“پەکەکە منداڵەکەمی دزی، کە ویستیشی هەڵبێت کوشتیان”

"پەکەکە منداڵەکەمی دزی، کە ویستیشی هەڵبێت کوشتیان"

پەروەردەی ئیدئۆلۆجیکی منداڵان بەشێکی ئەساسی لە بیروبۆچوونی ئۆجەلان و پەکەکە پێکدێنێت کە بە فەلسەفەی ئاپۆچێتی ناوی دەبەن

نووسین: کارۆ هەورامان

بەشی سێهەم

بڵاوبوونەوەی هەواڵی رفاندنی کچێکی 13 ساڵانی خەڵکی سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر راگەیاندنی هەواڵی گیان لەدەستدانی بە بنەماڵەکەی لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، شۆکێکی دیکە بوو کە لەسەر مەترسیداربوونی پیلانەکانی پەکەکە و هاوپەیمانەکانیەوە، جاریکی دیکە پەیکەری رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند. لە کردەوەکە ناخۆشتر ئەو پاساوانەن کە رێڕەوانی هزرە خواروخێج و دژە گەلییەکانی ئاپۆ بۆ کردەوە دژی ئینسانیەکانی حیزبەکەیانی دەهێننەوە. شوێن کەوتووانی پەکەکە لەباتی داوای لێبوردن و دانپێدانان بە هەڵەکانیان، وەکوو هەمیشە میتۆدی خەڵک گەوجاندن و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن دەگرنە بەر و دایکێکی دڵسووتاو لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا زووخاو هەڵدەرێژێ بەدەست پەکەکەوە کەچی لایەنگرەکانی پەکەکە لە وەڵامدا دەڵێن ئەو بنەماڵە لە رووی داراییەوە هەژارن و چامسکی لایەنگری هزری ئۆجەلانە.!!

قوربانیەکەی ئەمجارەی پەکەکە / پژاک وەکوو هەمیشە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری کوردن کە کڵاوی دروشمەکانی پەکەکەیان چووەتە سەرو بەو روانگەیەوە کە ئەم رێکخراوە بۆ کوردستان تێدەکۆشێت، سەرجەم توانای خۆیان بۆ خزمەت کردن بە گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە ئازادانە لە رۆژهەڵات دەسووڕێنەوە، تەرخان کردووە. دایکی بنەماڵەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت پەکەکە لەباتی ئەو هەموو چاکەیە، کچە تەمەن 13 ساڵانەکەمیان دزی و رفاندیان، دواتر هەرچی لێیان پاڕامەوە هیچ زانیاریەکیان پێنەدام و سەرەنجام گوتیان شەهید بووە. شوێنی شەهیدبوونەکەشم بە راستی پێ ناڵێن بەڵام لە راستیدا کچەکەم لە کاتێکدا ویستوویە لەدەستیان هەڵبێت لەلایەن پەکەکەوە کوژراوە.

پەکەکە کچە تەمەن 13 ساڵانەکەمیان دزی و هەرچی لێیان پاڕامەوە هیچ زانیاریەکیان پێنەدام و لە کاتێکدا ویستبووی لەدەستیان هەڵبێت کوشتیان و دواتر گوتیان شەهید بووە

ئەسرین محەممەدی ناسراو بە سۆنیا، کچێکی تەمەن 13 ساڵانی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە هاوینی ساڵی 2017 لەلایەن پژاکەوە رفێندرابوو. بنەماڵەکەی کە زۆریان خزمەت بە گریلاکانی پەکەکە / پژاک کردبوو، زۆریان هەوڵدا جارێک منداڵەکەیان ببینن یان پێیان بڵین کە لە کوێیە بەڵام وەکوو سەرجەم بنەماڵەی گریلاکانی پەکەکە بێ وەڵام مانەوە. حەسەن محەممەدی و مریەم خزری، باوک و دایکی ئەسرین، لە سکاڵانامەیەکدا داوا لە حکوومەتی هەرێم و ئێران و دامو دەزگا نێودەوڵەتیەکان دەکەن تا بەهانایانەوە بچن. بەڵام سکاڵاکەیان وەکوو سکاڵای زۆر نیشتمانەروەری دیکە کار لەسەر پەکەکە ناکات.

لە چەند رۆژی رابردوودا “مریەم خزری”، دایکی ئەسرین، لە رێگای گرتەیەکی ڤیدیۆیەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی جگەرگۆشەکەی بڵاو کردەوەو گوتی ئەگەرچی پەکەکە بە بی ئەوەی ئاماژە بە شوێنەکەی بکەن تەنها پێیان راگەیاندووە کە ئەسرین شەهید کراوە، بەڵام لە راستیدا ئەسرین لە کاتیکدا ویستوویەتی لە دەست پەکەکە هەڵبێت لەلایەن ئەو رێکخراوەو شەهید کراوە.

“ئەم کلتوورە خۆسەپێنەی PKK/PJAK کە لە دوورگەی ئیمرالی و بەناو ئاپۆوە سەرچاوەدەگرێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ پێگەو داهاتوویەکی نابێت”

بەسەرهاتی تراژیکی ئەسرینی میرمنداڵ، جارێکی دیکە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاند. روداوی رفاندنی ئەسرین نەک هەر جارێکی دیکە پەردەی لەسەر کردەوە دژی ئینسانی و سەدەنێوەڕاستیەکانی پەکەکە هەڵدایەوە بەڵکوو ئەو کارەساتە تراژیکانەشی وەبیر هێنایەوە کە لە رابردوودا حیزبەکەی ئاپۆ دژ بە میرمنداڵانی رۆژهەڵات ئەنجامی دابوون. چالاکانی مەدەنی و سیاسی، بژاردەکان و بەشێکی بەرچاو لە لاوانی دەروەستی رۆژهەڵات وێڕای ئیدانەکردن و شەرمەزار کردنی کردەوە دژەمرۆییەکانی پەکەکە جەختیان کردەوە کە ئەم کلتوورە خۆسەپێنەی PKK/PJAK کە لە دوورگەی ئیمرالی و بەناو ئاپۆوە سەرچاوەدەگرێت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ پێگەو داهاتوویەکی نابێت.

“رۆژهەڵاتیی باکوورتەوەر”: ئەسرین لە برسیەتیدا رووی کردۆتە شاخ و پەیوەست بە ریزەکانی پەکەکە بووە.!!

دەگمەن کەسانێک کە لە رۆژهەڵاتدا لایەنگری لە پەکەکە دەکەن و فاکتی زۆر بۆ هاوکاریکردنیان لەگەڵ دامەزراوە ئەمنیەکانی ئیرانیشدا لەبەردەستدان، هەوڵ دەدەن لەرێگای بەلاڕیدا بردنی ئەسڵی بابەتەکە، جینایەتەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە رۆژهەڵاتدا پەردەپۆش بکەن. ئەم دەگمەن شوێنکەوتووانەی ئاپۆ کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە “رۆژهەڵاتیی باکوورتەوەر” ناسراون، بۆ پاسودانی کردەوە قێزەونانەکانی پەکەکە ئیستیدلالاتیکیان دەهینایە زمان کە ئازارەکەی لە خودی جینایەتەکە بەژانتر بوو. هیندێکیان دەیانگوت بنەماڵەی ئەسرین هەژار بوون و ئەسرین لە برسیەتیدا رووی کردۆتە شاخ و پەیوەست بە ریزەکانی پەکەکە بووە.!! لێرەدا مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەبێت کە دەمارگرژی و ئایدیۆلۆجیایەکی دوگم و شێواو چەندە دەتوانێت ویژدانی مرۆڤ لاواز و سڕ بکات، کە منداڵی کابرا بڕفێنی و دواتر بڵێی لەبەر ئەوەی لەبرساندا نەمرێت دزیومانە.!! پرسیار ئەوەیە کە هەروەکوو لە ڤیدیۆکەی مریەم خزری دایکی ئەسریندا بە روونی ئاماژەی پێدراوەو هەم ئەوەی کە ناسراوانی بنەماڵەی حەسەن محەممەدی باسی دەکەن، ماڵی ئەم بنەماڵەیە لە گوندی “کەچەڵ ئاوا” بەردەوام شوێنی حەوانەوە و دابین کردنی خۆراک و پێداویستیەکانی گریلا بووە، کەواتە ئەگەر ئەوەندە هەژار بوون لەبەرچی گریلا بەردەوام تەپیان داوەتە سەر سفرەکەیان و ئەوەندەی دیکە بەرەو هەژارییان بردووەن؟ هاوکات ئەم پرسیارەش دروست دەبێت کە مەگەر خۆتان ناڵێن فەلسەفەی ئاپۆچیەتی لاوان بەرەو سەنگەرەکانی پەکەکە رادەکێشێت بەڵام چۆنە کە ئەسرین لە برسان پەنای بۆ هێناون؟ ئایا پەکەکە باندێکی مافیاییە کە خەڵکی بێ دەرەتان و بێ خانومان و برسی کۆ دەکاتەوەو لەباتی پێدانی نان و جێگەو رێگا، وەکوو ماشێنی شەر بەکاریان دینێت و شەڕیان پی دەکات؟ ئایا راستە کە دەڵێن پەکەکە کۆمپانیای شەڕە و بە پارە شەر بۆ دەوڵەتان دەکات؟

"پەکەکە منداڵەکەمی دزی، کە ویستیشی هەڵبێت کوشتیان"
“پەکەکە منداڵەکەمی دزی، کە ویستیشی هەڵبێت کوشتیان”

“پەروەردەی ئیدئۆلۆجیک”

هەموو کەس دەزانێت کە لەو کتێبانەی بەناو عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە نووسراون یەکێک لە سەرەکیترین بابەتەکانی “پەروەردەی ئیدئۆلۆجیک”ـە، واتە پەروەردەکردنی ئیدئۆلۆجیکی منداڵان بەشێکی ئەساسی لەو بیروبۆچوونەیە کە لایەنگرەکانی ئۆجەلان و پەکەکە بە فەلسەفەی ئاپۆچێتی ناوی دەبەن. بەڵام بڵێی ئۆجەلان و پەکەکە نەزانن کە بەشداریکردنی منداڵ لەشەڕدا چەندە کاریگەریی خراپی لەسەر سومعەو ئیعتیباری شۆڕشی رزگاریخوازانەی کورد و کلتووری کوردستان لە ئاست ناوچەیی و نیودەوڵەتیدا دادەنێت؟ بڵێی ئاپۆ و شوێنکەوتووەکانی ئەوەندەش گێل بن کە لە دەرکەوتە نێگەتیڤ و کارەساتبارەکانی منداڵانی شەڕ، لەسەر داهاتووی کوردستان و کۆمەڵگای کوردی تێنەگەیشتبن؟ بەڕای من لە کاریگەری و دەرکەوتە خراپ و نەرینیەکانی منداڵانی شەڕدا لەسەر ئێستاو داهاتووی کوردستان زۆر باش تیگەیشتوون، هەر بۆیە بەردەوام مندال دەرفێنن و چەکداری دەکەن. پەکەکە لەوەتەی هەیە بە ئەنقەست دژ بە کوردستان دەجووڵێتەوە. ئەگەر بەدوور لە دەمارگرژی و پەڕگیری و بە پشت بەستن بە لۆژیک و مەنتیق بیری بکەینەوە دەبینین کە تەنانەت یەک هزر و کرداری پەکەکە نەبووە کە خێریکی بۆ کوردستان هەبووبێت؟

چامسکی لایەنگری ئاپۆیە!!!

لایەنگران و سەرکردەکانی پەکەکە لەباتی دانپێدانان بە هەڵەکەیان و داوای لێبووردن لەو بنەماڵانەی کە جگەرگۆشەکانیان بەهۆی ئەو رێکخراوەوە گیانیان لەدەستداوە، هەرجارەو بە بیانویەک بابەتەکە بەلاڕێدا دەبەن. لە وەڵامی دایکی ئەسرینی جوانەمەرگدا و کاتێک رەخنە لە کرداری منداڵ رفاندنی پەکەکە دەگیردرێت، دەڵین فەلسەفەی ئاپۆ جیهانی سەرسامی خۆی کردووە و چامسکی لایەنگری ئاپۆیە!!! وامان دانا موسیلینی و هیتلەر و ستالینیش لایەنگری ئۆجەلانن بەڵام ئەمە چ دەردێک لە دایکێک دەرمان دەکات کە کچە 13 ساڵانەکەی دەرفێندرێت و دواتر دەکوژرێت و نازانێ گۆڕەکەی لە کوێیە؟ ئەمە چە دەردێک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەی نیشتمان ساڕێژ دەکات کە زۆرترین زیانیان بەهۆی پەکەکەو سیاسەتە دژە گەلییەکانیەوە بە نسیب بووە؟ ئەمە کەی دەتوانی ئازاری داگیرکرانی عەفرین و سەرێ کانی ساڕێژ بکات؟ ئایا دەکریت بەم سەفسەتەیە چیای شەکیف و خواکورک و جاسوسان و دەیان شوینی ستراتجی دیکەی کوردستان کە بەهۆی پەکەکەوە لەدەست کورد دەرهینراون جاریکی دیکە رزگار بکرێنەوە؟

“سەرۆک ئاکۆ”

پەکەکە چەند ساڵ پێش کۆمەڵیک مێرمنداڵیان لە گوندی “نێ”ی ناوچەی مەریوانی رۆژهەڵات رفاندبوو. کاتێک خەڵکی رۆژهەڵات زەختیان بۆ هێنان، راگەیەندنەکانی pkk ڤیدیۆیەکیان لەو منداڵانە بڵاو کردەوەو ویستیان وا پیشان بدەن کە گۆیا ئەم منداڵە 11 و 12 ساڵانە خولیای فەلسەفەی ئاپۆ بوون و بە ویستی خۆیان روویان لە پەکەکە کردووە، سەرنجڕاکێش ئەوە بوو هەر لەو ڤیدیۆیەدا منداڵەکان لە بنەڕەتدا ناوی ئاپۆ نازانن و کاتێک داوایان لێ دەکەن کە بڵێن “بژی سەرۆک ئاپۆ” منداڵەکان دەڵێن: “بژی سەرۆک ئاکۆ”.

پەروەردەی ئیدئۆلۆجیک
پەروەردەی ئیدئۆلۆجیک

پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەم سیناریۆی منداڵ رفاندنە و دواتر خەڵک گەوجاندنەی پەکەکە کەی بڕیارە کۆتایی بێت؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کە خەڵکی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵات بەتایبەتی هەڵوێستی جیدیتر بەرانبەر بەم کردەوە قێزەونانەی پەکەکە بگرن؟ ئایا ریکخراوەکانی چالاک لەبواری مافەکانی مرۆڤ و مافی منداڵان و ژناندا تاکەی دەیانهەوێ دەنگی نارڕەزایەتیەکەیان ئەوەندە بەرز نەکەنەوە کە کۆمەلڵگای مرۆڤایەتی بیبیسێت؟ پرسەکە زۆر روونە و سەفسەتە بافیی ناوێت، پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” منداڵی لە ئامێزی گەرمی بنەماڵەکەی رفاندووە، بە زۆر چەکداری کردووەو دواتر وەک دایکی کیژۆڵە منداڵەکە دەڵێت، کاتێک ویستوویەتی لە دەستیان هەڵبێت، گریلاکانی پەکەکە لێیان داوەو کوشتوویانە. پێویست بە هیچ پاساوێک ناکات یان ئەوەیە هاوڕایت لەگەڵ پەکەکە و هانی دەدەیت منداڵی زیاتر بڕفێنن و بە کوشتیان بدەن یان ئەوەیە هەستێکی مرۆیی و نەتەوەیی لە دەرونتدا بوونی هەیە و ئەم کردەوە شەرمەزار دەکەیت و هەموو هەوڵێک دەدەیت بۆ ئەوەی منداڵانی کەمتر ببنە قوربانیی سیاسەتی پەروەردەی ئیدئۆلۆجیک و منداڵ رفاندنی ئاپۆ و پارتی کرێکارانی کوردستان.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە پەکەکە دەیهەوێ بە باس کردن لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، سواری شەپۆلی ئیحساساتی نەتەوەیی خەڵکی رۆژهەڵات بێت و کردەوە دژە مرۆییەکانی پاساو بدات، بەڵام وادیارە پەکەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی نەناسیوە، وادیارە کاردانەوەی کوردەکانی رۆژهەلاتی بەرانبەر بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی و پرسە نەتەوەییەکانی دیکە لەبیر نەماوە و نازانێت گەلی کورد لە رۆژهەلات گەیشتۆتە ئاستێک لە خودئاگایی نەتەوەیی کە بتوانێت لەو کایەیە تیبگات کە پەکەکە و تورکیا لە ریگای ئیمرالیەوە نمایشی دەکەن. لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆشنبیران و خەباتکارانی ئەم بەشەی کوردستان وریاتر لەوەن کە پەکەکە بە بیانوی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بتوانێت خۆڵ لە چاویان بکات و کردەوە دژە مرۆییەکانی پەردەپۆش بکات. پەکەکە و رێبەرەکانی و ئاغاکانی و ئەو تاکوتروک رۆژهەڵاتیە باکوورتەوەرانەش پێویستە جارێک بۆ هەمیشە لەو راستیە تێبگەن کە کلتووری رۆژهەڵاتی کوردستان کلتووریکی نەتەوەیی، دیموکراتیک، مرۆڤ تەوەر و بەئەخلاقەو هیچ جێگایەکی بۆ هزری خۆسەپێن و دژەنەتەوەیی (برایەتی گەلان) و منداڵ دز و چەواشەکار و دژەئەخلاق تێدا نابێت.

لە بەشی داهاتوودا هەوڵ دەدرێت شرۆڤەیەک بۆ دوایین وتووێژی “سیامەند موعینی” بکەین کە لەلایەن پەکەکەوە وەکوو سەرۆکی پژاک دانراوەو یەکێک لە مەرجەکانیش بۆ مانەوەی لە پۆستەکەیدا ئەوەیە کە دژ بە هزری نەتەوەیی و شوناس خوازی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان لێدوان بدات.

لەگەڵمان بن…

پوستێن ھەمان بەش