خەلیفەی نوێی داعش کاتی خۆی زانیاریی نهێنیی دەڵاندووە

ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی زانیاریی تەواوی 68 سەرکردە و پێکهاتەی قاعیدەی لە مووسڵ بە ئەمریکییەکان داوە.

خەلیفەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆمەڵێک زانیاریی زۆر مەترسیداری بۆ دزەگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، ئاشکرا کردووە.

ئەکادیمیای سەربازیی ئەمریکی “وێست پۆینت” ژمارەیەک بەڵگەنامەی هەواڵگری بڵاو کردووەتەوە، کە تێیداندا دەردەکەوێ، محەمەد سەعید عەبدولڕەحمان مەولای ناسراو بە ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشی، خەلیفەی ئێستای داعش، زانیاریی گرنگی لەبارەی تیرۆریستانەوە بۆ هێزە ئەمریکییەکان، ئاشکرا کردووە.

ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشی زانیارییەکانی لەکاتی دەستگیرکردنی لە ساڵی 2008 لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، کە ئەوکات ئەندامی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە بوو، ئاشکرا کردووە.

خەلیفەی ئێستای داعش زانیاریی تەواوی لەبارەی پەیکەربەندی قاعیدە لە مووسڵ و ناو و وێنە و زانیاریی 68 سەرکردەی قاعیدەی بە ئەمریکییەکان دابوو.

هەروەک لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، دوای هەشت مانگ لە پێدانی ئەو زانیارییانە بە ئەمریکییەکان، ئەبو جاسم ئەبو قسورە، کەسی دووەمی قاعیدە لە عێراق کوژرا.

ئەبو ئیبراهیم ئەلقوڕەیشی، کە لە ساڵی 2008 بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گرتووخانەی بوکا لە پارێزگای بەسرە زیندانی کرابوو، خەڵکی شارۆچکەی تەلەعفەرە لە پارێزگای نەینەوا و بە نەتەوە تورکمانە و دوای کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی سەرۆکایەتیی داعش دەکات.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 27-10-2019 لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، تیمێکی یەکەی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی (دەلتا فۆرس)، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت.

پوستێن ھەمان بەش