لە مانگی داهاتووەوە لە ئەمەریکادا کوتان دژی کۆرۆنا دەستپێدەکات

لە مانگی داهاتووەوە لە ئەمەریکادا کوتان دژی کۆرۆنا دەستپێدەکات

یەکەم گرووپی خەڵک کە ڤاکسینەکەیان لێدەدرێت، کەسانی بەتەمەن و ئەوانەن لە بەرەی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادان.

سەرچاوەیەکی فەرمیی ئەمریکی  ئاشکرایکرد، سەرەتای مانگی داهاتوو، لە ئەمریکا دەست بە دابەشکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دەکرێت و کوتانی خەڵک بەو ڤاکسینە دەستپێدەکات.

 بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، یەکەم گرووپی خەڵک کە ڤاکسینەکەیان لێدەدرێت، کەسانی بەتەمەن و ئەوانەن لە بەرەی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادان.

 مۆنسیف سلۆوی، بەرپرسی هەوڵەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسین رایگەیاند، 24 کاتژمێر دوای پەسەندکردنی ڤاکسین لەلایەن ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکاوە، دەتوانین دەست بە دابەشکردنی ڤاکسین بکەین.

 ئەو بەرپرسە دەشڵێت، لەوانەیە لە 11 یان 12ی مانگی داهاتوودا ڤاکسین لە ئەمریکا بەکاربهێندرێت.

 بەپێی ئەو سەرچاوەیە، دوای کۆکردنەوەی داتاکان سەبارەت بە هەردوو ڤاکسینی فایزەر و مۆدێرنا، رۆژانەی 8 تاوەکو 10ی دیسێمبەر کۆبوونەوە سەبارەت بە پەسەندکردن و پێدانی مۆڵەت بەو دوو کۆمپانیایە دەکرێت بۆ دابەشکردنی ڤاکسین لە ئەمریکا.

 ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رابردوو، کۆپانیای فایزەر بە فەرمی دوای مۆڵەتی دابەشکردن و بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینەی لە ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا کرد، کە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای بیۆنتێکی ئەڵمانی بەرهەمیهێناوە.

 جگە لە ڤاکسینەکەی فایزەر، کۆمپانیای مۆدێرناش دوایین تاقیکردنەوەی کۆتایی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاندووە و کاریگەریی ڤاکسیەنەکەش  94% زیاترە، هەربۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی داهاتوودا دوو جۆر ڤاکسین لە ئەمریکا دابەش بکرێن.

 فایزەر لەم ساڵدا 50 ملیۆن ڤاکسین بەرهەمدەهێنێت، مۆدێرناش 20 ملیۆن ڤاکسین. ساڵی داهاتووش بەرهەمەکانیان زیاتردەکەن و بەپێی لێدوانی ئەو دوو کۆمپانیایە بێت، “بە هەردووکیانەوە نزیکەی دوو ملیارد ڤاکسین بەرهەم دەهێنن.”

پوستێن ھەمان بەش