“چالاکیە سەربازییەکانی پەکەکە جگە لە خوڵقاندنی کێشە بۆ پارچەکانی کوردستان هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نیە”

"چالاکیە سەربازییەکانی پەکەکە جگە لە خوڵقاندنی کێشە بۆ پارچەکانی کوردستان هیچ دەسکەوتێکی بۆ کورد نیە"

“یەپەگە و یەپەژە نەبوون کە “کۆبانێ”یان رزگار کرد، ئەگەر پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فڕۆکەی هاوپەیمانان و لۆجستیکی ئەوان نەبووبا کورد سەرنەدەکەوت”.

مافناس و چالاکی سیاسی باکووری کوردستان رایدەگەیەنێت کە پەکەکە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ تورکیای نیە و هەڵمەتە سەربازییەکانی تەنها کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان زەرەرمەند دەکات.

سێدکێ زیلان مافناس و چالاکی سیاسی باکووری کوردستان لە دیمانەیەکی میدیاییدا رایگەیاندووە: پێگەی سیاسیی هەرێمی باشووری کوردستان لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا دانی پێدا نراوە و هەم وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاوای و کۆمەڵگای نیودەولەتییش قبووڵیان کردووە. کاتێک ئەم پرسەش پەسەند کراوە لەبواری مافناسانەوە پێکهاتەی هەرێمی کوردستان وەکوو کیانێکی سیاسی یاسایی ڕێزی لێدەگیرێت. هەربۆیە بوونی پەکەکە لەو چوارچێوەیەدا نە لەلایەن عێراق و نە وڵاتانی ناوچەکە و نە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکایشەوە قبووڵکراو نییە.

ناوبراو لە درێژەدا گوتوویەتی: “لە 2003دا لەسەر خواستی ئەمەریکا، تورکیا بۆ چارەسەری پرسی کورد دانوستانەکانی دەست پێکرد و بۆ ماوەی چەند ساڵ دانوستانەکان بەرەوپێش چوونی باشیان بەخۆوە بینی بەڵام پرسی “شەڕی خەندەقەکان” هەڵەیێکی گەورە بوو کە پەکەکە ئەنجامی داو باکووری کوردستانی تووشی خەسارێکی گەورەی سیاسی و ئابووری کردەوە و ژمارەیێکی زۆر لە گەنجی کورد بەهۆی ئەم سیاسەتەوە گیانیان لەدەست دا. هاوکات هەڵمەتە هەڵەکانی تورکیاش بۆ سەر قەندیل هەموو دانوستانەکانی بێ ئەنجام هێشتنەوە.

مافناس و چالاکی سیاسی باکووری کوردستان لەبارەی دانوستانی نێوان لایەنە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیەنێت: “پێویستە هێزێکی سەربازیی یەکپارچە بە بەشداریی سەرجەم لایەنەکان پێکبهێندرێت و ئرێگا نەدرێت ئەو دەرفەتەی کە بۆ ئەو بەشەی کوردستان هاتۆتە ئاراوە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی لایەنیکەوە لەکیش بچێت”.

سێدکێ زیلان ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەرێمی باشووری کوردستان قەوارەی سیاسی ـ یاسایی خۆی هەیە، حکوومەت و پەرلەمانیان هەیە و پێویستە پەکەکە ڕێزی لێبگرێت و کێشەیان بۆ نەخوڵقێنێت.

ناوبراو جەختی کردەوە: پەکەکە لەلایەن ئەمریکا و ئەورووپاوە خراوتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان و لەبارەی سەربازیشەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیای نییە لە راستیدا چالاکیە سەربازییەکانی پەکەکە هیچ قازانجێکی بۆ پرسی کورد نابێت تەنها کێشە و گرفت بۆ باشوور و رۆژئاوای کوردستان دروست دەکات. ڕەنگە پەکەکە لە ساڵی 91 و 92دا بیتوانیبایە کاریگەریی سەربازیی لەسەر دەولەتی تورکیا دروست بکات بەڵام ئەوەش بەهۆی سیاسەتە هەلەکانی پەکەکەو شەڕ کردن لەگەڵ کوردەکاندا هەر زوو لەکیس چوو. بەڵام لە ئێستادا پەکەکە توانای ئەمەی نییە کاریگەریی سەربازی لەسەر دەڵەتی تورکیا دروست بکات.

ئەم مافناسە کوردەی تورکیا وەبیری هێنایەوە: پێویستە پەکەکە بەرپرسیارێتی خۆی لەبارەی کێشە و گرفتەکان قبووڵ بکات و دەستوەردان لە کاروباری پارچەکانی دیکەی دیکەی کوردستان نەکات. گوتیشی: “ئەمڕۆ رۆژئاوای کوردستان لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە شەرعیەتیان هەیە و نابێت پەکەکە ئاستەنگیان بۆ دروست بکات.

سێدکێ زیلان گوتووشیەتی: “لەباری ئایدۆلۆژیەوە پەکەکە دژی وڵاتانی ئەورووپی و پێشکەوتووەو بەپێچەوانەوە پێوەندیی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە مافەکانی کوردیان قبووڵ نییە و کوردستانیان داگیر کردووە. هزری سیاسیی ئەو گرووپەش نەگۆڕاوە بۆیە باشتر وایە بیانوو نەداتە دەستی تورکیا و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان تا هێرشی سەر پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن.

سێدکێ زیلان لەبارەی سیاسەتەکانی پەکەکە لە رۆژئاواو باشووری کوردستانیش گوتی: پێویستە پەکەکە ڕاستییەکان قبووڵ بکات و بەرژەوەندیی کوردەکانی باشوور و رۆژئاوا لەبەرچاو بگرێت. تا ئەو کاتەی پەکەکە دەستیوەردان لەو بەشانەی کوردستاندا بکات، تورکیا پەکەکە دەکاتە بیانوو بۆ ئەوەی هێرشی سەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان بکات و مافەکانی کورد پێشێل بکات و خاکی کوردستان داگیر بکات.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: پەکەکە توانایێکی سەربازیی ئەوتۆی نییە و بەشەڕ کردن ناتوانێت کاریگەری دروست بکات. کۆبانی بە چەک و یەپەگە و یەپەژەوە ئازاد نەکرا، ئەگەر پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و فڕۆکەی هاوپەیمانان و لۆجستیکی ئەوان نەبووبا کورد سەرنەدەکەوت. بۆیەش باشتر وایە پەکەکە واقعگەرا بێت و سیاسەتی دروست پەیڕەو بکات.

پوستێن ھەمان بەش