شارەزایەکی رووسی: “بەغدا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی پێویستی بەهەولێر هەیە”

"بەغدا بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی پێویستی بەهەولێر هەیە"

گەڕانەوەی هەر دوو لایەنەکە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی ڕابردوو، دەتوانێ بەستێنێک بۆ ڕێککەوتنی یەکلاییی نێوان هەولێر و بەغدا بڕەخسێنێت.

ویکتۆر کاتۆنا لەو قەناعەتەدایە کە ئەگەرچی پێوەندیی نێوان هەرێمی باشووری کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق پێوەندیەکی گرژە بەڵام لە ئێستادا باشترین بژاردە ئەوەیە کە ئەو دوو لایەنە هاوکاریی یەکتر بکەن.

ویکتۆر کاتۆنا ئەندامی پەیمانگای ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی ڕووسیا دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق بە دۆخێکی قەیراناوی وەسف دەکات و دەشڵێت بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و دابەزینی ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر داوای ئۆپێک پڵاس، سێ هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە.

ئەندامی پەیمانگای ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی ڕووسیا لە وتارەکەیدا کە ئۆیل پرایز بڵاوی کردۆتەوە هۆشداریی ئەوەی داوە کە هەبوونی ناکۆکیی فراوان لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و بودجە، دەتوانێت دەوڵەتی عێراق بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار پەلکێش بکات بەو حاڵەشەوە ئەحتیاجی ئەو دوو لایەنە بە یەکتر بۆ چارەکردنی قەیرانی دارایی هەر دوو لایەنەکە لە یەکتر نزیک دەکاتەوە.

بە قەناعەتی ئەو ئەندامەی پەیمانگای ئەنجومەنی کاروباری نێودەوڵەتیی ڕووسیا گەڕانەوەی هەر دوو لایەنەکە بۆ ڕێککەوتنی ساڵی ڕابردوو کە بە گوێرەی ڕێککەوتنەکە هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتدا بە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە سەدی بودجەی عێراق وەردەگرێت، دەبێتە زەمینەسازێک بۆ ڕێککەوتنی یەکلاییی نێوان هەولێر و بەغدا.

پوستێن ھەمان بەش