دادگای تاوانەکانی هەولێر/2 سزای لەسێدارەدانی بەسەر 3 لە بکوژانی فەرماندەیەکی حیزبی دێموکراتدا سەپاند

دادگای تاوانەکانی هەولێر/2 سزای لەسێدارەدانی بەسەر 3 لە بکوژانی فەرماندەیەکی حیزبی دێموکراتدا سەپاند

دادگای تاوانەکانی هەولێر/2 لە پێوەندیی لەگەڵ پەروەندەی تیرۆرکردنی فەرماندەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دانیشتنی کۆتایی بەڕێوەبرد و تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەدا ناوە و بڕیاری لەسێدارەدانی 3 لە بکوژان دەرچوو.

ڕۆژی دووشەممە 11ی گەلاوێژی 1400ی هەتاوی، لە لقی 2ی دادگای تاوانەکانی هەولێر، تۆمەتبارانی تێرۆرکردنی “قادر قادری”، یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆتادانیشتنی دادگا، بڕیاری سزادانیان لەسەر درا و لە دادگاش پشتڕاست کرایەوە کە ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە پشتی ئەو پیلانە تێرۆریستیەوە بووە.

پارێزەرانی کەسوکاری تاوانلێکراو، بە ئاماژە بە دانپێدانانی تۆمەتباران ڕایانگەیاند کە تۆمەتباران دانیان بەوە داناوە کە دەستێکی دەرەکی، بەڵێنی پارەی پێداون بۆ تێرۆرکردنی قادر قادری کە بڕەکەی یەک میلیارد تمەن بووە و دواتر پارەکەشیان بۆ زیاد کراوە.

دەستەی پارێزەرانی ئەو پەروەندەیە هەروەها ڕایانگەیاند کە بە گشتی 3 کەس دانیان بەوە داناوە کە لە بەرانبەر بەڵێنی وەرگرتنی یەک میلیارد تمەن ئەو کارەیان کردووە و دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەو 3 کەسە دەرکردووە و 2 کەسی دیکەش کە تۆمەتبارن بە بەشداریکردن لە تێرۆرکردنی ئەو فەرماندەیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە 5 ساڵ زیندان و سزای نەختی حوکم دراون.

جێگای ئاماژەیە کە رۆژی سێشەممە 16ی ڕەشەممەی 1396ی هەتاوی (7/3/2018)، تەرمی ” قادر قادری” لە ناوچەی بالیسان دۆزرایەوە و هەر ئەوکات حزبی دێموکراتی کوردستان سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی بە تیرۆرکردنی ئەو فەرماندەیە تۆمەتبار کرد.

لە ڕێکەوتی 19/3/2018 حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کە 5 کەس دەستیان لە کوشتنی قادر قادریدا هەبووە و هەر پێنجیان دەستبەسەرکراون کە ژنێک و چوار پیاون. بەگوتەی ئەو حیزبە، عوسمان فەقێ مەلەکی ناسراو بە (مەلا عوسمانى هیزۆپی) کە خەڵکی پیرانشارە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاتووچۆی قادر قادری کردووە پلانداڕێژەرى سەرەکى تیرۆرەکە بووە. هەر پێنج گیراوەکە ئێستا لە گرتووخانەی هەولێر راگیراون.

پوستێن ھەمان بەش