عێراق بەرەو ئیفلاس بوون دەڕوات

عێراق بەرەو ئیفلاس بوون دەڕوات

داهاتی نەوتی عێراق لە مانگی 3دا بە ڕێژەی 60٪ کەمی کردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لە راگەیەندراوێکدا داهاتی نەوتی لە مانگی ئاداردا ئاشکرا کرد و رایگەیاند داهاتی نەوت لەو وڵاتەدا بە ڕێژەی 60٪ کەمی کردووە.

عاسم جیهاد، وتەبیژی وەزارەتی نەوتی عێراق ، ئەمڕۆ چوارشەممە 1/4/2020 لە لێدوانێکدا سەبارەت بە بڕی نەوتی فرۆشراوی مانگی 3ی 2020، رایگەیاند: “داهاتی عێراق لە فرۆشی نەوت لە مانگی ئاداردا 2 ملیارد و 988 ملیۆن دۆلار بووە”.

بە وتەی عاسم جیهاد ئەم ڕیژەیە بەراورد بە مانگی شوبات بە رێژەی 60٪ کەمی کردووە.

بەپێی ڕاگەیاندنەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە مانگی 3دا نزیکەی 105 ملیۆن بەرمیل یان بۆشکە نەوت بەرهەمهێنراوە، لە کاتێکدا لە مانگی دووی ڕابردوودا عێراق 98 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەش نزیکەی 5 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.

وتەبیژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتیشی لە مانگی سێی ئەمساڵدا هەر بەرمیل نەوتی عێراق بە 29 دۆلار فرۆشراوە. لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا، نرخی نەوت هێندەی ئێستا دانەبەزیوە.

عێراق بە دووهەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوت دادەنرێت لە ڕێکخراوی ئۆپیکدا و ڕۆژانە نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمی هەیە.

حکوومەتی عێراق لە دانانی بودجەدا پشتی بە داهاتی نەوت بەستووەو ئەم داهاتە 90٪ی بودجەی وڵاتەکە پێدێنێت. لە ساڵی 2019 دا بودجەی عێراق 112 ملیار دۆلار بووە.

هێشتاش عێراق لە بەرنوسی بودجەی ساڵی 2020دا پشتێکی گەورەی بە داهاتی نەوت بەستوە و وەهایشی داناوە هەر بەرمیلە نەوتێکی خاو بە 56 دۆلار بفرۆشێت، لە کاتێکدا لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی یەک بەرمیل نەوت نزیکەی 25 دۆلارە.

شارەزایانی ئابووری بە ئاژانسی فرانس پریسیان راگەیاندووە کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19 و دابەزینەی نرخی نەوت و کەمی خواستی نێونەتەوەیی بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی بەغداد، دەتوانێت ئابووری عێراق بخاتە لێواری کارەساتێکی گەورە و بەرەو ئیفلاس کردنی ببات. حکوومەتی بەغداد ناچار بکات ڕێوشوێنی تایبەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان بگرێتەبەر.

پوستێن ھەمان بەش