“چوار لیوای پۆلیسی فیدراڵی له‌ شنگال جێگیركراون”

"80%ـی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی‌ گەڕێندراونەتەوە‌ بۆ شنگال داعش و پاشماوه‌ی داعشن"

هاووڵاتیانی شنگال: “ئێمە دەمانەوێت ھێزێكی یاسایی لە شنگال ھەبێت، نەك حزب و ھێزە میلیشیاكان، بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و شنگال ئاوەدان بكرێتەوە”.

دوو لیوای سوپای عێراق له‌گه‌ڵ چوار لیوای پۆلیسی فیدراڵی له‌ شنگال جێگیركران و په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش له‌ سه‌نته‌ری شنگال كشانه‌وه‌.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە دیمانەیەکدا لەگەڵ “كوردستان24” رایگەیاند: “نابێت هیچ هێزێكی چه‌كداری ناشه‌رعی له‌ شنگال و یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان بمێنن، و رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و بوژانەوەی ناوچەكە”.

لەپێناو جێبەجێكردنی رێككەوتنی ھەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، سوپای عێراق بە ھێزێكی زۆرەوە گەیشتووەتە شنگال و لیوای 66 و لیوای 72ی سوپای عێراق لە سەنتەری شنگال و ناحیەی سنونێ جێگیركراون، چوار لیوای پۆلیسی فیدرالیش لەسەر سنووری نێوان رۆژئاوای كوردستان و شنگال جێگیركراون، بۆ ئەوەی رێگری لە ھەر پشێویەك لە ناوچەی سنووری بكەن.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: “ئەمڕۆ بەرھەمی ئەو رێككەوتنە دەچنینەوە كە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال واژۆ كراوە، ئەو رێككەوتنە زۆر گرنگە لەپێناو كاری ھاوبەش لەنێوان ئێمە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان. دەبێ سەرجەم ھێزە نایاساییەكان لە شنگال بكشێنەوە و ھەموو كارێك دەكەین بۆ گێڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، دەبێ كاربكرێت بۆ بوژانەوەی ناوچەكە”.

هاووڵاتیانی شنگال دەڵێن ئێمە دەمانەوێت ھێزێكی یاسایی لە شنگال ھەبێت، نەك حزب و ھێزە میلیشیاكان، بۆ ئەوەی خەڵكی شنگال بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و شنگال ئاوەدان بكرێتەوە.

پوستێن ھەمان بەش