هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ کوردانی رۆژئاوا رووسیای نیگەران کردووە

هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ کوردانی رۆژئاوا رووسیای نیگەران کردووە

سێرگی لاڤرۆڤ: واشنتن هانی جیابوونەوەی کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدات.

وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنە لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەگرێت و دەڵێت، واشنتن هانی جیابوونەوەی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەدات.

 سێرگی لاڤرۆڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە رایگەیاند، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەکی گشتی لە بەرچاو بگرێت، ئەوەش کاتێک هانی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەدات بۆ ئەوەی جیاببنەوە.

 وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات، دوای نزیکەی دەیەیەک لە شەڕ، ئێستا خەریکە سەقامگیری بۆ تەواوی سووریا دەگەڕێتەوە و گوتی، “رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەنێوان حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن تەواو بووە. ئێستا تەنیا دوو شوێن ماون” کە پێشهاتەکانیان پێشوازیلێکراو نین.

 بە گوتەی وەزیری دەرەوەی رووسیا یەکەمین شوێن بریتییە لە پارێزگای ئیدلب، بەڵام مانگ دوای مانگ رووبەری ئەو ناوچەیە بچووکتر و کەمتر دەبێتەوە کە لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەدایە.

 سێرگی لاڤرۆڤ باسی لەوە کرد، “دووەمین ناوچە بریتییە لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات کە تێیدا ئەمریکا بەشێوەیەکی ناسایی سەربازی هەیە و لە هەمانکاتدا واشنتن کار لەسەر ئاراستەی جیابوونەوە دەکات”. وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەو مامەڵەیەی ئەمریکای بە کەمتەرخەم و بێباکانە ناوبرد.

 وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژە بەوە دەکات، کاتێك ئەمریکا هانی جیابوونەوە دەدات و کار لەسەر بەهێزکردنی ئاراستەی جیابوونەوەش دەکات، ئەو کاتە دەکرێت “تەواوی ناوچەکە بتەقێتەوە” و تێکبچێت.

 لاڤرۆڤ ئەوەی خستەڕوو، هەنگاوەکانی ئەمریکا لەبارەی رۆژئاوای کوردستانەوە تەنیا جێگەی نیگەرانیی تورکیا و سووریا نین، بەڵکو جێگەی نیگەرانیی عێراق و ئێرانیشن کە ژمارەیەکی زۆر کوردیان تێدا دەژی.

 لە مانگی ئابی رابردوودا کۆمپانیای دەلتا کرێسنت ئینیێرجیی ئەمریکی لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر رێککەوت بۆ پەرەدان بە بیرەنەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.

 لاڤرۆڤ رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی ئەمریکا جێگەی نیگەرانیی جیددیی رووسیایە، چونکە واشنتن سەروەری و یەکپارچەیی سووریای لەبەرچاو نەگرتووە.

 وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، “ئومێدەوارم ئەمریکییەکان تێبگەن کە نابێت تەنیا بیر لە هەڵبژاردن بکەنەوە کە نزیکەی مانگ و نیوێکی دیکە دەکرێت، بەڵکو دەبێت بیر لە داهاتووی ئەم ناوچەیە بکەنەوە کە یەکێکە لە ناوچە زۆر گرنگەکان لە جیهاندا”.

پوستێن ھەمان بەش