واشینگتن تایمز: تیمەکەی بایدن پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ رێژیمی ئێراندا هەبووە

بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی لە جیاتی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی سەر بە ئیدارەکەی ترەمپ، زیاتر هەوڵیانداوە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی پێشوو لە ئیدارەکەی ئۆباما دروست بکەن.

“بەرپرسانی ئێرانی لە جیاتی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەکەی ترەمپ، زیاتر هەوڵیانداوە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی پێشوو لە ئیدارەکەی ئۆباما دروست بکەن”.

رۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە، هەندێک لە ئەندامانی تیمەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێشتا کە دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی بووە، بە نهێنی پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا هەبووە بۆ ئەوەی رێگە لە سەرکەوتنە سیاسییەکانی ترەمپ لە بەرامبەر ئێراندا بگرن.

 بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتن تایمز، ترەمپ لە 2019 هەوڵیداوە لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئێران کەمتر بکاتەوە، بەڵام هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبوون، هۆکارەکەشی پەیوەندی بەرپرسانی پێشووی ئیدارەکەی باراک ئۆباما بووە لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا.

 تیمی بایدن هەوڵی لێدان لە ترەمپیان داوە

 هەندێک لە ئەندامانی تیمی ئێستای بایدن, کە ئەندامی پێشووی کابینەکەی باراک ئۆباما, سەرۆکی ئەمریکا بوون، بە نهێنی پەیوەندییان لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا هەبووە و لەگەڵیان کۆبوونەتەوە.

 ئێرانیش زوو بەدەم ئەو ئەندامانەی بایدنەوە هاتووە، کە ئەندامانی پێشووی ئیدارەی ئۆباما بوون، چونکە پێیوابووە بەرپرسانی پێشووی ئیدارەکەی ئۆباما مامەڵەیەکی نەرمتریان لەگەڵ ئێران هەیە و هیواشی بەوە هەبووە زوو دەگەڕێنەوە دەسەڵات و کۆشکی سپی بەدەست دەهێننەوە.

 رۆبەرت مالێی

 لە نۆڤەمبەری 2019 رۆبەرت مالێی، کە راوێژکاری  پێشووی باراک ئۆباما بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە نیویۆرک چاوی بە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کەوتووە، هەر لەوێش باسیان لە پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا کردووە بۆ قۆناخی دوای ترەمپ.

 ماڵێی لە ئیدارەی جۆ بایدن، پۆستی نێردەی ئەمریکای بۆ کاروباری ئێران وەرگرتووە.

 رۆژنامە ئەمریکییەکە پێیوایە ئەم پەیوەندییە نهێنییانە هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی ئێران نەیەتە ژێر باری گوشارەکانی ترەمپ، چونکە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ترەمپیان کردووە.

 ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی لە جیاتی هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی سەر بە ئیدارەکەی ترەمپ، زیاتر هەوڵیانداوە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی پێشوو لە ئیدارەکەی ئۆباما دروست بکەن.

 جۆن کێری

 یەکێکی دیکە لەو بەرپرسانەی لەم هەوڵەدا بەشدار بووە، جۆن کێری، وەزیرەی دەرەوە لە کابینەکەی ئۆباما و نێردەی ئێستای سەرۆکی ئەمریکا بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا بووە.

 بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامە ئەمریکییەکە کێری لە سەردەمی ترەمپدا چەند جارێک محەممەد جەواد زەریفی بینیوە، هەروەها ئێرنست مۆنیز، وەزیری وزەی ئەمریکا لە ئیدارەی ئۆباما بە هەمانشێوە لەگەڵ زەریف کۆبووەتەوە.

 ئەو سێ کەسەی سەرەوەش واتە کێری، مالێی و مۆنیز،  لە 2015دا رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.

 دیپلۆماسیەتی سێبەر

 دەزگای بەرگری لە دیموکراسی بۆ توێژینەوە لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکردوە ئەو هەوڵەی بەرپرسانی پێشووی ئیدارەی ئۆباما دیپلۆماسیەتێکی سێبەری نێوان بەرپرسانی پێشووی ئیدارەکەی ئۆباما و ئێرانییەکانە، هەروەها وەک پیلانگێڕییەک وایە دژ بە ئیدارەی کۆشکی سپی لەو کاتەدا، چونکە بەتایبەت ئەو کاتەی ئەوان بە نهێنی بەرپرسانی ئێرانیان دەبینی، ئێران چالاکییەکانی دژ بە سەربازانی ئەمریکا لە عێراق فراوانتر کردبوو.

 مارک دوبۆڤیتز، بەرپرسی ئەو دەزگایە پێیوایە کارکردنی بەرپرسانی پێشووی هەر ئیدارەیەکی پێشووی ئەمریکا بەم جۆرە، کۆماری بن یان دیموکرات، هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی شکۆی ئیدارەی کارای کۆشکی سپی لە هەرکاتێکدا بێت، بەتایبەت ئەگەر ئەو بەرپرسانە لەگەڵ دوژمنێکی ناسراوی ئەمریکا کاربکەن.

 ئەمەش لەکاتێکدایە نەک ئیدارەکەی ترەمپ بەڵکو ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکاش بەهەمانشێوە ئێرانیان وەک دوژمن و وڵاتی سپۆنسەری تیرۆر ناساندووە.

 بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامە ئەمریکییە، محەممەد جەواد زەریف لە ساڵانی 2017، 2018 و 2019 رووبەڕوو بەرپرسانی پێشووی ئیدارەکەی ئۆبامای دیوە و ئەو بەرپرسانەش ئێستا ئەندامی تیمەکەی جۆ بایدنن.

تەنانەت باس لەوەش دەکرێت لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ساڵی 2018، زەریف لە ئەڵمانیا، لەگەڵ هەریەک لە ئێرنست مۆنیز، وەزیری وزە و ویندی شیرمان یەکێک لە دانوستاندنکارانی گفتوگۆکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، کۆبووەتەوە.

 دواتریش لە 2019 رۆبەرت مالێی, راوێژکاری ئۆباما بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوی بە زەریف کەوتووە. سەرچاوەکانی ئەو رۆژنامەیەش باس لەوە دەکەن مالێی لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ زەریف، پێیگووتووە، چاوەرێ بکەن تاوەکو سەرۆکایەتی ترەمپ کۆتایی دێت، دوای ئەوە لە 2021 ئیدارەی دیموکراتەکان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی پێشووی ئۆباما لەگەڵ ئێران.

 رۆژنامە ئەمریکییەکە دەشڵێت پەیوەندییان بە ئەو ئەندامانەی ئیدارەکەی بایدنەوە کردووە، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ زەریف بدەن.

 لایەنی سێیەم; ئەنجوومەنی ئێرانی- ئەمریکی

ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئێرانی- ئەمریکی لە واشنتن یەکێکی دیکەیە لەو کەناڵانەی کە کاری لەسەر ئەم پەیوەندییە کردووە. بەپێی زانیاریی ئەو رۆژنامە ئەمریکییە، تریتا پارسی کە دامەزرێنەری ئەو ئەنجوومەنە بووە و ئێستا جێگری سەرۆکی دەزگایەکی توێژینەوەی ئەمریکییە لە واشنتن، لە ساڵانی دوای 2008ەوە چەند کۆبوونەوەیەکی زەریفی لەگەڵ کۆنگرێسمانە ئەمریکییەکان رێکخستووە.

 هەروەها راپۆرتێکی ماڵپەڕی واشنتن فری بیکن لە ساڵی 2017 ئاماژەی بەوەکردووە پارسی 33 جار رۆبەرت مالێی و چەند بەرپرسێکی پێشووی ئیدارەکەی ئۆبامای دیوە.

 رۆژنامەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکیشەوە بڵاوی کردووەتەوە کە پارسی یەکێکە لەوانەی نزیکە لە بەرپرسانی ئێران و  لەناو ئەمریکاش دەیەوێت نوێنەرایەتی ئێرانییەکان بکات.

 حوسێن موسەویان، دیپلۆماتکاری پێشووی ئێرانی سەبارەت بە پارسی دەڵێت، هیچ نهێنییەک لەوەدا نییە کە پارسی, محەممەد جەواد زەریفی بینیوە، بەڵام ئەنجوومەنەکەی ئەو پەیوەندی بە کارکردن بۆ بەرژەوەندیی حکومەتی ئێرانەوە نییە و تەنیا پەیوەستە بە کارکردن لەسەر پەیوەندیی ئەمریکییەکان و ئێرانییەکانەوە. کاری سەرەکیشی وەرگرتنی بۆچوونی ئەو ئێرانییانەیە، کە لە ئەمریکا دەژین.

 هەر سەبارەت بەو پەیوەندییانەی ئەندامانی تیمەکەی پێشووی ئۆباما و ئێستای بایدن، دۆناڵد ترەمپ لە یەکێک لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکاندا لە ئایاری 2019 ئاشکرای کردبوو کە جۆن کێری یەکێکە لەوانەی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا هەیە، ترەمپ لەوێدا گوتی، جۆن کێری یاسای پێشێل کردووە، ئەو قسە لەگەڵ ئێرانیەکان دەکات و چەندین چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئێرانییەکان هەبووە، بەڵام ئەو کاتە هیچ مشتومڕێک لەسەر ئەم پەیوەندییەی کێری بە ئێرانییەکانەوە دروست نەبوو.

 ترەمپ دواتر لە ئەیلولی هەمانساڵدا هەوڵیدا لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پاکستانەوە کەناڵێکی نوێ بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ ئێرانییەکان بکاتەوە، بەڵام ئەو کاتە ئێرانییەکان بۆ ئەو پەیوەندییە بە پەرۆش نەبوون.

سەرچاوە: رووداو

پوستێن ھەمان بەش