عێراق پشتبەستن بە گاز و کارەبای ئێران کەمدەکاتەوە

عێراق پشتبەستن بە گاز و کارەبای ئێران کەمدەکاتەوە

عێراق ئێستا لەژێر فشاری ئەمریکادایە بۆ ئەوەی وابەستەبوونی بە کارەبا و گازی ئێران تاوەکو ئاستێکی زۆر کەم بکاتەوە.

عێراق لە ساڵی داهاتوووە پشتبەستن بە کارەبا و گازی هاوردەکراوی ئێران کەمدەکاتەوە و لە رێگەی گرێبەستی چەند ملیار دۆلاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و وەبەرهێنانی سعودی پەرە بە کەرتی وزەی خۆی دەدات.

ئاژانسەکانی هەواڵ لە زمانی وەزیری دارایی عێراقەوە رایانگەیاندووە کە لەکاتی سەردانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، عێراق بە بەهای هەشت ملیار دۆلار رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان واژۆکرد کە دیاترین گرێبەستەکان لەبواری کارەبا و بەرەوپێشبردنی کێڵگە گازی و نەوتییەکانن.

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، کۆمپانیای هۆنەی وێڵی ئەمریکی و وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتن پەرە بە پرۆژەی گازی رەتاوی بدرێت کە بەهۆیەوە وزەی کارەبا لە عێراق زیاددەبێت.

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکوەزیران کە ئەندامی شاندی عێراق بوو بۆ واشنتن رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەنجامدانی چەند گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری وزە، هاوکات عێراق هەوڵدەدات هانی وەبەرهێنەرە سعودییەکان بدات بۆ سەرمایەگوزاری لە کەرتی وزە و تۆڕی کارەباکەیشی بە تۆڕی کارەبای کەنداو دەبەستێتەوە و کارەبا لە سعودیە و کوێت هاوردەدەکات.

بەگوێرەی قسەکانی وەزیری دارایی عێراق، کۆمپانیای ئارامکۆی سعودی و کۆمپانیای ئەکوا پاوەر کە 25%ـی لەلایەن سندووقی سەروەریی سعودیە خاوەندارێتی دەکرێت، بەشداردەبن لە بووژاندنەوەی کەرتی وزەی عێراق.

هاوکات کۆمپانیای جەنەڕاڵ ئیلێکتریک لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکردووە کە گرێبەستێکی بە بەهای 1.2 ملیار دۆلار لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆکردووە.

 عەلی عەللاوی لە وێبینارێکدا کە ئەنجوومەنی ئەتلەنتیک رێکیخستبوو ئاماژەی بەوە دا “پێشبینیدەکەم لە ساڵی داهاتووەوە پشتبەستن بە گاز و کارەبای ئێران بەرەو کەمبوونەوەی تەواو بچێت، بەڵام لە ئێستاوە تاوەکو ئەو کات هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی وزە”.

 بە وتەی عەللاوی لە کاتێکی مامناوەندا دەتوانن تۆڕی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای کەنداو ببەستنەوە و پرۆژەکانیش لە ساتی دیزاینکردن و راگەیاندنن.

پوستێن ھەمان بەش