سیستەمی موشەکی بەرگری پاتریۆت لە هەولێر و عێراق

سیستەمی موشەکی بەرگری پاتریۆت لە هەولێر و عێراق

کۆماری ئیسلامیی ئێران، دانانی ئەو سیستەمە دژە مووشەکیانە بە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت

ئاژانسی voa ئەمەریکا رایگەیاند وڵاتەکەی پرۆسەی جێگیر کردنی سیستەمی موشەکی بەرگری پاتریۆتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە، بە پێی ئاژانسەکە چەند سیستەمێکیان جێگیر کراون و ژمارەیەکی دیکەش لە کویتەوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق و بەم نزیکانە جێگیر دەکرێن.

بە پێی ئاژانسەکە ئەم هەنگاوەی ئەمریکا پاش نزیکەی 2 مانگ لەو هێرشە موشەکیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران دێت کە تێیدا بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و هەرێمی باشووری کوردستان کرابوونە ئامانج.

ئەگەرچی دەگوترێت لە پاش ئەو هێرشە موشەکییانەوە، واشنگتۆن و بەغداد لە بۆ دانانی سیستەمی موشەکی بەرگری پاتریۆت لە دانوستاندندان، بەڵام باس لەوە ناکرێت ئایا گەیشتنی ئەو موشەکانە بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن بووە یان نا.

ئەگەرچی پێشتر عێراق دانانی ئەو بنکە موشەکیانەی ڕەت دەکردەوە بەڵام کاربەدەستێکی لەشکری ئەمریکا و هەروەها کاربەدەستێکی لەشکری عێراقیش کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی “فرانس پرێس”یان راگەیاندووە یەکێک لەو سیستەمە موشەکیانە لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتۆتە بنکەی عەین ئەلئەسەد و سەرقاڵی جیگیر کردنین و هەروەها سیستەمێکی تریشیان گەیشتۆتە بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای هەولێری پایتەختی هەریمی باشووری کوردستان و پرۆسەی جێگیرکردنەکەی دەستی پێکردووە.

بەپێی لێدوانی کاربەدەستە لەشکرییەکەی ئەمریکا، دوو یەکەی تری سیستەمی موشەکی بەرگری پاتریۆت، هێشتا لە وڵاتی کوەیتن و بڕیارە بەم نزیکانە بگوازرێنەوە بۆ عێراق و لەو وڵاتە جیگیر بکرێن.

هەڵسوکەوتەکانی ئەمەریکا لە عێراق حکوومەتە ئیسلامییەکەی تارانی تەنگەتاو کردوووەو کۆماری ئیسلامیی دانانی سیستەمی دژە مووشەکی پاتریۆت  لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەکوو هەڕەشە و مەترسی بۆسەر خۆی دەبینێت.

پوستێن ھەمان بەش