کەمپەینی نوێی کەجەکە “تەجرید، فاشیزم و داگیرکاریی دەرباز بکە؛ کاتی مسۆگەر کردنی ئازادییە”

کەمپەینی نوێی کەجەکە"تەجرید، فاشیزم و داگیرکاریی دەرباز بکە؛ کاتی مسۆگەر کردنی ئازادییە"

پێویستە نەتەوەی کورد دژ بە پەکەکە کەمپینی “پەکەکە ئیدی بەسە، وەرە سەر رێبازی نەتەوەیی” بەڕێوە ببەن.

لە رۆژی 10ی ئەیلوولەوە، لەسەر ناوی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە، راگەیەندراوێک بڵاو کرایەوەو تێیدا هاتووە: “با تەجرید، فاشیزم و داگیرکاری کۆتایی پێ بێت، کات کاتی مسۆگەر کردنی ئازادییە”، وەکوو کەمپین راگەیەندرا. لە راگەیەندراوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ 100 ساڵی رابردوو کراوە و ئامانجی کەمپینەکەش بەم جۆرە دیاری کراوە: “ئارمانجی ئەم کەمپینە ئەوەیە کە ئەو سیستەمی ئەشکەنجەی لەسەر ئیمرالی بەڕێوە دەچێت، رابگیرێت. رێکەوتنی ئەکەپە ـ مەهەپە و ئەرگەنەکۆن کە پەرە بە داگیرکاریی دەدات، لە ناوخۆو دەرەوە زەخت بۆ سەر گەلی کورد و گەلانی دیکە دروست دەکەن، هەڵبوەشێنینەوە.”

گوتنەکان لەژێر یەکدەستیی پەکەکەدا: ئازادی، بەرخۆدان، دیموکراسی و پاشەڕۆژ

ئەگەر ئەو هەنگاوە سەربکەوێت چی روودەدات، ئەگەر بە کورتی لێی بڕوانین، “هێزی دیموکراتیک و شۆڕشگێڕی کوردان، هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاتێک خەباتەکەیان بکەنە یەک و بەو هێزەی خۆیانەوە بەرەنگاری رێکەوتنی ئاکەپە ـ مەهەپە ببنەوە، بە دڵنیاییەوە سەردەکەون. ئەو دەسکەوتە تەنها بۆ کوردستان و تورکیا نیە، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەتوانێت دیموکراسی و ئازادی و سەرجەم بەهاکانی دیکە پەرە پێبدات و بۆ جیهانیش ببێتە نموونە”.

ئەم نووسراوانە بۆ کەسێک کە یەکەمجارە راگەیەندراوی کەجەکە دەبینێت و دەخوێنێت زۆر رۆمانتیک و گرینگە، بەڵام کەسێک کە خەتی پەکەکە ـ کەجەکەی زۆر بینیبێت و خاوەن هۆشیارییەکی مێژوویی بێت، دەتوانێ راستیەکە ببینێت. “هەنگاوێک کە کەجەکە لە 12ی ئەیلوول دەستی پێکردووە، دوبارەکردنەوەی هەنگاوەکانی 20 ساڵی رابردوویە”، کەجەکە هەرجارەو قسەکانی رێبەر ئاپۆ تەجرید، پاشەڕۆژ بە رەنگێک دیزاین دەکات و هەرجارەیش وەکوو شتێکی زۆر نوێ و تازەخوڵقاو، پیشانیان دەدات. کاتی ئەوەیە ئێمە هەنگاوەکانی 20 ساڵی رابردووی کەجەکە بە بیر خۆمان بێنینەوە.

کەمپینەکانی پەکەکە

2001- 2003 كه‌مپینی بە خاوەن دەرکەوتن و پاراستنی ڕیبەر.

2005-2004  کەمپینی ئازادی بۆ سەرۆک.

2006-2005 کەمپینی ئۆجەلان ئیراده‌ی سیاسی منە.

2007 کەمپینی ئێدی بەسە.

2009 کەمپینی بەڕێز ئۆجەلان.

2012 کەمپینی یان ئازادی، یان ئازادی.

2014 کەمپینی مسۆگەرکردنی ئازادیی فیزیکی سەرۆک.

2015 کەمپینی بەڕێوەبەریی خۆسەر.

2019 کەمپینی ئێمە تەجرید دەشکێنین و فاشیم هەڵدەوەشێنین و کوردستان ئازاد دەکەین.

2020  کەمپینی کات کاتی کۆتاییهێنان بە تەجرید، فاشیزم و داگیرکارییە؛ کاتی دابینکردنی ئازادییە.

ئەو کەمپینە هەرە گەورەکانن کە باسمان کردوون دەنا زۆر کەمپینی دیکەش لە ئاستی ناوچەدا بەڕێوە دەچن و ەکوو کەمپینەکانی ژنان و گەنجان.

ئەگەر ئێوە راگەیەندراوەکانی ئەو هەنگاوانە کۆ بکەنەوە و لەپاڵ یەکیان دابنێن، دەبینن کە لە ساڵانی 2001 تا 2020، هەمان پەیڤ و دەستەواژە بەکار هاتوون. سەرەتا باسی مێژوو دەکەن و دەڵێن: “ئازادیی ئۆجەلان ئازادیی ئێمەیە، هەلوەشاندنەوەی پەرگالی تەجریدی لە ئیمرالی دەتوانێ رێگا بۆ رووناک بوونەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە و تورکیا دیموکراتی بکات”، ئەوەش بۆ هەر پارچەیەک بەکار دەهێندرێت.

ئەمە 20 سالە ئەو هەنگاوانە دووپات دەکەنەوە، میلمێکیش پێشکەوتنیان بەدەست نەهێناوە. پەکەکە راگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە، رێکخراوە پاشکۆکانی پشتیوانیی لێ دەکەن و ئەو خەڵکەش کە لە دەور پەکەکەن و رۆژ بەڕۆژ کەمتریش دەبنەوەبە زۆر ئاڵاو وێنەی ئۆجەلانەوە خۆیان نیشان دەدەن. دەیانهەوێ لە رێگای بەکارهێنانی ئاڵاو وێنەی زۆرەوە وا نیشان بدەن کە جەماوەرێکی زۆرن. مانگێک ـ دوو مانگ بەر لە ئێستا، کەجەکە دیسان هەرکەس بتوانێ بانگی دەکات و بەمشێوەیە هەر بەهار و پاییزێک بە میوزیک، گۆرانی و هەڵپەڕکێ وا نیشان دەدەن کە ئەوان خزمەتی شۆڕشی کوردستان دەکەن. بەڵام کەسێک کە لە پاریس و فرانکفۆرت دانیشتووەو تەنها هاوار دەکات “بژیت برایەتی گەلان، بژیت سەرۆک ئاپۆ”، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەبات و شۆڕشی کوردستان نابێت. تەنانەت دەتوانین بڵێین لەم سەردەمەدا بەجۆرێک مۆرالی کوردەکان دەکرێتە ئامانج.

ناپیلیۆن: هونەری پەیڤ تەنها دووبارە کردنەوەیە

پەکەکە زۆر بە ژیری بەردەوامی بە “وەرسووڕانە خرش”ـەکانی دەدات. پەکەکە وەکوو ئەندازیارێکی کۆمەڵایەتی، زۆر بەباشی دەتوانێ رۆژەڤی کۆمەڵگە پێچەوانە پیشان بدات. ئەو شتانەی کە پێویست نین وەکوو مژارێکی بنەڕەتی پیشانیان دەدات، مژارە بنەڕەتی و گرنگەکانیش پشتگوێ دەخات. بۆ نموونە پەکەکە دەڵێت: “بە ئازادیی ئۆجەلان تەواوی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووناک دەبێتەوە.” ئەمە تەنها چیرۆکێکە ئەگەر پەکەکە ئەو چالاکیەی کە بۆ ئازادیی ئۆجەلان لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لە باکووری کوردستان ئەنجامیدا، بۆ جێخستنی زمانی کوردی کردبای ئێستا زمانی کوردی ببووە زمانێک کە بە فەرمی دەناسراو کوردەکان کەڵکیان لێوەردەگرت. بەڵام پەکەکە ئەوەی نەکرد و سەرەڕای زۆر رەخنەو پێشنیاریش بەڵام هەر لەسەر خەتەکەی خۆی سوور بوو.

ناپلیۆن دەڵێت “هونەری قسە کردن تەنها دوبارەکردنەوەیە”، ئەگەر شتێک بە هەمان دەستەواژە بێ پسانەوەو بەشێوەی بەردەوام دووپاتی بکەینەوە، پاش ماوەیەک لایەنی بەرانبەر بەو قەناعەتە دەگات کە ئەو قسانە راستن. پەکەکە بەو پێیە ئەسپی خۆی تاو دەدات. ئەو کەسانە کەمن کە پێیانوایە ئازادیی ئۆجەلان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووناک دەکاتەوە بەڵام دەتوانن لەو بوارەدا بەشێوەی جۆراوجۆر مانۆر بدەن و ئەوەندەی دووپات بکەنەوە تاوەکوو کەرەستەیەکی میکانیکی ئەو دەستەواژانە لەبەر بکەن و بەردەوام دووپاتی بکەنەوە.

کوردستان پێویستی بە کەمپینی “پەکەکە ئیدی بەسە، وەرە سەر رێبازی نەتەوەیی” هەیە.

ئەو هەنگاوانی پەکەکە تەنها لەسەر بنەمای قۆرخ کردنی مژار بنیات نراوە. ئەوە ئەرکێک دەداتە هەر پارچەیەک. بۆ نموونە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ دۆخێکی گرنگ و ئەرکێکی گرنگی وەکوو یەکێتی نەتەوەیی بەرەوڕوویە. لەکاتێکی واهەستیاردا و لە حاڵێکدا رۆژئاوا بۆتە مەیدانی بەریەک کەوتنی زلهێزەکانی جیهان بەڵام پەکەکە داوا لە گەلی رۆژئاوا دەکات: “بکەونە کۆڵانەکان و وێنەی ئۆجەلان بەرز بکەنەوە و دروشمەکانی پەکەکە بڵێنەوە. لە راستیدا لە ئێستادا بەرژەوەندی رۆژئاوای کوردستان لەوەدا نیە کە کەمپینێک بۆ تەجریدی ئۆجەلان بەڕێوە ببات. چارەنووسی نەتەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان وەکوو حیزبەکان بڕیاریان داوە لە قامیشلوو کۆ ببنەوە و بە دیبلۆماسیەتییەکی هاوبەش بتوانن قەوارەیەکی بۆ رۆژئاوا ساز بکەن کە لە ئاستی نیودەولەتیدا بە فەرمی بناسرێت، قەڵەمگێڕەکانی پەکەکە یەکیەتی لایەنە کوردیەکانی رۆژئاوا شەرمەزار دەکەن و پەکەکە دەیهەوێ ئەو راستیە بە تەجریدی ئۆجەلان بشارێتەوە.

لەئێستادا یەکێک لە مەترسیە گرنگەکان بۆ کوردستان، ئەو قۆرخکاریانەیە کە پەکەکە لەسەر پرسە گرنگەکان و رۆژەڤی رۆژئاوا ئەنجامیان دەدات. ئەگەر کورد بیهەوێ لەم سەدەیە کە نەخشەی سیاسی جیهان خەریکە گۆڕانکاری بەخۆیەوە دەبینێت، شتێکی دەسکەوێت، پێویستە لەسەر بنەمای واقعییەت سیاسەت بکات. پێویستە ریالیست بن و واز لە خەون و خەیاڵ بهێنن. پێویستە لە قۆرخ کردنی دەستەواژەو قسە و دوبارە کردنەوەیان لەلایەن پەکەکەوە خۆیان بەدوور بگرن. ئەگەر پێویست بکات دەبێ کورد دژ بە پەکەکە کەمپینی “پەکەکە ئیدی بەسە، وەرە سەر رێبازی نەتەوەیی” بەڕێوە ببەن.

پوستێن ھەمان بەش