ئەڵمانیا: حیزبوڵڵای لوبنان رێکخراوێکی تیرۆریستییە

ئەڵمانیا: حیزبوڵڵای لوبنان رێکخراوێکی تیرۆریستییە

کاربەدەستانی ئاسایشی ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، حیزبوڵڵا زیاتر لە 1000 ئەندامی لەو وڵاتەدا هەیە.

ئەڵمانیا، حیزبوڵای لوبنان کە ئێران پشتیوانی لێدەکات وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت و هەموو جموجۆڵێکی ئەو رێکخراوە لەسەر خاکی ئەڵمانیا قەدەغە دەکات.

ئاژانسی دویچە وێلەی ئەڵمانیا رایگەیاند حکوومەتی ئەڵمانیا، حیزبوڵڵای لوبنانی خستە لیستی رێکخراوە تیروریستیەکان و چالاکییەکانی ئەو رێکخراوەی لە وڵاتەکەیدا قەدەخە کردووەو بڕیاری دەستگیر کردنی ژمارەیەک لە چالاکاکانی ئەو رێکخراوەشی دەرکردووە.

هایکۆ ماس، سەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دەنووسێت: “حیزبوڵا هەڕەشەی بەکارهێنانی توندوتیژی و تێرۆر دەکات و هاوکاتیش بەردەوامە لە بەهێزکردنی خۆی لە ئەڵمانیادا و پێویستە بۆ چارەسەرکردنی جموجۆڵە تاوانکاری و تێرۆریستانەکەی حیزبوڵا سەروەری یاسا ڕەچاو بکەین.

هۆرست زیهۆفەر گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە هەژماری خۆی لە توویتەر دەڵێت، ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بە راوەدوونان و دەستگیر کردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزبوڵڵا لەلایەن پۆلیسەوە دەستی پێکردووەو هێزە ئەمنیەکان هەڵیانکووتاوەتە سەر ئەو گومانلێکراوانەی کە پەیوەندیان بە حیزبوڵڵاوە هەیە.

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە کە ئەڵمانیا ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە کاتەکانی بەیانی و بەر لە خۆرهەڵاتن ئەنجامداوە و پۆلیسی ئەڵمانیا زیاتر تیشک دەخەنە سەر شارەکانی بەرلین، دۆرتمۆند، برێمێن و مونستێر بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئەندامانی ئەو رێکخراوە لوبنانیە.

حزبوڵڵای لوبنانی میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبە. حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو میلیشیایە بەردەوام رایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.

بە تیرۆریست زانینی رێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنان لە 2019ـەوە لە پلان و بەرنامەی حکومەتی ئەڵمانیادا هەیە، ئەمە دوای هەستکردن بە زیادبوونی کار و چالاکییەکانی کەسانی سەربە بزوتنەوەکە لەو وڵاتەدا. هاوکات پەرلەمانی ئەڵمانیا مانگێک دەبێت هۆشداریی داوەتە حیزبوڵڵای لوبنان و ئەو رێکخراوەی لە ئەنجامدانی هەر چەشنە چالاکیی و کردەوەیەکی سیاسی و سەربازی ئاگادار کردۆتەوە.

 کاربەدەستانی ئاسایشی ئەڵمانیا لەوبڕوایەدان نزیکەی 1050 کەس لە وڵاتەکەدان و ئەندامی باڵێکی توندڕەوی ناو حزبوڵان.

پێشتریش بەریتانیا بڕیارێکی هاوشێوەی داوە و وەزارەتی دارایی بەریتانیا ڕایگەیاند هەموو باڵەکانی حیزبوڵای لوبنانی خراونەتە ناو لیستی تێرۆریستانەوە و تەواوی دارایی حزبوڵاشی سڕ کرد. بەپێی یاسای بەریتانیا هەر کەسێک ئەندامی حزبوڵابێت، دەشێت تا10 ساڵ زیندانی بکرێت.

ئەمریکا و ئیسرائیل حزبوڵایان بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستی داناوە، هاوکات یەکێتی ئەوروپاش دەمێکە باڵە سەربازییەکەی حیزبوڵڵای خستووەتە لیستی تیرۆرەوە و لەوبڕوایەشدایە کە باڵی سیاسی ئەو بزووتنەوەیە هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری دارایی داوە و لە رێگەیەوە سەرنجی ئەندامی نوێی لە ئەوروپا بۆ خۆی راکێشاوە، بە گوتەی بەرپرسانی ئەوروپی، “مەبەستیانە ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی لە ئەوروپا بڵاوبکەنەوە”.

پوستێن ھەمان بەش