لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدانی بەندکراوێکی سیاسی کورد دەکات

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیران لە پاییزی ساڵی 1395ی هەتاویدا"حەیدەر قوربانی"یان بە هاوکاری لە"تێرۆری" چەند کەس لە دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم تۆمەتبار کرد.

لێبوردنی نێودەوڵەتی: حەیدەر قوربانی هەرگیز چەکدار نەبووەو لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەگەری بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، گیراوی سیاسیی کورد، هۆشداریی داوە و داوای لە بەرپرسانی ئێرانی کردووە دەستبەجێ ئەو حوکمە هەڵبوەشێننەوە.

 رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رەوتی دادگاییکردنی حەیدەر قوربانیی بە نادادپەروەرانە لە قەڵەم داوە و داوای کردووە دیسانەوە لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا دادگایی بکرێتەوە.

 دادگای شۆڕشی شاری سنە رۆژی کانوونی دووەمی 2020 بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی سێدارەی بەسەر حەیدەر قوربانیدا سەپاند.

 هەروەها دیوانی باڵای ئەو وڵاتە 6ـی ئەیلولی 2020 حوکمی سێدارەی ئەو گیراوە سیاسییەی پەسندکرد.

 بەڵام رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت، حەیدەر قوربانی هەرگیز چەکدار نەبووە.

 حەیدەر قوربانی، خەڵکی شاری کامێرانە لە پارێزگای سنە و تەمەنی 47 ساڵە، دوایین مانگی پاییزی ساڵی 2016 دەستبەسەر کراوە.

 حەیدەر قوربانی بەهۆی کوژرانی سێ ئەندامی کوردی سوپای پاسداران لە ناوچەی کامێران بە دەستی پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات ئەو حوکمەی بەسەردا سەپاوە.

 هەفتەی رابردوو شەرارە سادقی، هاوسەری حەیدەر قوربانی، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک گوتی، هاوژینەکەی لەژێر دژوارترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کرد بۆ راگرتنی حوکمەکەی یارمەتیدەر بن.

 رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییش دەڵێت، حەیدەر قوربانی لەژێر ئەشکەنجەدا ناچار بە دانپێدانان کراوە.

پوستێن ھەمان بەش