سەعید گاباری مەزن كۆچی دواییكرد

لە تەمەنی 8 ساڵییەوە بینایی چاوەکانی لەدەستداوە، لە حەفتاکانەوە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە و 4 هەزار و 712 گۆرانی هەیە
ھونەرمەندی ناوداری كورد سەعید` گاباری، ماوەی حەوتوویەک بوو لەبەر تێکچوونی باری تەندروستیی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لە یەكێك لەنەخۆشخانەكانی هەولێر لەژێر چاودیریدا بوو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەەشەممە 4/5/2020، كاتژمێر 4:30 بەرەبەیانی ھونەرمەندی مەزنی كورد سەعید گاباری لە تەمەنی 64 ساڵیدا لەیەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری ھەولێر كۆچی دوایی كرد.
بەپێی زانیاری ئاژانسەکانی هەواڵ، بڕیاربوو ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، هونەرمەند سەعید گاباری بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری، بە فڕۆكەیەكی تایبەت رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا بكرێت.
هونەرمەندی گەورەی کورد سەعید گاباری لە 13ی نیسانی ساڵی 1956دا لە گوندی خربێ کەژێ سەر بە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان لەدایکبووە.
گاباری مەزن لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە بینایی چاوەکانی لەدەستداوە، لە ساڵی حەفتایەکانی سەدەی رابردووەوەو دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە. لە ساڵی 1980ـەوە هاتووەتە باشووری کوردستان و بە هونەرەکەی شانبەشانی پێشمەرگە جەنگاوە، زۆرترین تێکستی گۆرانییەکانیشی هی هۆزانڤانانی ناوداری کورد جگەر خوین و تیرێژ بووە. خاوەنی چوار هەزار و 712 گۆرانی بووە.
ناوبراو لە قۆناغە جیاوازەكانی شۆڕشەكانی كورد رۆڵی بەرچاوی ھەبووە و چەندین ساڵ خزمەتی بە گەل و نەتەوەكەی كردووە، چەندین جاریش بەھۆی ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لەلایەن دوژمنانی كوردەوە تووشی ئازار و ئەشكەنجە بووەتەوە. گۆرانییەكانی كاریگەری گەورەیان لەسەر ورەی پێشمەرگە و ھاووڵاتییانی كورد بەرامبەر دوژمنانی كورد ھەبووە.
تەرمهكهی سهعید گاباری، لەسەر وەسێتی خۆی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گۆڕستانی مەلا ئۆمەری شاری هەولێر ئەسپەردەی خاک کرا.