تاوانەکانی پەکەکە دژ بە خەڵکی سڤیلی دەڤەری دۆسکی

تاوانەکانی پەکەکە دژ بە خەڵکی سڤیلی دەڤەرەی دۆسکی

پێگەی “دارکا مازی” داوا لە خەڵکی باشووری کوردستان دەکات کە هەر کەسێک ئەندامێکی بنەماڵەکەی یان خزم و ناسیارێکی لەلایەن پەکەکەوە شەهید کراوە یان رفێندراوەو بێسەروشوێن کراوە، زانیاری و وێنەکەی بەڕی بکات بۆ دارکا مازی تاوەکوو بڵاوی بکاتەوە.

ئەگەر مرۆڤ بیهەوێت باس لە تاوان و ناحەقیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان “پەکەکە” دژ بە حکوومەت و خەڵکی باشووری کوردستان بکات، بەبێ زیدەڕۆیی لە ماوەیەکی کەمدا دەتواندرێ چەندین کتێب بنووسرێت. پێگەی “دارکا مازی” دەیهەوێ بە بەڵگەوە بەشێک لەو تاوانانە باس بکات. ئەو تاوانانەی وەکوو رفاندن و ئەشکەنجەدان و ناوزڕاندن و ئابڕووبردن و هەتا بێ سەروشوێن کردن، کوشتن و سووتاندنیش کە لەلایەن پەکەکەوە دەرحەق بە خەڵکی سڤیل ئەنجامدراوە.

پاش ئەوەی پەکەکە لە ساڵانی نۆهەتەکاندا توانای شەڕ کردنی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا نەما و کاتێک زانیان کە ناتوانن ـ یان رەنگە نەشیانهەوێ ـ بستێک لە خاکی باکووری کوردستان ئازاد بکەن و هەرێمێک بۆ دەسەڵاتداریی خۆیان لە باکوور دروست بکەن، پیلانەکانیان دژ بە باشووری کوردستان دەست پێکرد و بە شێوازی جۆراوجۆر شەڕیان بە خەڵک و حکوومەتی باشووری کوردستان دەفرۆشت.

لەم شەڕ فرۆشتنانەیدا کە چەندجارێکیش توانی سەرکەوتوو بێت و شەڕ لەگەل هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بکات، هیچ تاوانێکی دژە مرۆیی نەما کە دەرحەق بە کوردەکانی باشووری کوردستان ئەنجامیان نەدات. لە راستیدا پەکەکە زۆر تاوانی هۆڤانەی دەرحەق بە کوردەکانی باشوور ئەنجامداون، هەر لە گرتنی رێگا لە خەڵکی نەخۆش، کوێرکردنەوەی کانیاوی گوندەکانەوە بگرە هەتا دەگاتە دزی کردن و تاڵان کردنی قووتی خەڵکی هەژار پەکەکە درێخیی نەکرد. بەتایبەت لەو کاتانەی کە خەڵکی باشووری کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپی ئابووریدا دەژیان.

پەکەکە کاتێک توانی شەڕ بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنێت نەک تەنها دژ بە هێزی پێشمەرگە شەڕی دەکرد بەڵکوو دژ بە خەلکی سڤیلی باشووریش شەڕی دەکرد و ژن و منداڵ و پیرو کاڵ هیچیان لە تاوانەکانی پەکەکە بێبەری نەبوون.

پێگەی “دارکا مازی” لەم مژارەدا دەیهەوێ باس لە بەشێک لەو تاوانانە بکات کە پەکەکە دژ بە خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەت عەشیرەتەکانی دانیشتووی ناوچە سنووریەکان (نێوان باشوور و باکووری کوردستان) ئەنجامی داون. لەم بابەتەدا زانیاری زۆر تایبەت دەربارەی ئەو هاووڵاتیە سڤیلانە بڵاو دەکرێتەوە کە لە دەڤەری “دۆسکی” لە سنووری پارێزگای دهۆک بەدەست چەکدارەکانی پەکەکە لە ساڵانی نۆهەتەکاندا تیرۆر کراون.

“ئێمە نوێنەری سەددامین”

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی پەکەکە سەرجەم ئەو سیاسەتانەی وەکوو تیرۆرو تەسفیە کردنی کەسایەتیەکان، سەرۆک هۆز و سەرۆک عەشرەتەکان، ئاغاو بەگەکان کە لە باکووری کوردستان پەیڕەوی دەکردن لە باشووریش دەستیپێکردن و هەوڵەکانی بۆ تیرۆری کەسە دیارەکان دەست پێکرد.

لەگەڵ هاتنی بۆ باشووری کوردستان، پەکەکە هێندێک ناوی ئاڵۆزی لەسەر ئەو ناوچانە دانا کە تێیدا جێگیر بوون. وەکوو “هەرێمی پاراستنی میدیا”، “هەرێمە ئازاد کراوەکان” و… بەڵام سەیر ئەوە بوو کە ئەو ناوچانە ئەوان ئازادیان نەکردبوون و کاتێک پرسیاریان لێدەکرا کە ئەو ناوچانە کێ ئازادی کردوون و کێ پارێزگارییان لێ دەکات؟ ئەوان دەیانگوت: “ئێمە نوێنەری سەددام حوسێنین لێرەو سەددام بۆخۆی ئەمشوێنانەی پیداوین”.!

مەیدانی شەڕ لەکوێ بوو؟

گوندە سنووریەکانی دهۆک، بەتایبەت ناوچەکانی دۆسکی، بەرواری، نێروە رێکان، نهێلی، بەرگارەی، مزیرییا و زۆر شوێنی دیکەی ئەو ناوچانە، مەیدانی زۆربەی شەرەکانی پەکەکە بوون. لە راستیدا زۆربە کارە هۆڤانەو دژە مرۆییەکانی پەکەکەش کە وەکوو تاوانی شەڕ دەژمێردرێن هەر لەو ناوچانە ئەنجامدراون.

ئێمە دەمانهەوێ ناو، وێنەو کاتی تیرۆر کردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی سڤیلی پارێزگای دهۆک لە دەڤەری “دۆسکییا” بڵاو بکەینەوە کە لەساڵی 1997 بەدەستی چەکدارەکانی پەکەکە بە بێ هیچ هۆکارێک و تەنها بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵک تیرۆر کراون.

تاوانەکانی پەکەکە لە مەفرەقی بانەسۆر

لە رێکەوتی 7/10/1997 چەکدارەکانی پەکەکە لە نزیک مەفرەقی گوندی بانەسۆر، تەقەیان لە ئوتۆمبێلێکی جۆری “بەڕازیلی” کرد و بەهۆیەوە 3 هاوڵاتی سڤیل شەهید بوون کە ناوەکانیان بریتین لە:

ئه‌كره‌م محه‌مه‌د جبو دیلی.

ئیسماعیل محه‌مه‌د جبو.

كاروان هاشم محه‌مه‌د جبو كە تەنها 5 ساڵی تەمەن بوو.

تاوانەکانی په‌كه‌كە لە گوندی كه‌مه‌كا و باكۆز

هه‌روه‌ها لە رێکەوتی 11/10/1997ا، چه‌كدارەکانی په‌كه‌كە لە گوندی كه‌مه‌كا ته‌قەیان لە ترومبێلیکی جورێ “پیك ئاپ ده‌بڵ كابینه”‌ كرد كە هی کەسێکی خەڵکی گوندی باكۆز بوو و لە ئه‌نجام دا 3 كه‌س شه‌هید بوون کە ناوەکانیان بریتی بوو لە:

فه‌خره‌ددین یووسف ئه‌حمه‌د.

ئه‌یوب محه‌مه‌د سه‌عید مسته‌فا.

عه‌بدولباری حسێن كه‌مه‌كی.

تاوانەکانی پەکەکە لە گوندی دیرگزنیک

چەکدارەکانی پەکەکە لە رێکەوتی 17/10/1997دا ئوتۆمبێلی تەکسی جۆری “بەڕازیلی” هاووڵاتی “ره‌شید شه‌ریف بنیامین”یان سووتاند کە خه‌ڵكێ گوندی دێرگژنیك و لە عەشرەتی دۆسکییان بوو. بەهۆیەوە هه‌ر یه‌ك لە:

هۆزان ئیسماعیل ئه‌حمه‌د ملهمبانی شه‌هید بوو.

ئاسییا خالد حاجی هاوژینی «عه‌لی ده‌رباز» دێرگژنیكی و دوو كوڕیشی بە ناوەکانی «عه‌زیز عه‌لی و جمعه‌ عه‌لی» بریندار بوون.

تیرۆر كردنی 6 هاووڵاتی کریستیان لە نێزیك گوندی دیلییا

لە رێکەوتی 13/12/1997دا چەکدارەکانی پەکەکە 6 هاوڵاتیی کریستیان کوشت کە سەرجەمیان کاسب بوون ئەو 6 کەسە لەسەر رێگای گشتیی مانگیشک لە نزیک گوندی دیلییا و بانەسۆر گوللـە باران کرابوون.

ئەوەش ناوەکانیانە:

سه‌لام یووسف اوراها جنو – لە دایكبووی 1976 بوو.

سه‌میر ئیشو كلو مقدو – لە دایكبووی 1971 بوو.

ناجی میخو قوسو خراكه‌ – لە دایكبووی 1965 بوو.

ئه‌ركان هرمز یووسف تشیكو – لە دایكبووی 1977 بوو.

صلیوا جمعه‌ زیا المنو – لە دایكبووی 1965 بوو.

ماجد شمعون حنا خنجرو – لە دایكبووی 1973 بوو.

پێگەی “دارکا مازی” داوا لە خەڵکی باشووری کوردستان دەکات کە هەر کەسێک ئەندامێکی بنەماڵەکەی یان خزم و ناسیارێکی لەلایەن پەکەکەوە شەهید کراوە یان رفێندراوەو بێسەروشوێن کراوە، زانیاری و وێنەکەی بەڕی بکات بۆ دارکا مازی تاوەکوو بڵاوی بکاتەوە.

پوستێن ھەمان بەش