وازهێنان لە پەکەکە خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ بەشی پێنجەم

وازهێنان لە پەکەکە خیانەت یان نیشتمانپەروەری؟ ـ

 “بە فەرمانی جەمیل باییک ئەو گریلایانەی کە ناڕازی بوایەن، تاوانی سیخووڕ بوونیان دەدرایە پاڵ و دەکوژران، دواتریش وەکوو شەهیدی پەکەکە دەناسران”.

بەشی پێنجەم

یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە لە پەکەکە جودا بۆتەوە “زوبەیر عیسا” یە. ئەو لە ساڵی 1969دا لە گوندی ئیدلب لە ناوچەی مزرۆری سەرەوە لە باشووری کوردستان لەدایکبووە. وەکو بۆخۆی دەڵێت ئەو هێشتا گەنج بووە کاتێک کە بەدوای باشترین چارەسەردا بۆ کێشەکانی کورد گەڕاوە. لەبەر ئەوە لە دوای ئەنفالی ساڵی 1988دا لە باشووری کوردستان، بەدوای ڕێگایەکدا گەڕاوە کە بزاڤی کورد لە باشووی کوردستان بەردەوامیی پێبدرێت. ئەو دەڵێت: “لەو کاتەدا پەکەکە بە دروشمی سۆسیالیزم و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دروشمی ڕزگاری و سەربەخۆیی هەموو کوردستان” لە سەر سنووری باشوور و باکووری کوردستان بوو. ئەو دروشمانە بۆ ئێمە ژمارەیەک گەنج کە لە ئێران پەنابەر بووین، بە تەواوی نوێ بوون و کاریگەری بەرچاوی لە سەر ئێمە دانا.

لەو کاتەدا گەنجە کوردەکان ڕێگای ئەوروپایان دەگرتە بەر و ئێمە نەمانویست مەیدان چۆڵ بکەین، ئێمە وا بیرمان کردەوە کە پەکەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان هێزێکی سەرەکیە. لەبەر ئەوە ئێمە 14 گەنج لایەنگری پارتی دێموکرات کە لە ئێران ئاوارە بووین، لە رێکەوتی 20/10/1989دا چووینە ڕیزی پەکەکەوە تاوەکو پەروەردە بین و بگەڕێینەوە باشووری کوردستان و شەڕی چەکداری درێژە پێبدەین.

ناوی ئەو 13 کەسەی کە من لە گەڵیان چووم ئەوانەن:

مستەفا شەفیق “ئاری”.

عەزیز وەیسی.

عەلی تەتەر.

ئەسعەد عیسا.

میکائیل مەجید.

حسێن یاسین.

 سەعید ئیبراهیم.

هادی عەلی.

 قادر مووسا.

 شەوکەت رەمەزان.

مەدەنی عەبدوڵڵا.

سەباح مەلحەم.

 نەوزاد گەلیار.

ئێمە بیرمان نەدەکردەوە ڕۆژێک دێت کە پەکەکە بۆ باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبێتە ئاستەنگ و گرفت.

ئێمە پێکەوە پێشمەرگە و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووین، پێش ئەوەی بچینە ناو ڕیزی پەکەکەوە ئێمە وا بیرمان نەدەکردەوە ڕۆژێک دێت کە پەکەکە بۆ باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبێتە ئاستەنگ و گرفت.

پێش ئەوەی بیر لە چوونە ناو پەکەکە بکەمەوە، لە ساڵی 1984دا من پرسیارم لە “مەعسوم کۆرکوماز” ئەندامی سەرکردایەتی پەکەکە کردبوو، کە ئەگەر ئێوە ببنە حیزبێکی گەورە وەکوو حیزبە گەورەکانی دیکە شەڕی براکوژی دەکەن؟ گوتی: “نا هیچ کاتێک شتێکی وا ڕوونادات”. لە بەر ئەوەی ئێمە بریارمانداوە کۆتای بە شەڕی براکوژی لە ناو کورددا بهێنین.

دەیگوت: ئەگەر حیزبەکانی کوردستان گەریلای ئێمەش بکوژن، ئەوا ئێمە ڕووی چەکەکانمان لەوان ناکەین، ئێمە هاتووین کێشەی کورد چارەسەر بکەین.

بەڵام هەموو قسەکانی پێچەوانە دەرچوون. نەک هەر کێشەی کوردیان چارەسەر نەکرد، بەڵکو بوونە کێشە بۆ سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان. لەو کاتەدا عەگید و ئەندامانی پەکەکە زۆر باسی پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی و سوپایەکی نەتەوەییان دەکرد، کە هەر حیزبێک نوێنەرایەتی پارچەی خۆی تێدا بکات. بۆ نموونە: جەمیل بایک و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتی پەکەکە دەچوونە ناو خەڵک و وا خۆیان پیشان دەدا کە ئەوان نوێنەری پرۆلیتاری خزمەتکاری خەڵکن. ئەو کارانە مێشکی گەنجە کوردەکانی بۆ لای پەکەکە ڕادەکێشا و حەماسەتی نیشتمانپەروەریی لە ناویاندا بەهێز دەکرد. بەو پڕوپاگەندانە ئێمە چووین بۆ ئەوەی لە گەڵ ئەواندا پەروەردە بین و سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرین و بگەڕێینەوە باشووری کوردستان، بەڵام هەر لە سەرەتاوە تووشی کۆمەڵێک گرفت بووین.

لە سەرەتای رۆیشتنی ئێمەدا، پەکەکە لە ژێر ناوی چالاکی سەربازیدا لە گوندی “ساتێ” لە ناوچەی گەڤەر 24 کەسیان کووشتبوو و 700 بزنی خەڵکیان هێنابوو، لەو 24 کەسە، 6 ژن و 8 منداڵ و 8 شوان بوون و دوو کەسی دیکەش لە خەڵکی دیکە بوون. لایەکی گوندی ساتێ چەکی ڕێژیمیان پێبوو و لایەکەی دیکە بێ چەک بوون، ئەو کارەساتەیان بە سەر لایەنە بێ چەکەکەدا هێنابوو.

کاتێک ئێمە ئەو کارەساتەمان بینی پێکەوە کۆ بووینەوە. لەو کاتەدا هۆگر ئێمەی دەستبەسەر کرد و گوتی ئێوە سیخووڕی پەدەکەن و حوکمی لە سێدارەدانی ئێمەی دەرکرد.

بۆ ماوەی 6 مانگ ئێمەی لە کەلاوەیەکدا زیندانی کرد، تاوەکو ئەو کاتەی کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە هۆگر تووڕە بوو. ئەو هەڵات، لە سەرەتادا چووە لای ڕێژیمی عێراق و لە کۆتاییدا لە ئەورووپا ئەویان کوشت و ئێمەیان لە زیندان ئازاد کرد. بە فەرمانی ئۆجەلان چووینە دۆڵی بیقاع. لە دوای گرتنی ئۆجەلان لە ناو پەکەکەدا لەرزینێکی بەهێز دروست بوو، بە سەدان کەلێن دروست بوون لە سەرەتادا عوسمان ئۆجەلان و دواتر موراد قەرەیلان جێگەی ئەویان گرت. بەڵام لە پڕاکتیکدا جەمیل بایک پەکەکەی بەرێوە دەبرد و ئیستاش ئەو بۆ خۆی کەسی یەکەمە.

هەموو کوشتن و لەناوبردنێک بە فەرمانی بایک ئەنجام دراون

بایک لە ناو پەکەکەدا ڕیکخستنی تایبەتی هەیە. هەموو کوشتن و لە ناو بردنێک بە فەرمانی بایک ئەنجام دراون. ئەوانەی ناڕازی بوایەن، تاوانی خاین بوون و سیخووڕ بوونی دەدانە پاڵ و دەیکوشتن. سەیر ئەوەیە لە دوای چەندین ساڵ بە شەهیدی پەکەکە دەناسران و دەیانگووت ئەوانە شەهیدی پەکەکەن.

لەو بارەوە نموونە زۆرن، “ناسر” ئەندامی سەرکردایەتی پەکەکە کە لە ساڵی 91 ـ 93دا دربی زۆر بەهێزی لە ڕیژیمی تورکیا دابوو، پەکەکە بۆ خۆی کوشتی و دواتر بە شەهیدی ناساند. یان “هارۆنی سەر گەورە” “کوڕی عەبدوڵرەحمان دوورە” یەکێک لەو کەسانە بوو کە پەکەکە بۆخۆی کوشتی و دواتر بە شەهید لە قەڵەمی دا. لە سەر ئەو کارانەی پەکەکە پێویستە لێکۆڵینەوەی وردتر بکرێت.

پوستێن ھەمان بەش