لە هێڵی 15ی تەباخەوە هەتا هێڵی 15ی شوبات؛ لەناو پەکەکەدا چەک و توندوتیژی

پەکەکە لە کوردستان پەلاماری ئەو چاپخانانەی دەدا کە رەخنەیان لە پەکەکە دەگرت. کەمینیان بۆ رۆژنامەوانەکان دادەنایەوە و دامەزراوە و دەزگاکانیان دەتەقاندنەوە. پەکەکە وەکوو رەشەبایەکی تیرۆر رووی لە کوردستان کردبوو.

بەشی 4: پرۆسەی رادیکاڵیزمی سیاسی یان پرۆژەی بەرەوپێش بردنی توندوتیژی بە پاڵپشتی دەوڵەت “1980-1978”

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کتێبەکەیدا بەناوی رێنماییەکانی حیزب کە لەساڵی 1996دا بڵاوی کردۆتەوە، دەڵێت: “ئێمە لەساڵی 1977دا پەرەمان سەند و لەساڵی 1978یشدا ئێمە لەسەر بنەمای سیاسیەتی چەکدارانە، بناخەی رادیکاڵیزممان بەرفراوانتر کرد”. ئەو قسەیەی ئۆجەلان راستە، پەکەکە وجوودی سیاسیی خۆی لەسەر بنەمای توندوتیژی بەرەوپێش بردووە. لە هێڵە گشتییەکانی پەکەکەدا، لێکتێگەیشتن، موشارکەت و لێکتێگەیشتن هیچ جێگایەکیان نیە. ئێمە لەنێوان ساڵانی 1978 بۆ 1980دا ئەو تایبەتمەندییانە بە روونی دەبینین.

بابەتێکی زۆر گوماناوی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیش ڕێک لەو سەروبەندەدا دوگمەی کائۆسێی لێدابوو. لە شارەکانی تورکیادا لەلایەن دەوڵەتەوە رێکخراوی ساختە دروست دەکران و ململانێی نێوان چەپگەرا و راستگەراکانیان قووڵتر دەکرد. دۆخێکی وەها هاتبووە ئاراوە کە ئەگەر کودیتایەکی نیزمایی روویدابایا کەس نەیدەتوانی دژایەتیی بکات. ئەوەش رێگای لەبەردەم کودیتای 12ی ئەیلوولدا خۆش کرد. ئەو رادیکاڵیزمە سیاسیەی کە ئۆجەلان باسی لێوە دەکرد، دەوڵەت هاوکات دەستی پێکردبوو. دیارە ئەوەش بە هەڵکەوت نەبوو، بەڵکوو پەکەکە و دەولەت بە بەرنامەوە لە کاتێکی دیاریکراودا سیاسەتێکی هاوئاهەنگ و دیاریکراویان بەرێوە دەبرد.

بزووتنەوەی کوردکوژ

پەکەکە لە ساڵی 1978دا لە شارەکانی کوردستاندا بەستێنی پێکدادانیان لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا ئامادە کرد. لەو کاتەدا پەکەکە لە دیاربەکر لەگەڵ “کۆمەڵەی کلتووری دیموکراتیکی رۆژهەڵات” (DDKA) و “رێگای ئازادی”، لە مێردین لە دژی “رزگاریخوازانی نەتەوەیی کوردستان” (KUK)، لە دێرسیمیش لە بەرانبەر “رزگاریدەرانی گەل” (HK)، پێکدادانی دەستپێکرد. پەکەکە لەو شارانەدا تاقە یەک عەسکەر و سەربازی تورکیشی نەکوشت، بەڵکوو بە دەیان کادری رێکخراوە خەباتکارەکانی کوردی کردە ئامانج.

پەکەکە بۆ ئەوەی رەوایی بەو توندوتیژیەی خۆی بدات، بە کادرەکانی خۆی دەگوت: DDKA دژ بە ئێمە بڕیارێکیان دەرکردووە و دەیانهەوێ ئێمە لەناو ببەن. DDKA گوتوویەتی کە ئێمە رێگا نادەین پەکەکە بێنە ناو دیاربەکر و بەم پروپاگاندانە کادرەکانی خۆیان هان دەدا تاوەکوو دژ بە حیزبەکانی دیکە شەڕ بکەن. بەمشێوەیە کوژرانی کوردی لەلای هەزاران مرۆڤ رەوایی پێدابوو. پرۆژەی داگیرکەرانی کوردستان بۆ “کوشتنی کوردان بەدەستی کوردانیان” دەستپێکردبوو. کوژرانی کوردەکان لەلای پەکەکە ببووە ئارمانجێکی گەورە. ئەگەر ئێمە لە بارودۆخی ئێستاش ورد ببینەوە دەبینین کە پەکەکە لەمڕۆشدا هەر ئەوە دەکات و لە رێگای پروپاگانداوە رەوایی بە کوژرانی کورد بەدەستی کورد بدات و هەر بۆیەشە ئەگەر ئێمە باسمان لەوە کرد کە پەکەکە هەر لە سەرەتاوە بزووتنەوەیەکی کورد کوژ بووە، هەڵەمان نەکردووە. دەتوانین لەنێوان ساڵانی 1978 بۆ 1980دا بە دەیان نموونە بۆ کوردکوژ بوونی پەکەکە باس بکەین.

ئایا گرووپی پەکەکە لە ئەنقەرە و لە کوردستان وەکوو یەکن؟

لە نێوان ئەو گرووپەی پەکەکە کە لە ئەنقەرە شکڵی گرتبوو لەگەڵ ئەو گرووپەی پەکەکە کە لە کوردستان پێکهاتبوو، جیاوازییەکی زۆر گەورە هەبوو. ئەو کەسانەی کە لەکوردستان لەدەوری پەکەکە کۆ ببوونەوە بەڕاستی نیشتمانپەروەر بوون و باوەڕیان بە خەباتێکی کوردستانی هەبوو بەڵام ئەو گرووپەی پەکەکە کە لە ئەنقەرە شکڵی گرتبوو، گرووپەکەی کوردستانیان بە مەترسییەک بۆ سەر خۆیان دەزانی. گرووپی ئەنقەرە کە مۆرکی دەوڵەتیان بەسەرەوە بوو، دەیانبینی کە پەکەکەییەکانی کوردستان کەوا مۆرکی نەتەوەییان بەسەرەوەیە، رۆژبەڕۆژ لەوان بەهێزتر دەبن. ئۆجەلان بە پێویستی زانی کە پێویستە هێز و دەسەڵاتی خۆی لە ناو کادرەکانی پەکەکەدا زیاتر جێبخات و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بەوە هەبوو کە ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکات. بۆ ئەو مەبەستەش دەبوا بە ئەندامانی پەکەکە بقەبووڵێندرێت کەوا کوشتن لەناو پەکەکەدا ئاساییە. ئۆجەلان بەو کارە دەیهەویست کۆنترۆڵی تەواوی حیزبەکە لەدەستی خۆیدا قەتیس بکاتەوە.

یەکەمین قەتڵ، کوشتنی جەلال ئایدن بوو. پەکەکە بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو، ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە ئەو کەسە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە کار دەکات. دوو کەس بڕیاری کوشتنی ناوبراویان دا. دیارە ئەو دووکەسە بڕیاری کوشتنی زۆر کەسی دیکەشیان داوە. ئەو دووکەسە کە ناوەکەیان بۆ هەموو کوردێک ناسراوە، “ئۆجەلان و باییک”ـن.

جەلال ئایدن بۆ ماوەیەک بێسەروشوێن بوو، کەس نەیدەزانی لەکوێیە و چی بەسەر هاتووە. دواتر کادرێکی پەکەکە بەناوی “شاهین دۆنمەز” خۆی رادەستی دەوڵەتی تورک کردەوە و چارەنووسی جەلال ئایدنی ئاشکرا کرد. شاهین دۆنمەز، ئالی گوندوز، ئایتەکین توگلوک “برای ئایسەل توگلوک”، بانگ لە جەلال ئایدن دەکەن و پێی دەڵێن کۆبوونەوەیەکی گرنگ هەیە و پێویستە ئێمە بڕۆین و تێیدا بەشدار بین. پێمەڕەیەکی پێ دەدەن و دەڕۆنە ناو گۆڕستان و قەبرەکەی خۆی بە دەستی خۆی هەڵدەکەنن و دواتر پێی دەڵێن کە بڕیاری کوشتنی تۆ دراوە و ئێمە دەبێ بتکوژین. بەپێی قسەکانی “شاهین دۆنمەز”، دواتر فیشەکێک دەنێن بەسەریەوە و دەیخەنە ناو قەبرەکەو دایدەپۆشن. ماوەیەک پاش دانپێدانانەکەی دۆنمەز، هێزەکانی دەوڵەتی تورک دەچنە شوێنەکە و گۆڕەکە هەڵدەدەنەوە دەبینن کە تەرمەکەی جەلال ئایدن لەوێیەو هێشتا بەتەواوی تێکنەچووە. بەوشێوەیە کوژرانی هەڤاڵان لەسەر بڕیاری حیزب وەکوو بیرۆکەیەکی پیرۆز لەناو ئیدئۆلۆژی و مێژووی پەکەکەدا جێ دەگرێت.

جەمیل باییک: یان ئێمە دەبێ لە دیاربەکر بین یان DDKA

پەکەکە ئیدی پەلاماردانی رێکخراوە کوردیەکانی دەستپێکردبوو. پەکەکە دەچووە ناوچەی بزووتنەوەکانی دیکە و دەیهەوێت وێنە و سیمبۆلەکانی خۆی بەوان بەرز بکاتەوە. کاتێک خەڵکەکە ئامادە نابن ئەوە بکەن، پەکەکە ئەوە دەکاتە بیانوویەک بۆ پەلاماردانیان و بە کادرەکانی دەڵێت ئەوانە رێگا نادەن ئێمە لە کوردستاندا خەبات بکەین. بەوشێوەیە کادرەکانی بۆ شەڕی ناوخۆیی دنە دەدات. جەمیل بایک لە نووسینێکی خۆیدا کە لەساڵی 1993دا بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت: “لە ساڵی 1978دا DDKA و “رێگای ئازادی” لە دیاربەکردا هەبوون. ئەوان دژایەتیی خەباتی ئێمەیان دەکرد. دەیانگوت ئەگەر ئێوا ئاوا بکەن رەنگە کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی ئێمە بەڕێوە بچێت. ئێمە هێرشێکمان دژ بە ئەوان ئەنجامدا. بڕیاری ئێمە ئەوە بوو کە ئەگەر رێگای ئازادیی هاوکاریی ئێمە بکات، ئێمە ئەوانە لە دیاربەکر وەدەر دەنێین. دیاربەکر یان هی ئەوان دەبێت یان هی ئێمە، ئەو شوێنەی ئێمەی تێدا بین کەسی دیکە بۆی نیە تێیدا بمێنێتەوە”.

جەمیل باییک کە دوای ئۆجەلان رەشترین ناوە لە پەکەکەدا، ئەو قسەیەی راست بوو. بۆ نموونە لە مێردین تەنها لە ماوەی دوو ساڵدا 57 کادری باڵای KUK لەلایەن پەکەکەوە کوژران.

پەکەکە لە کوردستان پەلاماری ئەو چاپخانانەی دەدا کە رەخنەیان لە پەکەکە دەگرت. کەمینیان بۆ رۆژنامەوانەکان دادەنایەوە و دامەزراوە و دەزگاکانیان دەتەقاندنەوە. پەکەکە وەکوو رەشەبایەکی تیرۆر رووی لە کوردستان کردبوو.

شەڕی عەشیرەتەکان

پەکەکە سەرجەم شارەکانی کوردستانی یەک بەیەک کردە جێگای ئاڵۆزی و پێکدادان. ئاگری، دیاربەکر و ناوچەکانی، بینگۆل، دەرسیم، باتمان، سێرت و زۆر شوێنی دیکە کرانە جێگای ئاڵۆزی و پێکدادان. بەڵام زۆر شوێنی دیکە هەبوون کە نەیاندەتوانی لە رێگای کۆمەڵە و دامەزراوەکانەوە ئاڵۆزی بکەن، لەبەر ئەوەی رۆڵی عەشیرەت لەو ناوچانە بڕێک جیاوازتر بوو، بۆ نموونە لە ئۆرفا. پەکەکە بۆ ئەوەی ئۆرفا راکێشی ناو شەر و ئاڵۆزی بکەن، پێویستی بەوە هەبوو کە عەشیرەگەرایی پەرە پێبدات.

ئەو رووداوەی کە لەشاری “حیلوان” بەدەستی پەکەکە دروست بوو، رووداوی ساز کردنی ئاڵۆزی و ناکۆکی بوو. پەکەکە بۆخۆی ئەو رووداوە وا پێناسە دەکات کە لە حیلوان بەرخۆدانێکی گەورە دژ بە ئاغا و سەرۆک عەشیرەتەکان دەستیپێکردووە. بەڵام هەقیقەتی ئەو رووداوە ئەمە بوو. پەکەکە لەنێوان دوو عەشیرەتدا پشتیوانیی لە عەشیرەتە بەهێزەکە دەکرد و دژ بە عەشیرەتەکەی دیکە شەڕی دەستپێکردبوو. لە حیلواندا دوو عەشیرەت هەبوون، یەکیان عەشیرەتی “سولەیمان” بوو. ئەندامانی ئەو عەشیرەتە زۆربەی هەرە زۆریان خەڵکێکی هەژار بوون. کەسانی سەر بەو عەشیرەتە زۆربەی زۆریان کەم داهات بوون و خاوەن زەوی و زاری خۆیان نەبوون. لەناو دەوڵەتدا هیچ پێگە و جێگەیەکیان نەبوو. خەڵکی خوێندەواریشیان زۆر کەم بوو. عەشیرەتەکەی دیکە “پایداش” بوو. پایداش دەوڵەمەند بوون. پارلەمانتاریان هەبوو و سەر بە جەهەپە بوون. پەکەکە لەشەڕی نێوان ئەو دوو عەشیرەتەدا پشتیوانیی لە پایداش کرد و عەشیرەتی سولەیمانیان لە حیلوان وەدەرنا. بە دەیان کەس لە عەشیرەتی سولەیمان کوژران و خانووەکانیان سووتێندران و کاول کران. پەکەکە گرنگترین هەنگاوی خۆی لە باکووری کوردستان لە حیلوان هاویشت. ترس و خۆفی دروستکردبوو و ناوی خۆی بە گوێی هەموو کەس گەیاندبوو. لە کوشتنی کوردانیش بەردەوام بوو.

لە 27ی مژداری ساڵی 1978دا پەکەکە لە رێگای بەستنی کۆنگرەیەکەوە بوو بە حیزب. بەپێی قسەکانی جەمیل باییک سەدا 95ی قسەکانی کۆنگرە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە کران. پەکەکە دەیەویست بەستنی ئەو کۆنگرەیە وەکوو چالاکییەکی گەورە بۆخۆی لەقەڵەم بدات. دەیەویست لەرێگای چالاکییەکەوە دژ بە عەشیرەتی بوجاک، ناوی خۆی زیاتر ئاشکرا بکات، بەڵام ئەو چالاکیەیان سەری نەگرت. دەگوترێ کە هەقیقەت لەناو وردەکاریەکاندا شاردراوەتەوە. پرسیارێک هەیە کە ئەگەرچی وەکوو وردەکارییەک دەردەکەوێت بەڵام هەقیقەتێکی گەورە لەناو وەڵامەکەیدا بوونی هەیە. ئەویش ئەوەیە کە “لەبەرچی پەکەکە دامەزراندنی خۆی بە کوشتنی عەسکەر و کارمەندانی تورک رانەگەیاند بەڵکوو بە کوشتنی کەسێکی کورد ئێعلامی مەوجوودیەتی کرد؟”

شک و گومان و دانپێدانان

پەکەکە لە مێژووی خۆیدا دەڵێت کە ئێمە پارەمان بۆ کڕینی چەک نەبوو. ئێمە لە کۆڵانەکاندا دەنوستین. بەڵام بەڕاستی پەکەکە ئەو چالاکیانەی چۆناوچۆن ئەنجام دابوون؟ ئایا دەستێکی شاراوە یارمەتیدەری پەکەکە بوو؟ ئەم گومانە تەنها لەلای ئێمە نیە، خەڵکی دیکەش ئەم گومانەیان هەیە. تەنانەت بەشێک لە رۆژنامەوانانی تورکیش ئەم پرسیارەیان هەیە.

بۆ نمووونە ساڵی 1979، رۆژنامەوانێک بەناوی “یاڵچین دۆغان” ئەو پرسە دێنێتە گۆڕێ و دەڵێت: “پەکەکە رێکخراوێکی توندڕەو و هێرشکارە و سەرجەم ئەو کەسانەی کە بەدەستی ئاپۆچیەکان کوژراون یان شۆڕشگێڕ بوون یان ئەندامی رێکخراوەکانی دیکە بوون”. هەر ئەو کاتە یاڵچین دۆغان ئەو گومانەی لە مێشکی هەموو کەسدا وەکوو پرسیارێک دێنێتە گۆڕی کە: “بۆ نموونە لە یەکێک لە ناوەندەکانی پەکەکە لە باتمان، هەموو کەس دەزانێت کە کێ ئاپۆچیە، کام ئاپۆچی لەکام چالاکیدا بەشداریی کردووە، ئاپۆچیەکان چەکەکانیان لە کوێ شاردۆتەوە. خەڵک هەموو ئەو شتانە دەزانن، بەڵام بابەتی سەیر و سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە چۆنە هەموو ئەو شتانەی کە هەموو خەڵکەکە دەیزانن دەوڵەت نایزانێت؟” کاتێک کە پەکەکە ئەو چالاکیە توندئاژۆیانەی ئەنجام دەدا لەبەرچی دەوڵەت رێگریی لێ نەکرد؟ شتێکی دیکەی سەرنجراکێش ئەوە بوو کە شەڕ لە هەموو لایەکەوە وەکوو رەشەبا دەستی پێکردبوو بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان و فاتیمەی هاوژینی لە گەڕەکی “ئۆفیش” کە جێگای دەوڵەمەندەکان بوو، لەناو ئاپارتمانێکی شیکدا دانیشتبوون و لەوییەوە هەموو شتێکیان بەڕێوە دەبرد بەڵام هیچ کەسێک کاری بەسەریانەوە نەبوو و هیچیان پێ نەدەگوترا.!

لەلای خۆیەوە “شاهین دۆنمەز” لەو کاتەدا کە خۆی تەسلیمی دەوڵەت کردبوو، جێگای ئۆجەلان و هەموو شتێکی دیکەی بە دەوڵەت گوتبوو، بەڵام دەوڵەت ئۆجەلانی دەستگیر نەدەکرد. جەمیل باییکیش بۆخۆی لەشوێنێکدا دەڵێت: “کاتێک “شاهین دۆنمەز” خۆی تەسلیم کردبۆوە، پۆلیسەکانی ئەلعەزیزێ ژمارەیەک لە هەڤاڵەکانی ئێمەیان گرت، بەڵام لە ناوەندی دەوڵەت لە ئەنقەرەوە هۆشداری بە پۆلیسەکانی ئەلعەزیزێ درابوو کە کاریان بەسەریانەوە نەبێت”. بەڕاستی هۆکار چیە کە دەوڵەت ئەندامانی پەکەکەی نەگرت و ئەوانەش کە گیرابوون یەکسەر ئازاد کران؟

لە حیلوان کە پەکەکە بە مانگ شەڕی تێدا کرد، دەوڵەت دەنگی نەکرد. بۆ ماوەی 14 رۆژان ئەرتەشی تورکیە هاتە ناو حیلوان و سەرجەم پەکەکەییەکانی لە حیلوان وەدەرنا. لەماوەی ئەو 14 رۆژەدا دۆخی حیلوان ئارام بوو، بەڵام پاش 14 رۆژ بەهۆکارێکی نادیار دەوڵەت هێزەکانی لە حیلوان کشاندەوە و جارێکی دیکە پەکەکە گەڕایەوە. ئەوە رووداوێکی جێگای گومان بوو. تەنانەت بەشێک لە سەرۆکی حیزبەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان پرسیاریان لە “بڵیند ئەجەڤیت” سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیە کرد کە لەبەرچی ئەرتەش پاشەکشەی کردووە. دیارە کە دەستێک لە پشتی پەکەکە هەیە و دەیهەوێت ئەو حیزبە لە حیلوان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

پەکەکە ئەو سەرۆک شارەوانی و پارلەمانتارانە دەستنیشان دەکات کە پشتیوانیان لێی نەدەکرد، دواتر پەکەکە ئەو کەسانە دەباتە پشت میکرۆفۆنی شارەوانی و ناچاریان دەکات تاوەکوو بڵێن کە ئەوان خائینن و تەسلیمی شۆڕشگێڕەکان بووین و ئێوەش تەسلیم بن. ئەوە لەکاتێکدا بوو کە بینای ئاسایشی حیلوان تەنها 50 میتر و فەرماندەیی ئەرتەشی تورکیە لە حیلوان تەنها 200 میتر لەشوێنی میکرۆفۆنەکانەوە دوور بوون کە بینای شارەداری بوو. هیچ کەسێک دەخاڵەتی نەکرد. زۆر بەڵگەی دیکە هەن کە دەیسەلمێنن ئاڵۆزیەکانی حیلوان، سیڤەرک و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەت و پەکەکە وێکڕا بەڕێوە چوون و هەوڵی شاردنەوەشیان دەدرێت.

لە ئەنجامدا کوردستان کەوتبووە ناو ئاڵۆزی و ململانێ و پێکدادان و کادرە پێشکەوتووەکانی کوردان دەستگیر دەکران و دەکوژران. دەوڵەت رێگای نەدەدا هیچ کەسێک هەناسە بدات. لە بارودۆخێکی وەهادا ئۆجەلان کە هاوژینەکەی و هاوڕێیەکەشی هەردووکیان ئەندامی میت بوون، بەردێکی لەگەڵ خۆی هەڵنەگرت و بە ئاسانی خۆی گەیاندە سووریە و خۆی رزگار کرد و دوای ئەوە کودیتای 21ی ئەیلوول روویدا.

ئەو ئاڵۆزیەی کە دەوڵەت مەبەستی بوو، دروست ببوو سەرجەم لایەنە سیاسیەکان جگە لە ئۆجەلان، بریندار و پەرشو بڵاو ببوون.

بەشی 5: ئۆجەلان بۆخۆی خۆی رزگار کرد یان کەسانێک ئەویان رزگار کرد، کادرەکانی پەکەکە چیان لەگەڵدابوو؟

پوستێن ھەمان بەش