34٪ ی چەک و چۆڵی هەناردەکراوی ئەڵمانیا، فرۆشراوەتە تورکیا

34٪ ی چەک و چۆڵی هەناردەکراوی ئەڵمانیا، فرۆشراوەتە تورکیا

 تانک، کەشتی و فڕۆکەی جەنگی، ئوتۆمبێلی پاک کردنەوەی مین و زرێپۆش لەو کەرەستە سەربازیانەن کە تورکیا لە ئەڵمانیای کڕیون

ئاژانسەکانی ئەلمانیا ئاشکرایان کرد کە لە ساڵی 2019شدا بۆ دوو ساڵ لەسەر یەک، تورکیا پلەی یەکەمی لە کڕینی چەکو چۆڵی ئەڵمانیا هەبووەو زیاتر لە یەک لەسەر سێی ئەو چەکوچۆڵەی کە ئەلمانیا هەناردەی کردووە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە کڕدراون.

بڵاوکراوەی “دی وۆڵت”ی ئەلمانیا ئەمڕۆ سێ شەممە 23/6/2020، لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد کە ئەلمانیا لە ساڵی 2019دا بڕی 334 ملیۆن و 600 هەزار ئێڤرۆ چەکوچۆڵ و کەرەستەی سەربازیی بە تورکیا فرۆشتووە.

زانیاریی راپۆرتەکە پشتی بە بەڵگەنامەیەکی نهێنی وەزارەتی دارایی ئەلمانیا بەستووە کە لە دواتر لە ئاژانسەکانی هەواڵی ئەڵمانیادا بڵاو کراوەتەوە. بەپێی ئەم بەڵگەیە ئەلمانیا لە ساڵی 2019دا بایی 823 ملیۆن و 600 هەزار ئێڤرۆ چەک و کەرەستەی سەربازیی فرۆشتووە.

داگیرکرانی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیا و هەروەها هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، ناڕەزایەتی بەشیکی بەرچاو لە حیزبەکان و کۆمەڵگای ئەڵمانیای لەسەر فرۆشتنی چەک و چۆڵ بە تورکیا گرتۆتەوە.

چاودێرانی سیاسی و سەربازیی ئەڵمانیا لەوبڕوایەدان کە لەبەر ئەوەی عەقدی کڕینی هێندێ کەرەستەی سەربازی پێشتر واژۆیان لەسەر کراوە و ئەمساڵ دەستی تورکیا دەگرێت، بۆ ساڵی 2020 پێشبینی ناکرێت رێژەی فرۆشی چەکی ئەڵمانیا بە تورکیا کەم بکات بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا حکوومەتی بەرلین ناچار دەبێت پێداچوونەوەیەک بە مامەڵە سەربازییەکانی لەگەل تورکیادا بکات.

تانک، کەشتی و فڕۆکەی جەنگی، ئوتۆمبێلی تایبەت بە دۆزینەوەی مین، هاوەن هاوێژ و زرێپۆش لەو کەرەستە سەربازیانەن کە تورکیا لە ئەڵمانیای کڕیون.

پوستێن ھەمان بەش