنێت.” رەنگە زەحمەت بێتە بەرچاو بەڵام پەکەکە ئەو شەڕەی وەکوو خەونێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە باشووری کوردستاندا دەبینی. ئەوەی لە شنگالدا پێکهات ئەوە بوو، پێشمەرگە گەڕایەوە سنوورەکانی پێشووی خۆی و یەپەشەی سەر بە پەکەکەش بە فەرمی پێشوازیی لە حەشدی شەعبی کرد و لە ئێستادا لە نیشتیمانی کوردانی رەسەن، لە نیشتمانی ئێزد خان و لە شنگالدا لەباتی ئاڵای کوردستان ئاڵای عێراق دەشەکێتەوە.

پێشمەرگەکانی کوردستان لە “پردێ” و “سحێلا” بەرگرییەکی زۆر گەورەو مەزنیان ئەنجامداو سەرجەم پیلانەکانی نەیاران و دوژمنانی کوردیان کردە بڵقی سەر ئاو، کەچی پەکەکە هێشتاش دەیهەوێت کەمپی مەخموور وەکوو ناوەندێک بۆ رێبەرایەتی کردنی بەرنامەکانی دژ بە حکوومەتی هەریمی کوردستان بەکار بهینێت.

پوستێن ھەمان بەش