سزای سێدارەی 3 بەندکراوی کورد کە ڕۆژی ڕابردوو بۆ ژووری تاکەکەسیی و بەندیخانەی ورمێ گوازرابوونەوە، جێبەجێ کرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی 11ی گەلاوێژی 1400ی هەتاوی (2ی ئاگۆستی 2021)، سزای سێدارەی 3 بەندکراوی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەکانی حەمزە ڕەزایی خەڵکی سەڵماس، سێپهر عەباس نژاد خەڵکی ورمێ و ئەسکەندەر زارع خەڵکی ورمێ لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
ئەم 3 هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپابوو.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی 4 مانگی ڕابردوودا لانیکەم سزای سێدارەی 20 هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ کراوە.