کەشتییەکەی ناسا گەیشتە مەریخ و یەکەم وێنەی رەوانە کرد

کەشتییەکەی ناسا گەیشتە مەریخ و یەکەم وێنەی رەوانە کرد

بڕیارە کەشتیی ئاسمانیی “پێرسەڤیرینس” یەکەمین نموونەی تاشەبەردی مەریخ بگەیەنێتە دەستی مرۆڤ.

کەشتییەکی ئاسمانیی ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا ناسراو بە ناسا، لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە و یەکەمین وێنەی مەریخی بۆ ئاژانسەکە ناردەوە.

 لە دوای 7 مانگ بەڕێکەوتن و بڕینی نزیکەی 470 ملیۆن کیلۆمەتر، کەشتی ئاسمانیی پێرسەڤیرینس لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە و یەکەمین وێنەی سەر هەسارەکەی بۆ ئاژانسەکە ناردەوە.

کەشتی ئاسمانیی پێرسەڤیرینس واتە “پێداگری و بەردەوامبوون”، بە پێشکەوتووترین تاقیگەی گەڕۆک لەبواری زیندەوەرزانیی گەردوونناسی دادەنرێت.

 خەرجی گەشتە ئاسمانییەکە 2 ملیار و 700 ملیۆن دۆلارە، بڕیارە کەشتییەکە بەدوای جۆرە بەکتریایەکدا بگەڕێت، کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی 3 ملیار ساڵ لەمەوبەر لەسەر هەسارەی مەریخ ژیابێت، ئەو کاتەی کە هەسارەکە گەرمتر و شێدارتر بووە و بەگوتەی زانایان ئەگەری بوونی ژیانی تێدا بووە.

 کەشتییەکە بەگوێرەی ئەو پلانەی کە بۆی دانرابوو لە ناوچەی ناسراو بە جێزیرۆ نیشتووەتەوە، کە حەوزێكی گەورەیە و زانایان پێشبینی دەکەن دەریاچەیەک بووبێت و ملیاران ساڵ لەمەوبەر وشکبووبێت.

 کەشتیی پێرسەڤیرینس چوارەمین کەشتیی ناسایە، کە لەسەر هەسارەی مەریخ دەنیشێتەوە، بەڵام لە سێ کەشتییەکەی دیکە پێشکەوتووترە و بڕیارە نموونەی تاشەبەردی سەر مەریخ وەربگرێت، کە دەبێتە یەکەمین نموونەی تاشەبەردن کە مرۆڤ تاوەکو ئێستا لە مەریخی وەرگرتبێت.

پوستێن ھەمان بەش