ھۆكاری زیادبوونی ئەم ھەوڵانە بۆ ھاتنە ژووەوەی توركیا و داگیركردنی بەشێک لە رۆژئاوای کوردستان دەگەڕێتەوە
بەپێی ئامارێك كە ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) لە مانگی ئاداری رابردووەوه ئامادەیان كردووە، ھێزە ئەمنیەکانی كەمپی ھۆل لە رۆژئاوای کوردستان، شكستیان به 700 ھەوڵی راكردنی ئافرەتانی داعش بە ھاوكاری دەرەكی هێناوە.
ئهمڕۆ دووشەممە 21/9/2020، لە لێدوانێكیدا عهلی حهسهن، گوتەبێژی فەرمیی ھێزەكانی ئەمنی ناوخۆ لە بەڕێوەبەراتی خۆسەر رایگەیاند، “لە مانگی ئاداری رابردووەوە تا ئێستا ئەو ھەوڵانەی بۆ راكردن دراون و بە بەڵگەكراون، گەیشتوونەتە 700 ھەوڵی خێزانە داعشییەكان لە رەگەزنامەی جیاجیاوە بۆ ھەڵاتن لە كەمپەكە.
بەرپرسەكە ھۆكاری زیادبوونی ئەم ھەوڵانە بۆ “ھاتنە ژووەوەی توركیا بۆ رۆژھەڵاتی فورات و داگیركردنی ھەردوو شاروچكەی سەرێكانی لە حەسەكە و شاری گرێ سپی لە رەقە” لە لایەن ئەو وڵاتەوە دەگەرێنێتەوە.
گوتیشی: دوای ھێرشەكانی توركیا ھەوڵەكان زیادیانكردووه و توانیمانه زۆر ھەوڵی راكردنی ئافرەتانی ھاوسەری كەسانی گومانلێكراو بە داعشبوونیان لەگەڵ منداڵەكانیان پووچەڵ بكەینەوە”. روونیشكردەوە، “زۆربەی لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بهوه دەكەن، نیازی ئەو ئافرەتانە رۆیشتن بووە بەرەو توركیا و دانیانناوە ویستوویانە روو له ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی سەر بە توركیا بكهن، وەك: جهرابلس و باب و دواتر بەرەو توركیا و لەوێشەوە بەرەو وڵاتەكانیان.
حەسەن ئاشكرایكرد، “ھێزەكانی ئەمنی توانیویانە بەڕێژەیەكی زۆر شكست بهو ھەوڵانه بهێنن، لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و پشكنینی وەرد لە لایهن ھێزەكانی پاسەوانی كەمپەكە، توانیمان شانە بەرپرسەكان و سەرچاوەی پەیوەندییەكانیان ئاشكرا بكەین و نزیكەی 100 كەسیشمان دهستگیر كردووه، كه بەشدارییان لە ھەوڵەكانی رفاندنی ژن و منداڵانی داعش لە كەمپەكەدا كردووە و رادەستی دادگاكانی تایبەتمەند بە تاوانی یارمەتیدان لە كاری رفاندن كراون”.
روونیشكردەوە، ئۆتۆمبێلی بارھەڵگری رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دەربازی ناو كەمپەكە دەبن و ھەندێك جار لە بەرامبەر گوژمەیەك پارە شوفێر لەگەڵ تۆڕێكی دەرەوە ھاوكار دەبێت كە دوای دەرخستنی ئەو ئافرەتانە پێیاندەدرێت، بۆیە شوێنی شاراوە و نھێنی بۆ رفاندنیان ئامادە دەكەن”.
جەختیشیكردەوە، ھێزەكانی ئەمنی سەر بە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر، خاڵەكانی چاودێری و پشكنینیان زیادكردووە و بەردەوام تێمە گەڕۆكەكان بەسەر ھەموو دەرگاكاندا دەسووڕێنەوە.