ئەمەریکا هەسەدە دڵنیا دەکاتەوە

ئەمەریکا هەسەدە دڵنیا دەکاتەوە

ئامریکا ڕایگەیاندووە لە سووریە ناکشێتەوە و جیا لەوەش هەوڵ دەدات لە ڕۆژئاوای کوردستان یارمەتی کوردەکان بدات.

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردووەتەوە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو جەیمس جێفری لەگەڵ جۆیێل رایبۆرن، نێردەی تایبەتی سووریا، بەجیا لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەوە و پەیمانیان دا، ئەمەریکا بەردەوامدەبێت لە هەماهەنگیی سیاسی و سەربازی لەگەڵ هاوبەشەکانی.

هاوکات ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە “جەیمس جێفری، نوێنەری تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا جەختی کردووەتەوە لەوەی؛ تورکیا جارێکی دیکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامنادات، کە شوێنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـیە”.

لە چەند رۆژی رابردوودا، جەیمس جێفری سەردانی هەردوو پارێزگای حەسەکە و دێرەزووری کرد و لەوێ لەگەڵ ئەنجوومەنی سەربازی و ئەنجوومەنی خۆجێی کۆبووەوە.

سەما بەگداش، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە “کۆبوونەوەی جێفری و رایبۆرن و گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی فورات، ماوەی کاتژمێرێک و نیو بەردەوام بوو، کۆبوونەوەکە لە بنکەی هاوپەیمانان لە حەسەکە بەر لە دوو رۆژ کرا”.

جەختیشی کردەوە لەوەی “بەرپرسانی ئەمەریکی بەدووریان زانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لە ناوچەکە ئەنجامبدات. جێفری جەختی کردەوە لەوەی؛ ترامپ لەگەڵ ئەردۆغان رێککەوتووە، کە تورکیا چیدیکە نەچێتە ناوچەی نوێ لەنێو خاکی سووریا، دوای ئەوەی دەستی بەسەر چەند شوێنێکدا گرت لە ئۆپەراسیۆنەکە”.

شایانی ئاماژەپێدانە لە چەند رۆژی رابردوودا ئامریکا هێزێکی سەربازی بە لۆجستیکی نوێیەوە رەوانەی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کرد و ئەمەش لەگەڵ ناڕەزایەتی داگیرکەرانی کوردستان بەرەوڕوو بوو. ڕێژیمی ئێران لە میدیاکانی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە ئامریکا لە هەوڵدایە لە سووریا کوردستانێکی یەکپارچە دروست بکات.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران رایانگەیاندووە کە ریگا نادەن هەوڵەکانی ئامریکا بە ئەنجام بگات و جەختیان کردووەتەوە یەکپارچەیی خاکی سووریە ناکرێ بکەوێتە مەترسییەوە.

پوستێن ھەمان بەش