پەکەکە لە “ئامەد”ـەوە بەرەو ئامێدی

ئامێدی شارێکی دێرین و مێژوویی باشووری کوردستانە و بە پایتەختی میرنشینی بادینان دەناسرێت، ئەو میرنشینەی کە لە کاتی خۆیدا، خاوەن هێز و دەسەڵاتێکی زۆر گەورە بوو. ئەو شارە لەسەر چیایەک هەڵکەوتووە کە وەکوو قەڵایەکی سروشتی خۆی دەنوێنێت.

مێژووری دروستبوونی ئامێدی بۆ 3000 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە. هەریەک لە ناوچەکانی شیلادزی، کانی ماسی، بامەڕنی، چەمانکی، سەرسنک و دێرەلۆک لەخۆی دەگرێت.ئامێدی شوێنی نیشتەجێبوونی عەشیرەتە رەسەنەکانی کوردستانە. وەکوو عەشیرەتەکانی “نێروەیی، رێکانی، دۆسکی، بەرواری، نهێلی، بەرگارەی و مشاری سپنەیی بادینان”. زۆر شارستانیەتی جۆراوجۆری وەکوو ئاشووری، ساسانی، ئەشکانی و چەندین شارستانیەتی دیکە لە ئامێدی حوکمیان کردووە.

گواستنەوەی گریلا بۆ ئامێدی

هاتنی پەکەکە بۆ سنووری ئامێدی بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. لەو کاتەدا رێکخراوە کوردستانیەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوکاری زۆری پەکەکەیان کرد. بەڵام لە راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 لە باشووری کوردستان کە پێشمەرگە سەرقاڵی رزگارکردنی ئەو بەشەی کوردستان بوو، پەکەکە دۆخەکەی بە دەرفەت زانی بۆخۆی و لەکاتێکدا پێشمەرگە سەرقاڵی کۆنترۆڵ کردنی شارەکان بوو، گریلا شوێنەکەی ئەوانی داگیرکردن.

پەکەکە بە خەڵکی گوندەکانی سنووری ئامێدیی دەگوت: ئەوانە ئێستا گوندی ئێوە نین و بەشێکن لە هەرێمی پاراستنی میدیا، ئێوە گوندی خۆتان فرۆشتووەو پارەی خۆتان وەرگرتووە.

پاش راپەڕین و لە کاتێکدا کە حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان دامەزران. حکوومەتی هەرێم بەپێی توانای خۆی هەوڵیدا خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەکوو ئاو، کارەبا، قوتابخانەو رێگاوبان  بۆ ئەو گوندانە دابین بکات تاوەکوو دیسان هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە کە لە سەردەمی رێژیمی بەعسدا نەیانتوانیبوو سەردانی گوندەکانیان بکەن، کاری وەرزێڕی و ئاژەڵداری خۆیان لە زێدی خۆیان دەستپێبکەنەوە. حکوومەت پێیوابوو گەڕانەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە هەم بۆ ژیانی ئەو خەڵکە باشەو هەمیش لەبواری چاندن و ئاژەڵداریەوە، ئابووریی کوردستان بەهێز دەکات.

بەڵام بەداخەوە پەکەکە ئەو دەرفەتەی لەناو برد و هاوشێوەی رێژیمی بەعس بیانووی بە خەڵکەکە دەگرت و ئەو ناوچانەی وەکوو ناوچەی شەڕ دەستنیشان کردن. پەکەکە راپەڕینی بە دەرفەتێک بۆ خۆی زانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە گوندە سنووریەکانی ئامیدی و دەوروبەری کۆنترۆڵ کرد و خاڵی پشکنین و بارەگای خۆی لەو گوندانە دامەزراند. کاتێک هاووڵاتیانی ئەو گوندانە دەیانەویست بگەڕێنەوە گوندەکانی خۆیان، پەکەکە پێی دەگوتن: “ئەوانە ئێستا گوندی ئێوە نین و بەشێکن لە هەرێمی پاراستنی میدیا، ئێوە گوندی خۆتان فرۆشتووەو پارەی خۆتان وەرگرتووە”. پەکەکە هەروەها دەشیگوت: “ئێمە نوێنەری سەددامین لێرەو رێگا نادەین ئێوە بگەڕێنەوە ناو گوندەکانتان”.

زۆربەی زۆری ئەو گوندانەی کە پەکەکە کۆنترۆڵی کردن، گوندی عەشیرەتەکانی نێروەیی، رێکانیان، نهێڵ و بەرواری بوون. بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەو قێزەونەی پەکەکەوە، هاووڵاتیانی ئەو گوندانە بە ناچاری روویان لە کەمپەکان کرد کە دوور لە گوندەکانی دروستکرابوون و لەو کەمپانەشدا نەیاندەتوانی کار بکەن.

تاوەکوو ئێستا پەکەکە 487 گوندی لە سنووری قەزای ئامێدی و ناوچەکانی دەوروبەری لەژێر کۆنترۆڵی دایەو بە هیچ شێوەیەک ریگا نادەن خەڵکی ئەو گوندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. پەکەکە ئەو گوندانەی وەکوو هەرێمی پاراستنی میدیا و ناوچەی شەڕ داناوەولەو بارەوە پەکەکە لاسایی رێژیمی بەعسی رووخاو دەکاتەوە. لەسەردەمی رێژیمی بەعسیشدا ئەو ناوچانە وەکوو ناوچەی سەربازی راگەیەندرابوون و بەوشێوەیە ژیانیان لە هاووڵاتیانی ئەو گوندانە کردبووە دۆزەخ.

پەکەکە نان و قووتی خەڵکی ئامێدیی وەکوو باج و مافی حیزبی خۆی دەزانێت

لەکاتی شەڕی پەکەکە دژ بە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، هیچ زوڵم و ستەمێک نەما کە پەکەکە دەرحەق بە خەڵکی ئامێدی و ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجامیان نەدات. زوڵم و ستەمێکی ئەوەندە قێزەون کە تەنها مەگەر حکوومەتی بەعس بەرانبەر بە خەڵکی ناوچەی ئامێدی ئەنجامی دابێتن. پەکەکە بە گشتی قەزای ئامێدی و ناوچەکانی دەوروبەری کردبوو ناوچەی سەربازی و بە ڕۆژ خۆیان لە چیاکان دەشاردەوەو دەنوستن و بە شەویش لەناو ئەو گوندانەی کە ئاوەدان بوون، بە دوای پێشمەرگەی هەژار و فەرماندەکانیاندا دەگەڕان. ئەوەی بێڕێزی و ستەم بوو پەکەکە دەرحەق بە خەڵکی ئەو ناوچەیە ئەنجامیدان.

لە نۆهەتەکانی سەدەی رابردوودا کە پەکەکە دژ بە حکوومەتی یاسایی و شەرعیی هەرێمی کوردستان شەڕی دەستپێکرد، لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیە لەوپەڕی هەژاریدا دەژیان و نەیاندەتوانی بەباشی پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەیان دابین بکەن، گریلاکانی پەکەکە بە داری زۆر، نان و پێخوەری سەر سفرەی خەڵکی هەژاری ئامێدی و ناوچەکانی دەوروبەریان لێ ئەستاندن و دەیانبرد. خەڵک نەیدەوێرا هیچ شتێک لە ماڵی خۆیان رابگرن. گریلاکان بە مەرجێک رێگای پێدەدان کە ئەو خەڵکە بچنە سەر مەزرا و رەزو باخی خۆیان کە باج بە پەکەکە بدەن. تەنانەت لە شوانی مەڕەکانیش باجیان وەردەگرت، بە کورتی روحمیان بە هیچ کەسێک نەدەکرد و قووتی ئەو خەڵکە هەژارەیان وەکوو باج و مافی حیزبەکەی خۆیان دەزانی.

ئەوەی پەکەکە کردی، رێژیمی بەعسیش نەیکرد

لەکاتی شەڕکردن دژ بە حکوومەتی یاسایی و شەرعیی هەرێمی باشووری کوردستاندا، لەبەر ئەوەی ناوچەی ئامێدی شاخاوییە، پەکەکە بە ئاسانی دەیتوانی گرفت بۆ خەڵکی ناوچەکە ساز بکات. لەکاتی شەڕدا پەکەکە ڕێگای نەدەدا ئامبۆلانس نەخۆشەکانیش لە شیلادزێ و دێرەلۆکەوە ببەنە ئامێدی یان دهۆک. ئەگەر کەسێک بیویستبایە بڕوات ئەوان بە چەکی دۆشگا و قەنناس رێگای سەرەکی نێوان شیلادزێ و دیرەلۆک بۆ ئامێدی و دهۆکیان لێ دەگرت. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە لە درێژایی شەڕی چەندین ساڵەی حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە دژی پێشمەرگەکانی کوردستان، لە هیچ دۆخێکدا حکوومەت ئەو کارەی پەکەکەی نەکردبوو، قەد رێگای لە نەخۆش و پیرو پەککەوتە نەگرتبوو.! یەک پێشمەرگەش نەیدەوێرا شەوانە بە ئیسراحەت لە ماڵەکەی خۆیدا بخەوێت. کەسوکاری پێشمەرگەش لەژێر چاوەدێری و زەختێکی زۆری پەکەکەدا بوون. رۆژ نەبوو دەنگی دۆشگای گریلاکان نەبیسرێت، بەشیوەیەک کە ئەو دەنگە بۆ خەڵک ئاسایی ببووەوەو دەنگی دۆشگا دەنگێکی ئاشنا بوو بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە. خەڵک نەیاندەوێرا لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە، بە بێ ئەوەی هیچ تاوانێک و گوناحێکیان هەبێت. سووچی ئەوان تەنها ئەوە بوو کە گوندەکانیان و زێدی باوباپیرانیان کرابوونە گۆڕەپانی جەنگێک کە هیچ پەیوەندییەکی بەوانەوە نەبوو. شەڕێک کە لەلایەن پەکەکەوە بەسەریاندا سەپابوو.

پەکەکە هەموو شتێکی بەسەر “ئامێدی”دا هێنا

باسکردن لەو چەرمەسەریانەی کە خەڵکی ئامێدی و ناوچەکانی دەوروبەری بەهۆی پەکەکەوە تووشی بوون قەد کۆتایی نایەت. پەکەکە ئەوەی پێیکرا بەسەر ئامێدیدا هێنای. گوندەکانی سووتاندن، خەڵکی برسی کرد و قووتی خەڵکی خوارد، بێڕێزیی بە خەڵکەکە کرد، ماڵ و حاڵی بەتاڵان بردن، ئاوارەو دەربەدەری کردن و زۆر کەسی لێ شەهید کردن. بەڵام سەیر ئەوەیە کە ئێستاش دێت و باس لە پاراستنی گەنجانی ئەو ناوچەیە دەکات. باس لە پاراستنی ئەو گەنجانە دەکات کە بەشێکی زۆریان بەهۆی پەکەکەوە باب و دایکیان لەدەستداوەو بێ سەرپەرست و بێ ماڵ و حاڵ ماون.

بەڕاستی بڵێی پەکەکە و سەرکردایەتی پەکەکە هەتا کەی لەو ڕاستیە تێنەگەن کە مەیدانی راستەقینەی خەباتی ئەوان “ئامەد”ی باکووری کوردستان و پایتەختی کوردستانی گەورەیە. سەرکردایەتی پەکەکە هەتا کەی نایانهەوێ تێبگەن کە ئازاد کردنی “ئامەد” لەژێر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا ئەرکی سەرەکی پەکەکەیە، نەک دروست کردنی گرفت و ئاڵۆز کردنی دۆخی “ئامێدی” لە باشووری کوردستان و دژایەتی کردنی کوردی هەر 4 پارچەکەی کوردستان؟

دوژمنی باب و کالان نابێتە دۆستی لاوان

لە کۆتاییدا روو لە خەڵکی “ئامێدی” بەگشتی و لاوانی ئەو قەزایە بەتایبەتی، دەڵێین ئەو کەسانەی کە مێژوو ناخوێننەوە ناچار دەبن هەموو مێژوو جارێکی دیکە ئەزموون بکەنەوە. لەبەر ئەوەیە کە تکاتان لێ دەکەین با لە مێژووی نۆهەتەکانی سەدەی رابردوو بڕوانین و بیخوێنیەوە بۆ ئەوەی بزانین کە پەکەکە چی بەسەر باب و کال و ناوچەکانی ئەواندا هێناوە. بۆ ئەوەی ناچار نەبین ئەو مێژووە جارێکی دیکە بە چاوی خۆمان ببینینەوە. ئێمە بە گەنجانی ئامێدی دەڵێین “دوژمنی باب و کالان، نابێتە دۆستی لاوان”.

پوستێن ھەمان بەش