“زیاتر لە 1٪ی دانیشتووانی جیهان پەنابەرن”

"زیاتر لە 1٪ی دانیشتووانی جیهان پەنابەرن"

لەرۆژی جیهانیی پەنابەراندا، UN هەر کردارێکی بەلاوە گرنگەو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش هیواخوازە جیهان پەنابەرانی لەیاد بێت

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران پەیامی ڕۆژی جیهانی پەنابەرانی ئەمساڵی لەژێر ناوی “هەمو کردارێک گرنگە” بڵاو کردەوە، هاوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان رایدەگەیەنێت هیوادارم جیهان پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئاوارەکانی پارێزگاکانی عێراقی لەبیر بێت، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.

كلمتاین نیکوالا سەلامی، بەڕێوەبەری UNHCR رایگەیاند شەڕو ئاژاوە، برسێتی و خراپی باری ئابوری بووەتە هۆی کۆچکردنی نزیکەی 80 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش بەرانبەر بە 10ساڵی ڕابردوو، دووقات زیادی کردووە.

بەڕێوەبەری UNHCR، دەشڵێت تەنها لە ئەفریقیا، بەهۆی شەڕو پێکدادانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، بۆرکینا فاسۆ و ناوچە بیابانییەکان نزیکەی 6 ملیۆن و 300 هەزار پەنابەر زیادیان کردووە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زمانی  بەڕێوەبەری UNHCRـەوە ڕاگەیاندووە: “ئێمە لەمڕۆدا کۆچکردنێکی  زۆرەملێی بێ سنوور دەبینین، کە نزیکەی 80 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارە بوون.”

لە کاتێکدا سەدا یەکی دانیشتووانی  گۆی زەوی ئاوارە بوون و وەکوو پەنابەر دەژین کە ئاستەنگەکانی پەتای کۆرۆنا پێڕاگەیشتن بە دۆخی پەنابەرانی زۆر ئەستەمتر کردووە.

بە وتەی سەلامی لە ڕۆژی جیهانی پەنابەراندا ئەمساڵ پەیامیان ئەوەیە کە: “دەتوانین پێکەوە گۆڕانکاری گەورە ئەنجام بدەین و هەمو کردارێکیش گرنگی خۆی هەیە.”

هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان لە تویتێکدا بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە، هیوای خواستووە جیهان ئەو پەنابەرانەی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ئاوارەکانی پارێزگاکانی عێراقی لەبیر بێت، کە لە هەرێمی کوردستاندا گیرساونەتەوە.

شایانی باسە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 100 هەزار پەنابەر و ئاوارەیە پەنا داوەو سەرۆکی حکومەتی هەرێمێیش پێی وایە گەڕانەوەیای ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و يارمەتیی داراییە بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم بتوانێت زەمینەخۆش بکات تا ئاوارەکان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان بەمچەشنەیە:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە میوانداریکردن و پێشکەشکردنی پێداویستی بۆ ملیۆنێک و سەد هەزار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان و سوریا و ئاوارەکانی پارێزگاکانی عێراق . لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا، هیوادارم جیهان ئەوانی لە یاد بێت . پێویستیمان بە هاوکاری نێودەوڵەتی و يارمەتیی داراییە بۆ ئەوەی زەمینەخۆش بکەین تا بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە بگەڕێننەوە ناوچەکانیان.

پوستێن ھەمان بەش