“گرووپەکانی نزیک لە ئێران چالاکانی مەدەنیی عێراقیی تیرۆر دەکەن”
بەدوای تیرۆرکردنی ئەیهاب ئەلوەزنی، چالاکی عێراقی، لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە، ناڕەزایەتییگەلێک بەدژی ڕێژیمی ئێران دەستیپێکرد و لە ئاکامدا خەڵکی ناڕازی کونسوولخانەی ئێرانیان لە کەربەلا ئاگرتێبەردا.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕۆژی یەکشەممە 9/5/2021، لەپاش کوژرانی”ئەیهاب ئەلوەزنی” چالاکی عێراقی بە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کەربەلا، خەڵکی ناڕازیی بە دروشمی دژبە ڕێژیمی ئێران، حکومەتی تارانیان بە کوشتنی چالاکانی عێراقی تۆمەتبار کرد و کونسوولخانەی ئێرانیان لە کەربەلا ئاگرتێبەردا.
هەرلەم پێوەندییەدا باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق، لە راگەیەندراوێکدا وێڕای ئیدانە کردنی کوژرانی ئەیهاب ئەلوەزنی، رایگەیاندووە کە کپکردنی دەنگە ناڕازییەکان لە ڕێگای کوشتنەوە قبووڵ ناکرێت و رێگا پێدراو نییە.
لەلایەکی دیکەوە ستیڤێن هیکی، باڵوێزی بریتانیا لە عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای مەحکوومکردنی تیرۆری ئەیهاب ئەلوەزنی وتی: گرووپەکانی نزیک لە ئێران چالاکانی مەدەنیی عێراقیی تیرۆر دەکەن و هێزە عێراقییەکان دەبێ پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنیی بکەن.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەم پێوەندییەدا وتی: دەبێ بە زووترین کات بکوژانی ئەیهاب ئەلوەزنی دەسبەسەر بکرێن و بە توندترین شێوە سزا بدرێن.
ئەیهاب ئەلوەزنی، چالاکی دیاری عێراقی و بەرپرس و ڕێکخەری ناڕەزایەتییەکان لە کەربەلا، ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی چەکدارانەدا کوژرا و بەم هۆیەوە خەڵکی ناڕازیی بە کاردانەوە لەهەمبەر تیرۆرکردنی ئەیهاب، سەرەڕای بە تاوانبار ناساندنی سپای قودسی ڕێژیمی ئێران، کونسوولخانەی ئێرانی لە کەربەلا بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران و تیرۆرکردنی چالاکانی عێراقیی ئاگر تێبەردا.