بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دان بە بۆشایی ئەمنی و لاوازیی دەزگا هەواڵگریەکانی وڵاتەکەیەندا دەنێن

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دان بە بۆشایی ئەمنی و لاوازیی دەزگا هەواڵگریەکانی وڵاتەکەیەندا دەنێن

“کوژرانی فەخریزادە لە مانگێکدا ڕوویدا کە کەسی دووەمی قاعیدە لە تاران کوژرا و نیشانی دا ڕێژیمی ئێران ناتوانێت ئەمنییەتی هیچکەس دابین بکات”.

کوژرانی لەناکاوی ”موحسێن فەخریزادە” زانای ئەتۆمیی ئێران و بەرپرسی ڕێکخراوی توێژینەوە و داهێنەری وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمی ئێران، لاوازیی دەزگا ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێرانی ئاشکرا کرد و بەرپرسانی ڕێژیم بە ئاشکرا دانیان پێدا ناوە.

”موحسێن ڕەزایی” سەرۆکی کۆڕی گشتیی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم لە پەیامێک بۆ ”حەسەن ڕووحانی” وتوویەتی: ”درێژەی ئەم هەوڵانە دەرخەری لاوازی و بێهێزیی دەزگای ئیتلاعاتیی ئێرانە و دەبێ چارەیەک بۆ ئەمە لەبەرچاو بگیرێت”.

”حوسێن دێهقان” ڕاوێژکاری نیزامیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ”هۆکاری کوژرانی موحسێن فەخریزادە، بۆشایی و دزەی ئەمنییەتی بووە و بەرپرسان دەبێ وڵامدەر بن”.

هەروەها ”حوسێن عەلایی” فەرماندەی پێشووی سپای پاسداران بەنیسبەت ئەم بۆشاییە ئەمنییەتییەوە جەختی کردەوە کە ئیسرائیل زیاتر لە ١٠ ساڵە لە نێوخۆی ئێران ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری بەڕێوە دەبات کە یەک لەوان کوشتنی زانایانی ئێرانە.

ناوبراوی وتبووی: ”پێکهاتەی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل لە ئێران زۆر پێشکەوتوویە و پشتگەرم بە زانیاریی وردە”.

لەو پێوەندییەدا ڕۆژنامەی ”ئورشەلیم پۆست” کوژرانی ”موحسین فەخریزادە”ی بە مایەی شەرمێکی گەورە بۆ ڕێژیمی ئێران وەسف کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە نووسیویەتی، ڕێژیمی ئێران شەرمەزارە، کوژرانی فەخریزادە لە مانگێکدا ڕوویدا کە کەسی دووەمی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە تاران کوژرا و نیشانی دا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناتوانێت ئەمنییەتی هیچکەس دابین بکات.

پوستێن ھەمان بەش