لە 2 تەقینەوەدا 31 کۆماندۆی ئەفغانستانی کوژران

لە 2 تەقینەوەدا 31 کۆماندۆی ئەفغانستانی کوژران

تاڵیبان لە 6 مانگی رابردوودا 53 هێرشی خۆکوژی و 1250 تەقینەوەی جیاوازیان ئەنجامداوەو بەهۆیانەوە 1210 کەس کوژراون و 2500 کەسیش برینداربوون.

لە ئەنجامی 2 تەقینەوەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە رۆژهەڵات و باشووری ئەفگانستان روویاندا، 34 کەس کوژراون و لانیکەم 24 کەسی دیکەش بریندارن.

وەحیدوڵڵا جومعەزادە، گوتەبێژی ویلایەتی غەزنەی ئەفغانستان رایگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە 29/11/2020، رایگەیاند: تەقینەوەکە لە دەوروبەری پایتەختی ویلایەتی گزنی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە روویداوە، ئەو ناوچەیە پێشتر چەندینجار پێکدادانی نێوان هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبانی بەخۆوە بینیووە.

باز محەممەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گزنی بە ئاژانسی ‘فرانس پرێس’ی راگەیاندووە، “تەرمی 26 سەرباز گەیشتووەتە نەخۆشخانەکەمان، هاوکات سەرقاڵی چارەسەرکردنی 16 برینداری تەقینەوەکەین کە هەموویان ئەندامی سوپای ئەفغانستانن”.

 ناسڕ ئەحمەد فەقیری، ئەندامی ئەنجوومەنی ویلایەتی گزنی ئاشکرایکرد، تەقینەوەکە کاتێک روویداوە کە خۆکوژێک بە ئۆتۆمبێلیکی بۆمبڕێژکراوەوە، خۆی لەناو سەربازانی نێو بنکەکەی سوپادا تەقاندووەتەوە.

 هاوکات لە باشووری ئەفغانستانیش تەقینەوەیەکی دیکە روویداوەو ئوتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە کاروانی ئوتۆمبێلەکانی شارەوانی شاری زۆبالدا تەقاندۆتەوە.

بەپێی زانیاریەکان لە تەقینەوەی ئدووهەمیشدا 3 کەس کوژراون بەڵام شارەداری شارەکە بەرنەکەوتووەو زیندوویە.

لە ماوەی رابردوودا هێرشەکانی تاڵیبان بۆ سەر هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان زیادیانکردووە، رۆژی سێشەممەی رابردوو، لانیکەم 14 کەس گیانیانلەدەستدا، بەهۆی دوو تەقینەوە لە نێو بازاڕێکی ویلایەتی بامیان لە ناوەڕاستی ئەفغانستان.

 هێرشەکەی ئەمڕۆ، هاوکات لەپاش گیانلەدەستدانی 10 سڤیل و برینداربوونی 51 کەسی دیکە هات، لەئەنجامی هێرشێکدا، کە شەممەی رابردوو لە کابولی پایتەختی وڵاتەکە روویدا و ناوچە نیشتەجێیەکانی پایتەختی کردبووە ئامانج، لەنێویاندا هێرشی مووشەکی بۆ سەر نەخۆشخانەیەک.

 بزووتنەوەی تاڵیبان، بەرپرسیاریەتی پێشووی هێرشەکانی وڵاتەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام لە تەقینەوەکەی ئەمڕۆدا، تائێستا هیچ لێدوانێکی نەداوە.

 پێشتریش تاڵیبان هێرشی کردبووە سەر چەند دامەزراوەیەکی پەروەردەیی لە کابوولدا، کە زیاتر لە 50 قوربانیی لێکەوتبووەوە.

هەفتەی پێشوو، تارق ئاریان، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان ئاشکرایکرد، هێزەکانی تاڵیبان لە شەش مانگی رابردوودا 53 هێرشی خۆکوژییان لە وڵاتەکەدا کردووە، ئەمە جیا لە 1250 تەقینەوەی جیاواز لە چەندین ناوچەدا، کە بەهۆیانەوە 1210 کەس گیانیانلەدەستداوە و 2500 کەسی سڤیلیش برینداربوون.

پوستێن ھەمان بەش