حەیدەر شەشۆ زانیارییەکانی پێگەی “دارکا مازی” پشتڕاست دەکاتەوە

حەیدەر شەشۆ زانیارییەکانی پێگەی"دارکا مازی" پشتڕاست دەکاتەوە

حەیدەر شەشۆ تەرکیز لە سەر زانیارییەکانی پێگەی “دارکا مازی” دەکات

ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە، 3 لیوای میلیشیای حەشد لە شنگال جێگیر بوونە. سەبارەت بەوە، فەرماندەی پاراستنی ئێزیدخان “حەیدەر شەشۆ” هۆشداری دەدات.

فەرماندەی پاراستنی ئێزیدخان “حەیدەر شەشۆ” لە دیمانەیەکدا لەگەڵ K24، ڕایگەیاند: 3 لیوای میلیشیاکانی حەشد لە شنگال و چیای شنگال جێگیر بوون. هێزێک لە نێوان ڕەبیە و سنوونێ، هێزێک لە نێوان بەعاج و شنگال و هێزێکی دیکەش لە نێوان تەلەعفەر و شنگالدا و بەشێکیش لە سەر چیای شنگال جێگیر بوون.

هەروەها شەشۆ گوتی: ئەو هێزانەی حەشد لە شنگال جێگیر بوون تاوەکوو فشار بخەنە سەر خەڵکی شنگال و ناوچەکە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن. لیواکانی حەشد بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی عێراق نەهاتوون.

حەیدەر شەشۆ گوتی: “بە باوەڕی من، ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی دەیانهەوێت پیلانی هیلالی شیعە جێبەجێ بکەن. وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان، چاویان لە سەر شنگالە.”

حەیدەر شەشۆ ئەوەی خستە ڕوو، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەر کردنی دۆخی شنگال نادرێت و گوتی: “هەر شوێنێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان تەداخولی تێدا کردبێت، خێری لێ نەماوە و بووەتە جێگای ناکۆکی”.

سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆی سەربازی بۆ سەر شنگال، فەرماندەی پاراستنی ئێزیدخان هۆشداری دا کە وا هەر شەڕێکی تازە لە شنگال دروست بێت بۆ سەر خەڵکی شنگال دەبێتە مەترسی.

دەزانرێت کە پێش ئێستا پێگەی “دارکا مازی” لە دوو ڕاپۆرتدا زانیاری تایبەتی لە سەر دۆخی شنگال و هێنانی هێزێکی زۆری حەشد بە فەرمانی ڕێژیمی ئیسلامی و بە سەرۆکایەتی سەر ئەرکانی گشتی حەشد بە ناوی “ئەبو فەداک” کە لە 4 لیوا پێک دێت بڵاو کردبووەوە. هاتنی ئەو هێزانەی حەشدی بە ناو شەعبی بۆ شاردنەوەی گریلاکانی پەکەکەیە لە ناو حەشددا بە مەبەستی پاراستنی هیلالی شیعە و رێگری کردن لە جێبەجێ کرانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ.

پوستێن ھەمان بەش