عێراق دەیەوێت چەك لە فەرەنسا بكڕێت

عێراق دەیەوێت چەك لە فەرەنسا بكڕێت

حکوومەتی بەغداد داوا لە وڵاتانی ئەوروپا دەکات ناوی عێراق لە لیستی وڵاتانی پارەدەری تیرۆر دەربێنن.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشكرای كرد، بڕیارە مانگی داهاتوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی پاریس بکات، لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتاکە تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندی دوو لایەنە دەکەن.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، کڕینی چەکی فەرەنسی بە گوێرەی خواستی سوپای عێراق، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران بۆ وڵاتانی ئەوروپا داواکاری چاودێری ئەورپی دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو. هەروەها داوا لە وڵاتانی ئەوروپاش دەکەن ناوی عێراق لە لیست وڵاتانی پارەدەری تیرۆر دەربێنێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، خواستی بەغدا بۆ ئەوەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرەنسا بەهێز بکات، چەندین پڕۆژەی ئابووریش دەخرێنە بەرباس کە رەزامەندی بەراییان وەرگرتووە، بە جۆرێک کۆمپانیا فەرەنسییەکان بە مەبەسی هاریکاری عێراق پڕۆژەکان ئەنجامبدەن، کە بریتین لە پڕۆژەی ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری و کەرتی وزە و نەوتی، هەروەها لە بواری ئاسایش و سەربازیش”.

لەبارەی دروستکردنی وێستگەیەکی ئەتۆمیش بە مەبەستی ئاشتی، فوئاد حوسێن گوتی، ئەو بابەت لە لایەن مستەفا کازمییەوە پێشنیازکراوە، کە ئامانج لێی بەرهەمهێنانی کارەبایە بە پشتیوانی فەرەنسا، بەڵام ئەو بابەتە کاردانەوەی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و بابەتێکی سانا نییە، هەروەها دۆخی دارایی لەبار نییە بۆ گرتنەبەری ئەو هەنگاوە، بە جۆرێک دروستکردنی پێویستی بە 10 ملیار دۆلار هەیە، ئەوەش حکومەت ناچاردەکات، بیر لە سەرچاوەی دیکە بکاتەوە کە تێچوویان کەمترە.

پوستێن ھەمان بەش