“ئەودەمە کۆتایی هات پەکەکە لە شنگال ئاڵۆزی دروست بکات”

"80%ـی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌ گەڕێندراونەتەوە‌ بۆ شنگال داعش و پاشماوه‌ی داعشن"

“پێویستە پەکەکە هەموو بنکە و بارەگاکانی لە شنگال ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات و ئێستاش پۆلیسی فیدرال لەشنگال بۆ ئەو ئامانجە کار دەکەن”.

قایمقامی قەزای شنگال ئاشکرای کرد ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٩ی١١ی٢٠٢٠ چەندین گرووپ و تاقمی سەر بە پەکەکە بۆ بیانووی مانەوەی خۆیان لە سنوورەکە بەناوی خەڵکی شنگالەوە خۆپیشاندان دەکەن، کە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی خەڵکی شنگال ناکەن، چونکە ئەودەمە کۆتایی هات پەکەکە بتوانێت لە شنگال ئازڵۆزی دروست بکات.

مەحما خەلیل، لەمبارەوە بە ئاژانسەکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندووە: “پەکەکە هەموو هەوڵی خۆ دەدات لەناو شنگال بمێنێتەوە و حکوومەتی عێراقیش سوورە لەسەر دەرکردنی پەکەکە لە سنوورەکە و ئەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ گرووپەکانی پەکەکە دەیکەن، نوێنەرایەتیی خەڵکی شنگال ناکەن، چونکە خەڵکی شنگال ئارامی و سەقامگیری و ئاوەدانییان بۆ دەڤەرەکە دەوێت”.

قایمقامی شنگال گوتیشی: “بەپێی بڕیار و بەپێی خاڵەکانی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، دەبێ پەکەکە هەموو بنکە و بارەگاکانی خۆی لەناو شنگال ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات و ئێستاش پۆلیسی فیدرال لەناو شنگال بۆ ئەو ئامانجە کار دەکەن”.

مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەش کرد: “پۆلیسی فیدرالی بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی شنگال دەستیان بە چالاکی کردووە و بەپێی بڕیار چەندین گرووپ و هێزی چەکدار لەناو شنگال هەن کە سەر بە پەکەکەن وەکوو “یەپەشە، بەرخودانا شنگال و هێزی پاراستنی شنگال” و چەندین هێزی دیکە بەناوی جیاجیاوە لە شنگال هەن کە زۆربەیان سەر بە پەکەکەن، دەبێ بە زووترین کات شنگال چۆڵ بکەن، هەتا ئارامی و سەقامگیری بگەڕێتەوە ناوچەکە”.

پوستێن ھەمان بەش