لە “حەفتەنین” چی دەگوزەرێت؟ کەموکووڕی، رەخنە، راستی و رێگاچارە – 2

لە “حەفتەنین” چی دەگوزەرێت؟ کەموکووڕی، رەخنە، راستی و رێگاچارە – بەشی دووەم

لە “حەفتەنین” چی دەگوزەرێت؟ کەموکووڕی، رەخنە، راستی و رێگاچارە – بەشی دووەم

Posted by ‎داركا مازى – سۆرانی‎ on Wednesday, July 29, 2020

 

کاتێک لە شەڕەکانی پەکەکە دەڕوانین، نە تەکتیکێکی سەرکەوتووی تێدا بەدی دەکرێت و نە ئەو ناوچە ستراتجیانەش گرنگییان پێ دەدرێت کە بە لانیکەمی بەرەنگارییەکەوە، هیچ دوژمنێک ناتوانێ دەستی پێیان رابگات.

بەشی دووەم

ئایا ئەوە فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپەیە یان عەقڵ و باوەڕی قووڵی دەوڵەتی تورکیایە؟

دەوڵەتی تورک هیچکات ئەو سنوورانەی قبووڵ نەبووە کە ساڵی 1926 لە پەیمانی ئەنقەرە لەنێوان تورکیا و عێراقدا دیاری کراون و هەرکات دەرفەتی هەبووبێت ناڕەزایەتی خۆی لەوبارەوە دەربڕیوە. لە 1ی گوڵانی سالی 1995دا “سلێمان دەمیرل”سەرۆک کۆماری ئەوکاتی تورکیا وەکوو بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی باس لە کەرکووک و مووسڵ دەکات. تورکیا بەردەوام مووسڵ و کەرکووک بە بەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت و لەو پەیوەندیەشدا ئێستا پرۆژەیەکیان بەناوی “میساقی میللی” لەبەردەستدایە. بەڵام لە راستیدا پەکەکە دەیهەوێ بە دەستەواژەی “فاشیزمی ئاکەپە ـ مەهەپە” راستییەکانی دەوڵەتی تورکیا پێچەوانە پیشان بدات و بیشێوێنێت. رەنگە بەرژەوەندی پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەوەدابێت، بەڵام راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بەرژەوەندیی ستراتجی کوردەکان تەنها بە لەناوچوونی ئاکەپە و مەهەپە دەستەبەر نابێت. بناخەو رەگی کێشەکە لە تەواویەتی دەوڵەتی تورکیا و فەلسەفەو مەبدەئی دامەزراندنەکەیەتی. هێرشەکانی حەفتەنین تەنها گرێدراوی هزری ئاکەپە و ئەردۆغان نیە بەڵکوو لە قووڵایی هزری دەوڵەتی تورکەوە سەرچاوە دەگرێت.

سوپای تورکیا هاتۆتە کام ناوچەی حەفتەنین؟

هێرشەکانی حەفتەنین درێژەی هێرشەکانی ساڵی 2017ی خواکورک و هێرشەکانی سەر عەفرین بەناوی “چڵە زەیتوون” و هەروەها هێرشەکانی بەناو “قەڵخانی فورات” ی ساڵی 2019ـەن. نەفسی پیلان لە ناوچە جیاجیاکاندا جێبەجێ کراون. ئەو شوێنانەی کە دەیانهەوێ داگیریان بکەن سەرەتا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ تێیدا جێگیر دەبن. هەتاکوو ئێستا دەوڵەتی تورکیا لە 12نوقتەی ناوچەی حەفتەنیندا جێگیر بووە و بەهۆی ئەم هێرشانەوە توانیویەتی قەرەقول و جێگای تایبەت بۆ مانەوەی درێژخایەن دامەزرێنێت. واتە ئەو شوێنانەی بەشێوازێک دامەزراندوون کە بۆ زستانیش چۆڵیان نەکات و لەو ناوچانە بمێنێتەوە. تورکەکان بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکاریەکانیان لە قولەبانەوە هەتا حەفتەنین رێگایەکی گەورە دروست دەکەن. سوپای تورکیا لە ساڵی 2019 بە هێرشەکانی لەژێر ناوی “پەنجەی شێری سێهەم”، سنوورەکانی شەرناخ و قولەبانی دەرباز کردووەو وەکوو هەنگاوی یەکەم لەزۆر خاڵی ستراتجیی هاوشێوەی “دەڕەی داوەتیا” و “مێرگەشیشێ” و “گویزێ”دا جێگیر بوون. وەکوو هەنگاوی دووەم ئەمساڵیش ئەو ناوچانەی بەرفراوانتر کرد و ئەو شوێنانەی کە ئەمساڵ دەوڵەتی تورکیا دەستی بەسەردا گرتوون و قەرەقۆڵی تێدا دامەزراندوون بریتین لە: “لوتکەی خامتۆر، درێژەی گردی کۆخی مچوولی بەرەو باشوور، گردی ڕەش، گردی دووپشک، گەزنکێ، کۆخی مەلا یەحیا، شەش دار و شەش شەقۆلە، شەهید بێریڤان، بەرزاییەکانی گەلیی پزاغا لە دۆڵی کەشانەوە هەتاوەکوو دەشتی تاقا و پەرەخ” هەموویان سوپای تورکیایان تێدا جێگیر کراوە. سەرجەم ئەو ناوچانەی کە لە ساڵی 1990 بەملاوە لەدەستی پەکەکەدا بوون لە ئێستادا 80٪یان کەوتوونەتە ژیر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکیا و وادیارە تێیدا جێگیر دەبن و بەتەما نین چۆڵیان بکەن. ناوچەکانی دەوروبەری ئەو شوێنانەش کە باس کران لەنێوان “دەرکارێ” و “باتیفا”ش وەکوو “کەلا شەعبانیکێ”، “سیارا بەنا”، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقیان تێدا جێگیر بوون. ئەوە راستیی دوایین بارودۆخی حەفتەنین کە تائێستا لەبەرچاوانەو دەبیندرێت.

حەفتەنین لە کۆنترۆڵی کێدایە؟

سنووری دەستکردی نێوان باشوور و باکووری کوردستان لە ساڵی 1986 بەملاوە هەتا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدایە، بەتایبەت لە نۆهەتەکانی سەدەی رابردوودا، لەدەرەوەی دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان، گومرکی ئەو سنوورانەیان بۆخۆیان کۆنترۆڵ کردوون. ساڵانی 1992 هەتا 2000، جارناجار شەڕ لەنێوان پەکەکە و پەدەکە، هەروەها پەکەکە و یەنەکە روویدەدا بەڵام هیچکات پارتی و یەکێتی بەجیددی هەوڵیان نەدا پەکەکە لە باشوور وەدەربنێن و تەنها داوایان لە سەرکردایەتی پەکەکە کردووە کە ئاراستەی چالاکیەکانیان روو لە باکووری کوردستان بکەن و لەوێ شەڕ بکەن. داوایان لە پەکەکە کردووە کە تەداخولی کار و خەباتی باشوور نەکات. ئەگەرچی پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە ئەو بە پشت بەستن بەهێزی خۆی لە سنووردا ماوەتەوە بەڵام لە راستیدا ئەگەر حیزبەکانی باشووری کوردستان رێگایان نەدابا و موراعاتیان نەکردبا، قەد پەکەکە نەیتوانی لەو ناوچانەدا بەردەوام بێت.

پەکەکە ماوەی 30 ساڵی بەردەوامە کە لە ناوچەی حەفتەنین جێگیر بووە. ئەو شوێنە ستراتجیانەی حەفتەنین کە سوپای تورکیا داگیری کردوون وەکوو “دەڕەی داوەتیا” و “مێرگەشیشێ” و خامتۆر، شەرانش، شەشدار و سنەحت، ئەوە ماوەی 30 ساڵە پێشمەرگەیان تێدا نەبووە. چەند جارێک پێشمەرگە ویستیان بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە بەڵام پەکەکە ئەوەی کردە هۆکارێک بۆ شەڕ کردن لەگەڵ حیزبە کوردیەکان و تەنانەت ئەو پێشمەرگانەش لەو ناوچانە نیشتەجی بوون، نەیاندەتوانی لەبەر پەکەکە بە جلی پێشمەرگایەتیەوە بچنەوە ناو بنەماڵەکانیان. دەتوانین بڵێین لە حەفتەنینەوە هەتا زنجیرە چیاکانی زاگرۆس سەرجەم ئەو ناوچانە لە باکوور و باشوور بە خاڵە گومرکیەکانیشیەوە لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدا بوون. نابێ ئەو راستییە فەرامۆش بکرێت کە بەرپرسیاری یەکەم لە داگیرکردنی ئەو ناوچانە پاش تورکیا، پارتی کڕیکارانی کوردستان “پەکەکە”یە. تاکی کورد پێویستە ئەو پرسیارە لە پەکەکە بکات کە بۆ ماوەی 30 ساڵە سەرجەم ئەو ناوچانەت لە ژێر کۆنترۆڵدایە، لەبەرچی نەتتوانی بیانپارێزیت و رادەستی دوژمنت کردن؟

ئایا حەفتەنین هەتا چیای شەکیف دەیتوانی ببێتە تۆرا بۆرا؟

زۆر هێزی بێ دەوڵەت، توانای سەربازیی خۆیان بەپێی زرووف و جوگرافیای ناوچەکەی خۆیان پێش خستووە. ڤیەتنامیەکان بەپێی جوگرافیا و زروف و زەمانی خۆیان، تەکتیکی شەڕی نامونەزەمیان رەچاو کرد و دوژمنیان تێکشکاند. لە ئەفغانستان حەرەکەی تالیبان ئەوە ماوەی 41 ساڵە شەڕ دەکات. ناوچەی تۆرابۆرا ناوەندی جموجووڵەکانی تالیبانە. کاتێک کە یەکێتی سۆڤیەتی لە ساڵی 1981دا ئەفغانستانی داگیر کرد، تالیبان سیستەمی ئەشکەوتیان لەو ناوچانە پێش خست، لە رێگای ئەشکەوت و توونێلەوە توانیویانە ئاوو ئەرزاق و پێداویستی زیاتر لە 2000 کەس لە ئەندامەکانیان لەو ناوچەیە دابین بکەن. سوپای سوور نەیتوانی دەربازی تۆرا بۆرا ببێت. دواتر لە شەڕی تالیبانیش لەگەڵ ئەمەریکادا دیسان ئەو شوێنە بوو بە ناوچەیەکی شەڕ و بە هەزاران جار بە بۆمب و تۆپ و تەیارە و مووشەک لێیدرا بەڵام نە سوپای ناتۆ و نە هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا نەیانتوانی مەترێک لەو ناوچەیە پێشڕەوی بکەن. بە جیا لەوە کە هزری تالیبان چۆنە بەڵام بە پاراستنی ئەو ناوچانە هەم خۆی پاراست و هەمیش لە کارو چالاکیەکانی خۆی بەردەوام بوو تا ئەمەریکا و ئەفغانستان ناچار بوون لەگەڵی دانوستان بکەن و پەیمانی ئاشتیی لەگەڵ واژۆ بکەن.

پێویستە گەلی کوردستان ئەو پرسیارە ئاراستەی پەکەکە بکات، چۆنە تورکیا بە ئاسانی ئەو ناوچە ستراتجیانەی داگیر کردووە؟

بەڵام ئێمە کاتێک لە شەڕەکانی پەکەکە دەڕوانین، نە تەکتیکێکی سەرکەوتووی تێدا بەدی دەکرێت و نە ئەو ناوچە ستراتجیانەش گرنگییان پێ دەدرێت کە بە لانیکەمی بەرەنگارییەکەوە، هیچ دوژمنێک ناتوانێ دەستی پێیان رابگات. پێویستە گەلی کوردستان و تاکی دەروەستی کورد وەڵامی ئەو پرسیارەی لە پەکەکە داوا بکات کە لە جێگایەک وەکوو گەڕەکی سۆری ئامەد، ماوەی 103 رۆژ هێزی پۆلیس نەیتوانی داخیلی گەڕەکەکە ببێت، بەڵام خێرە چیایەکی وەکوو چیای شەکیف بە بڵیندایی 3000 میتر و بە هەزاران دۆڵ و دەڕڕەی قوڵ و ئەشکەوت و زناران، لە ماوەی شەوو رۆژێکدا کەوتە دەست سوپای داگیرکەری تورکیا؟ ئایا چیای شەکیف بەقەدەر گەڕەکی سووری ئامەد سەنگەری بەرخۆدانی تێدا نەبوو؟ هاوکات جێگایەکی وەکوو خامتور کە هیچ کەس نەیتوانیوە داگیری بکات لەبەرچی نەتوانرا 103 رۆژ بپارێزرێت و لەماوەی 3 رۆژدا رادەستی دوژمن کرا؟ پەکەکە لەبەرچی لەو شاخ و چیا و دەرودۆڵە دژوار و ئاستەمانەدا پاشەکشەی کرد؟ بێگومان ئەمانە هۆکاری سیاسی و سەربازییان هەیە و ئەگەر ئێمە لێی ورد بینەوە دەتوانین شرۆڤەیان بکەین.

تێکشکاندنی تەواوی سوپای تورکیای لە کوردستان، هیچکات ئامانجی سەربازیی پەکەکە نەبووە

پەکەکە لە شێوازی شەڕ و بەرەنگاری سەربازی خۆیدا هیچکات تێکشکاندنی تەواوی سوپای تورکیای لە کوردستان نەکرۆتە ئامانج و تەنها ویستوویەتی شەڕکردن وەکوو خۆراکێکی تایبەت بە پروپاگاندا و بەکارهێنانی هێندێ دەستەواژەی مەعنەوەی بەکاربهینێت تاوەکوو بتوانێت کۆمەڵگای کوردی لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوەو گوتاری خۆی بکاتە گوتاری زاڵ لەناو کۆمەڵگای کوردیدا. ئەگەر سەیر بکەین دەبینن کە ساڵانە لەبەر ئەوەی ژمارەیەک لاوی کورد رابکێشێت تاوەکوو پەیوەست بن بە پەکەکەوە، ساڵانە هێندێ وردە شەڕ دەکەن و خۆیان لە شەڕی گەورە نادەن. بە کورتی مرۆڤ دەتوانێت بڵێیت کە پەکەکە قابلیەتی شەڕ کردنی نەماوە. دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە ئێمە بێڕێزی بە خوێنی ئەو 30 هەزار شەهیدە بکەین کە پەکەکە کردوونیەتیە دەستەچیلەی ئاگری ئەو شەڕانە. بە پێچەوانەوە نەبوونی ستراتجی و تەکتیکی شەڕ لەلایەن پەکەکەوە، هۆکاری سەرەکی شەهید بوونی ئەو رۆڵە ئازا و بە ئیرادانەی کورد بوون و ئێمە دەمانەوێ ئەو راستییە باس بکەین.

ئەگەر راستی بە ژمارە بێتە ئیسبات کردن، ئیدی پێویستمان بە خورافات نابێت

تورکیا زیاتر لە 15 هێرش و لەشکرکێشیی گەورەی دژ بە باشووری کوردستان ئەنجام داون، پەکەکە هیچکات نەیتوانیوە بە شەڕ بەرەنگاریان ببێتەوە

“ئیبنی خەلدوون” دەڵیت ئەگەر راستی بە ژمارە بێتە ئیسبات کردن، ئیدی پێویستمان بە خورافات نابێت. ئەگەر ئێمە شێوازی شەڕی پەکەکە لە دەرەوەی ئەدەبیاتی خوێنی شەهید و بەرخۆدان سەیر بکەین و بمانهەوێت بە ژمارە بیسەلمێنین و بە یاسای “ئامار” روونی بکەینەوە، دەبینین کە: “تورکیا زیاتر لە 15 هێرش و لەشکرکێشیی گەورەی دژ بە باشووری کوردستان ئەنجام داون، پەکەکە هیچکات نەیتوانیوە بە شەڕ بەرەنگاریان ببێتەوە و رێگایان پێ نەدات بێنە ناو خاکی باشووری کوردستانەوە. بە ئامانجی پڕوپاگەندە، شەڕێک ئەنجام دراوە بەڵام لە رووی فیزیکیەوە سوپای تورکیا توانیویەتی بە سەرجەم ئامانجەکانی بگات. پەکەکە ئەو ناوچانەی کە ماوەی 36 ساڵە لەژێر کۆنترۆلی ئەواندایە وەکوو خواکورک، حەفتەنین بە قووڵایی 35 کیلۆمەتران لەناو خاکی باشووری کوردستان، رادەستی دەوڵەتی تورکیای کردووە. ئەگەر بەپێی ئەو ژمارانە ئێمە لە شێوازی شەڕی پەکەکە بڕوانین، دەبینین کە شێوازێکی بێ ئەنجام و سەراوژێر و پڕ لە زەرەرو زیانی پەیڕەو کردووەو زەبرێکی قەرەبوونەکراوی لە جوگرافیای کوردستان داوە.

ئیمە لە بەشی یەکەمی نووسینەکەماندا بە درێژایی باسی گرنگی جیۆستراتجی حەفتەنین و هزری قووڵی دەوڵەتی تورکیامان کرد، لەکاتێکدا مژارێکی ئەوەندە گرینگ لە ئارادایە، بەداخەوە کۆمەڵگای کوردی بە هاویشتنی دوو، سێ فیشەکان جۆش دەیگرێت. لەسەر حەفتەنین گۆرانی و سروود دەگوترێت و یادی گریلاکان دەکرێن بە بزوێنەرێک بۆ ئەوەی هەست و دڵسۆزی کوردەکان و بەتایبەت لایەنگرەکانی پەکەکەیان پێ ببزوێنن و وا نیشان بدەن کە پەکەکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. پەکەکە دەیهەوێ بە ریکلام وا نیشان بدات کە لە حەفتەنین شەڕێکی زۆر قورس بەڕیوە دەبات بەڵام لە راستیدا ئەو شەڕەی ئێستا دەکرێت نەک هەر قورس نیە بەڵکوو لە باسک و قەراخ حەفتەنینیشە نەک لە خودی حەفتەنین. چوونکە خودی حەفتەنین هەر لە رۆژی یەکەمی هیرشەکانی تورکیاوە رادەستی سوپا کراو گریلا بەرەو باسکەکانی قەراخ حەفتەنین پاشەکشەیان کرد. ئەگەر لەبیرتان بێت کاتێک چیای عەبدال کۆڤی، شەکیف، تەپەی خودا داگیر کران، پەکەکە رایگەیاند ئەوان ناهێڵن دوژمن لەوێ بە ئارامی جیگیر ببێت.! بەڵام ئەوە ماوەی سێ ساڵە دوژمن لەوێ بارەگای خۆی لێ دامەرزاندووەو بە ئاسوودەیی پاڵی لێ داوەتەوەو پەکەکش هیچی نەکرد. پرسیار ئەوەیە هۆکار چیە کە پەکەکە بەم شێوازە شەڕ دەکات؟ بێگومان لایەنی سەربازی و سیاسی پەکەکە پێکەوە گرێدراون و  ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو مژارە شرۆڤە بکەین.

بەشی یەکەم

پوستێن ھەمان بەش