“زیاتر لە سێ ملیۆن و 200 هەزار بنەماڵەی ئێرانی لە شوێنی نەشیاودا دەژین”

"زیاتر لە سێ ملیۆن و 200 هەزار بنەماڵەی ئێرانی لە شوێنی نەشیاودا دەژین"

سەرۆکی دەزگای بێهزیستیی ئێران: “لە ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە پەراوێزی شارەکاندا و لە خراپترین بارودۆخدا دەژین.”

وەزارەتی ڕێگا و شارسازیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە دیاردەی پەراوێزنشینی لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشاندایە و بە ملیۆنان کەس لە شوێنی نەشیاودا ژیان بەسەر دەبەن.

“مەهدی عبووری” جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازیی ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا چەند ئامارێکی لەسەر پەراوێزنشینی و پێکهاتەی شارەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە و باسی لە بوونی زیاتر لە 3 ملیۆن و 200 هەزار پەراوێزنشین لە ئێراندا کردووە.

“عبووری” لەو ئامارەدا ئاماژەی بە 148 هەزار دۆنم لە پێکهاتەی ڕووخاوی شارەکان کردووە کە ئەو پێکهاتانە چیتر کەڵکی نیشتەجێبوونیان نەماوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، نزیک بە یەک ملیۆن و 700 هەزار بنەماڵە لە پێکهاتە ڕووخاوەکان، سێ ملیۆن و 200 هەزار بنەماڵەی دیکە لە خانووە نایاسایی و ناستاندارد لە پەراوێزی شارەکاندا دەژین.

ئەو ئامارەی “عبووری” لە کاتێکدایە کە لەگەڵ ئاماریی ساڵانی ڕابردوودا زۆر جیاوازە و  بەرپرسانی ڕێژیم ئامارەکانی یەکتر بە درۆ دەخەنەوە.

پێشتر سەرۆکی دەزگای بێهزیستیی ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێران 13 ملیۆن کەس لە پەراوێزی شارەکاندا و لە خراپترین بارودۆخدا دەژین.

 ئەو ناوچانەی کە پەراوێزنشینەکان تێیدا نیشتەجێن خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە زەقترینیان بەم چەشنەیە: “هەڵگری ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵکن، بێکاری تێیدا زۆر بەربڵاوە، ئاستی داهات و فێرکاری زۆر لە خوارەوەیە و بەپێچەوانەشەوە ڕێژەی تاوانەکان گەلێک لە سەرەوەیە”.

بە ڕای کۆمەڵناسان، ئەم ناوچانە باشترین بەستێنیان بۆ خستنەڕووی ئازادانەی ماددە سڕکەرەکان، دزی کردن، فرۆشی منداڵ، لەشفرۆشی و دروستکردنی منداڵانی کار هەیە؛ بەکورتی لەبارترین کۆمەڵگان بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان.

پوستێن ھەمان بەش