ئایا گوندی کێستە بۆتە قوربانیی بەدیموکراتی کردنی تورکیا؟

ئایا گوندی کێستە بۆتە قوربانیی بەدیموکراتی کردنی تورکیا؟

پەکەکە بۆ ئەوەی خەونی میساقی میللی تورکیا بەدی بێنێت، رۆڵی کاتالیزۆر دەگێڕێت.

پێکدادانی نێوان TSK و PKK لە هەرێمی بەرواری باڵا بەردەوامییان هەیە. لە 10 رۆژی رابردوودا لە هەردوو لا کوژراوو بریندار هەبووە. گوندەکان بوردومان کراون، گوندنشینەکان ناچار بوون دەست لە زێدی باوباپیرانیان بەربدەن.

ئەو ناوچانەی کە شەڕەکەی تێدا دەکرێت واتە بەرواری باڵا، یەکێک لە ناوچە هەرە جوانەکانی کوردستانە. ئەو ناوچەیە بە کانیاو، گوند، رووبار و کوێستانەکانی سیمای بەهەشتێکی هەیە لەسەر زەوی. بۆنی سێو، بەیبوون و گوڵ و گوڵزارەکانی بەرواری باڵا هەر لە دوورەوە هەستیان پێ دەکرێت. ناوچەی بەرواری باڵا پارچەیەکە لە بەهەشت. بەرواری باڵا، حەوشەی ئامێدی و سیمای دهۆکە. بەرواری باڵا ئەو ناوچەیەیە کە بادینانی کردۆتە بادینان. بەڵام بەداخەوە ئەو پارچەیە لە بەهەشت لە ئێستادا لەناو دووکەڵی شەڕدا خەریکە دەخنکێت. بەڕاستی ئەو شەڕە لەبەر چی روو دەدات؟ ئەو شەڕە چ ناوێکی هەیە؟

پێویستە نەتەوەی کورد ناوێکی پڕ بە پێست بۆ ئەو شەڕە دابنێت کە لەنێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا روودەدات. ئایا بەڕاستی ئەو شەڕە شەڕی کوردانە؟ ئایا بەڕاستی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە، جەنگی رزگاری نەتەوەیی کوردستانە؟ ئێمە چ وەڵامێکمان بۆ ئەو پرسیارانە هەیە؟ ئەگەر بەڕاستی ئەو شەڕەی کە سوپای تورکەکان و پەکەکە لە بەرواری باڵا و لە مەتین دەیکەن شەڕی رزگاری نەتەوەیی کوردستان بێت، ئەوا ئێمەش ئامادەین تێیدا بجەنگین، بەڵام ئەگەر شەڕی نەتەوەیی نەبێت کە نیە، ئەوا پێویستە لە خاکی پیرۆزی ئێمە دوور بکەوێتەوە. کاتێک سەیری میدیا دەکەین، دەیبینین کە هەندێک ناوی نزیک لە پەکەکە بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە داوا لە ڕای گشتی کوردستان دەکەن و بە گەلی کورد دەڵێن کە لە دژی هێرشەکانی تورکیادا دەست بدەنە چەک و بجەنگن. وەکوو سەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە جەمیل بایک لە دوایین راگەیەندراویدا داوای لە ڕای گشتی کرد کە “سەرهەڵدانێک بۆ پاراستنی منداڵەکانیان” بەڕێوە ببەن. بایک هاوکات گوتیشی “ئەو هێرشە بەتەنها لە دژی گریلا و پەکەکە بەڕێوە ناچێت”.

پێویستە نەتەوەی کورد لە ئارمانجی راستەقینەی ئەو هێرشانە تێبگات و هەڵوێستی نەتەوەیی بگرێت. جەمیل بایک داوای لە ئێمە کردووە و پێویستە ئێمەش داوایەک لە جەمیل بایک بکەین.

بەر لە هەر شتێک، پێویستە بگوترێت کە هیچکەس حەز ناکات گەنجی کورد بکوژرێت. هەڵەکانی پەکەکە لەلایەکن و ئەوەی گەنجانی کورد گیان لەدەست دەدەن لەلایەکی دیکەیە. وەکوو دیکە گیانفیدایی ئەو گەنجانە بەو مانایە نیە کە پەکەکە لەسەر هێڵێکی راست دەڕوات، هەربۆیە ئەو داواکاریە هەستبزوێنانەی کە جمیل بایک و پەکەکە لەسەر خوێنی گەنجان لە ئیمەی دەکەن زۆر بێ بنەما و بێ رامانن. ئەوەی کە ئێمە رەخنەی لێدەگرین پەکەکە و سیاسەتەکانی پەکەکەن سەرەتا پەکەکە خیانەتی بەو گەنجانە کرد کە لەو شەڕەدا گیانی خۆیان بەخت کرد. گەلی کورد نابێ رێگا بدات کە پەکەکە سیاسەتە هەڵەکانی بە تەرمی پیرۆزی گەنجەکانی کورد داپۆشێت.

کوردەکان بە باشی دەزانن کە تورکەکان چ دوژمنێکی غەدداری کوردستانن. ئەوەی کە گەلی کورد لێی روون نیە و دەیهەوێ بیزانێت ئەوەیە کە پەکەکە دەیهەوێت چ بیکات؟ لەو بوارەدا ئێمە دوو پرسیاری گرنگمان هەیە. لەبەرچی پەکەکە و سوپای تورکیا لە بەحری رەش، ئیجە و مارمارا هەتا باشووری کوردستان یەک گولـلە بەیەکەوە نانێن بەڵام باشووری کوردستانیان کردۆتە گۆڕەپانی شەڕی خۆیان؟ پێویستە پەکەکە وەڵامی ئەم پرسیارە بە روونی بداتەوە. بۆ نموونە کاروانی سەربازی لە ناوەندێکی گرنگی سەربازی لە بۆلو بەڕی دەکەوێت و بە کامیۆن و تانکەوە 1529 کیلۆمەتر رێگا دەپێوێت تا دەگاتە هەکاری، بەڵام لەو رێگا دوورودێژەدا تاقە چالاکییەک بە دژی ئەو کاروانە ئەنجام نادرێت. دەگەنە جوولەمێرگ و لە کۆپتەر سوار دەبن و بە ئاسانی نەقڵی زناری کێستە و مزووری ژووروو دەبن. لەوێشدا تەنها 3 گریلا دەتوانن خۆیان حەشار بدەن و چەند گولـلەیەک بنێن بە دوژمنەوە بەڵام نایکەن. لە تورکیا هەموو شت لە جێگای خۆیدایە، تورکەکان قونیان نابزوێنن بەڵام خەڵکی هەژاری گوندی کێستە لە ژێر رۆکێت و هێرشی فڕۆکەکاندا بە چاوی گریانەوە هەوڵ دەدەن خۆیان و مەڕوماڵاتەکەیان لە ئاگری شەڕ رزگار بکەن. ئەگەر پەکەکە راستی کردبا ئەو شەڕەی لە باشووری کوردستان نەدەکرد بەڵکوو لە شارە گەورەکانی تورکیادا دەیکرد.

جەمیل بایک لە راگەیەندراوەکەیدا، قسەکەی سەر جیهازی موراد قەرەیەلان دووپات دەکاتەوە و دەڵێت “ئەوە شەڕی کوردستانە”. لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەویش هاوشێوەی قەرەیەلان دەڵێت ئەو شەڕە، شەڕی گەلانە و شەڕی مرۆڤایەتیە. بەڵام قەرەیەلان زیاتری لەسەر رۆیشت و گوتی ئەو شەڕە، شەڕی بەدیموکراتی کردنی تورکیایە. قەرەیەلان لە لێدوانەکەیدا داوای لەو هێزانەی تورکیا کرد کە لە باشووری کوردستان جێگیر کراون و گوتی با لە جێگای خۆیان نەبزوون. ئێستا ئێمە دەمانهەوێ لە جەمیل بایک و موراد قەرەیەلان بپرسین: ئایا ئێوە شەڕی بەرواری باڵا، شەری کێستە و شەڕی ئاڤاشین بۆ بەدیموکراتی کردنی تورکیا دەکەن؟ چونکە قەرەیەلان وەهای گوتبوو. راستیەکەی ئەوەیە کە شەڕی پەکەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیا و رزگاریی کوردەکان نیە. لە راستیدا دەتوانین بڵێن کە پەکەکە قەد قەد ئارمانجی رزگاری نەتەوەیی نەبووە. پەکەکە ئەو شەڕە تەنها بۆ کۆکردنەوەی هێزی زیاتر و سەرقاڵ کردنی خەڵک و کڕینی کات ئەنجام دەدات. قەرەیەلان بە تایبەتی پەیامێک بۆ ناوەندێک دەنێرێت و دەڵێت “هێندێک لەوان سەرەتا تێنەگەیشتبوون، بەڵام ئێستا تێگەیشتوون کە ئەو شەڕە، شەڕی بەدیموکراتی کردنی تورکیایە”. قەرەیەلان ئەو پەیامەی ئاراستەی ئەرگەنەگۆن، فەتحەڵڵاچیەکان و کەمالیستە دڵشکاوەکان کرد. ئەو پێشنیار دەکات کە دەسەڵاتی ئاکەپە هەڵوەشێتەوە تا بتوانێت حکوومەتێکی نوێ لەگەڵ ئەو کەمالیستانە دابمەزرێنێت. بەڵام ئایا بەڕاستی جیگای ئەو پرۆژەیە ناوچەی بەرواری باڵایە؟ ئایا پێویست بوو بۆ بەدیموکراتی کردنی تورکیا خەڵکی کێستە ئاوارە و دەربەدەر بکرێن؟ کاتیک کە دانیشتوانی گوندی کێستە لە مردن هەڵدەهاتن، موختاری گوندەکە دەیگوت: لەناو گوندەکەدا تەرمی 5 گریلا بەجێماون. ئایا ئەو گەنجانە گیانی خۆیان لەپێناو بە دیموکراتی کردنی تورکیادا بەخت کردووە؟ نە، ئەوەی کە دەتواندرێ ناوی خیانەتی لەسەر دابنرێت رێک ئەویە کە پەکەکە لەسەر خوێن و تەرمی گەنجانی کورد دەیهەوێ رانتی سیاسی بەدەست بێنێت.

پێنج ئەندامی سەرەکی پەکەکە، سەرجەم پرۆژەکان بۆ ئەجیندای سیاسی خۆیان بەڕێوە دەبەن و دواتریش دەڵێن ئێوە یارمەتی ئێمەتان نەدا و خائینن. هەر لە ساڵی پارەوە ئاشکرا بوو کە دوژمن لەمساڵدا پەلاماری بەرواری باڵا و زناری کێستە دەدات. پەکەکە بۆ زناری کێستە هیچ پلان و ئامادەکارییەکی نەکرد و هاوکات رێگاشی نەدا پێشمەرگەکانی کوردستان بڕۆنە ئەو ناوچەیە و لێی جێگیر ببن. پاش ئەوەی کە دوژمن هات و سەرجەم ناوچەکەی گرت، ئەوجا بانگی گەلی کورد دەکات و دەڵێت با سەرهەڵدان بکەن و دەڵێ لەبەرچی حکوومەتی هەریمی باشووری کوردستان هاوکاریی ئێمە ناکات.

نە سوپای تورکیا و نە پەکەکە هیچیان روحم بە خەڵکی هەژار و فەقیری کورد ناکەن. پەکەکە دەیهەوێت خەڵکی سڤیل بمرن، گوندەکان بوردومان و خاپوور بکرێن، چونکە پێی وایە لەوەها دۆخێکدا بەهێزتر دەبێت. پەکەکە وەحشیگەریەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر بە گەلی کورد بە قازانجی خۆی دەبینێت.

هۆکارەکەشی روونە کاتیک کە دەوڵەتی تورک بە غەدداری هێرش دەکەنە سەر نرخ و پیرۆزیەکانی کورد و کوردستان و لەبەر ئەوەی کە کورد لە باکوور ئەڵتێرناتیڤێکی دیکەی نیە بۆیە ناچار دەبێت لە دەوری پەکەکە کۆ ببێتەوە. واتە فاشییەتی دەوڵەتی تورک دەبێتە هۆکاریک بۆ ئەوەی پەکەکە کردەوە قێزەونەکانی خۆی پێی داپۆشێت و لە بەرانبەریشدا دەوڵەتی تورک بەهۆی پەکەکەوە رەوایی بە هێرشە وەحشیانەکانی دژ بە کوردان دەدات.

بە کورتی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا وەکوو گۆشت و نینۆکن، ناکرێ لەیەکتر جودا بکرێنەوە و هەردووکیان پشت بەیەک دەبەستن و پێکەوە دەژین.

ساڵەهای ساڵە ئەو چەڕخە دەسووڕیتەوە، پەکەکە سێنگی وەپێش دەدات ودەڵێت من مرۆڤەکان دەپارێزم، دەوڵەتیش هێرش دەکاتە سەر گەل و دواتر دەڵێت من هێرشی پەکەکە دەکەم. لە ئەنجامی ئەم یاریە قێزەونەدا ئەوەی زیانمەند، ماڵویران و دەربەدەر دەبێت تەنها گەلی کوردە.

پەکەکە بۆ ئەوەی خەونی میساقی میللی تورکیا بەدی بێنێت، رۆڵی کاتالیزۆر دەگێڕێت. پەکەکە سنوورەکانی بەرفراوان دەکات و پروپاگاندای سەرفرازی بڵاو دەکاتەوە، گەلی کوردیش لەناو ئەو ئاگربارانەدا هەڵدەقرچێت.

هەر بۆیە ئەوەی لە ئەنجامی ئەو شەڕدا دروست دەبێت ئەوەیە: پێویستە گەلی کورد هەم لە بەرانبەر داگیرکارییەکانی تورکیا و هەمیش لەبەرانبەر داگیرکاریەکانی پەکەکەدا بە ئیرادەیەکی سیاسی نەتەوەیی و پۆڵایینەوە بە دەنگێکی رەسا بڵێت ئیدی بەسە.

پوستێن ھەمان بەش