لە هێڵی 15ی تەباخەوە هەتا هێڵی 15ی شوبات؛ لەناو پەکەکەدا چەک و توندوتیژی

ئۆجەلان لە شام و بەیرووت بوو بە شوێنکەوتەیەکی باشی حیزبی بەعس و لە راستیدا بەعسایەتی لە کۆدە زیهنیەکانی ئۆجەلانیشدا جێگای خۆیان کردەوە. ئیدی ئۆجەلان بەرە بەرە پەکەکەی بەرەو رێبازی حیزبی بەعس پەلکێش دەکرد، بەڵام ئەندامانی پەکەکە لەو دۆخە نیگەران بووون.

بەشی 5: ساڵانی بە بەعسی کردنی پەکەکە لەلایەن ئۆجەلانەوە و کاردانەوە ناوخۆییەکان

رەوتی مێژووی پەکەکە لەنێوان ساڵانی 1980 بۆ 1990، بە قۆناخێکی گرنگی مێژووی ئەو حیزبە دادەنرێت. پەکەکە کۆنگرەکانی دووهەم و سێهەمی خۆی لەو بڕگە زەمانیەدا بەستوون. خەبات و بەرگرییەکی مەزن لە زیندانەکاندا لەئارادابوو، خەباتی چەکدارانە دەستیپێکرد و هێزی گریلا راگەیەندرا، بەڵام ئەوانەی کە باسمان کردن تەنها ئەو رووداوانەن کە پەکەکە لە گێڕانەوەی مێژووی خۆیدا بە فەرمی باسی لێوە کردوون، دەنا لە راستیدا ئەو 10 ساڵە بۆ پەکەکە مانایەکی زۆر جیاوازی هەیە. لەو قۆناخەدا جەوهەری پەکەکە گۆڕدرا، پێکهاتەی حیزبەکە، سیستەمی کار کردن و چۆنیەتی بەڕێوەبەرایەتی لە حیزبەکەدا بەتەواوی گۆڕدران. دۆستە دێرینەکان بوون بە دوژمن و دوژمنە کۆنەکانیش بوون بە دۆست. چەقی سەرجەم ئەو گۆڕانکاریانەش لوبنان بوو.

“سەرۆک”ێک کە هیچکات کوردستانی نەبینیوە

پاش ئەوەی کە لە تیرمانگی 1978دا ئۆجەلان رۆیشتە سووریە هەتا 15ی شوباتی 1999 و کاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیە، بۆ تاقە جارێکیش پێی لەسەر خاکی کوردستان دانەنا. لە راستیدا ئۆجەلان جگە لەو 10 مانگەی کە لەساڵی 1978دا لە ئامەد تێپەڕی کرد، قەت لە کوردستان نەماوەتەوە. ئۆجەلان بۆ ماوەی 20 ساڵ لەسەر هێڵی لوبنان و شامدا ژیاوە بەبێ ئەوەی کە تووشی هیچ گرفتێکی ئەمنییەتی ببێتەوە. ئێمە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانهەوێ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە بکەن، نموونەیەک لەو “تێبینیانەی کە لە پەراوێزی کتێبەکاندا دەنووسرێن” لێرە باس دەکەین. بۆ نموونە، دەوڵەتی تورک لە 12ی کانوونی 1980دا لە شاری قامیشلوو هێرشی کردە سەڕ بینایەک و لەو ماڵەدا 7 سەرکردەی حیزبی “کاوە” و 9 نیشتمانپەروەری دیکە واتە 16 خەباتکاری کوردی شەهید کردن. بەڵام ئۆجەلان هیچکات تووشی دۆخێکی وەها نەبووە. ئۆجەلان لەو کۆشکانەدا دەژیا کە مەلەوانگەی تێدا بوو. لە ئاپارتمان و شەقامەکانی شامدا، ئازادانە دەسووڕیاەوە و بە بێ هیچ ترسێک سەردانی شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکان و… هتدی دەکرد.

ئایا پەیوەندییەکانی شام لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بوون یان لەسەر ئەساسی رێکەوتنێکی نێونەتەوەیی پێکهاتبوون؟

پەکەکە لە گێڕانەوەی مێژووی خۆیدا، بەشێوەیەکی زۆر ئەفسانەیی باسی مانەوەی خۆی لە لوبناندا دەکات. پەکەکە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکاندا بەشداریی کردبوو. لە 2ی حوزێرانی 1982دا 10 کادری پەکەکە لە شەڕ دژ بە ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستدا. دوران کاڵکان لە ساڵی 2018دا گوتی “خەباتی گەلی فەلەستین، خەباتی ئێمەیە. لەنێوان کورد و فلستینیەکاندا برایەتی نیزامی پێکهاتووە”. ئەو بابەتە زۆر بە گەورە ناوبرد. ئەگەرچی پەکەکە بشیهەوێت پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ فلستینیەکاندا وەکوو هاوکارییەکی نیونەتەوەیی پیشان بدات، بەڵام لە جەوهەردا بەوشێوەیە نیە. پەکەکە مووچەی تایبەتی بۆ هەر گریلایەکی خۆی وەردەگرت و ئەو پارەیە دەچووە سندووقی ئەو حیزبە. لە بەرانبەر ئەو پارەیەشدا پەکەکە بەپێی بەرژەوەندیەکانی سووریە، لوبنان و فلستین دەجووڵایەوە. لە راستیدا ئۆجەلان گریلاکانی وەکوو شەڕکەری بەکرێگیراو بەکاردەهێنا.

کۆدە نوێیەکانی زیهنی ئۆجەلان و بەرخۆدانی کادرەکان

ئۆجەلان لە شام و بەیرووت بوو بە شوێنکەوتەیەکی باشی حیزبی بەعس و لە راستیدا بەعسایەتی لە کۆدە زیهنیەکانی ئۆجەلانیشدا جێگای خۆیان کردەوە. ئیدی ئۆجەلان بەرە بەرە پەکەکە بەرەو رێبازی حیزبی بەعس پەلکێش دەکرد، بەڵام ئەندامانی پەکەکە لەو دۆخە نیگەران بووون.

بۆ نموونە، کاتێک دوکتور کەماڵ لە لوبنانەوە دەگەڕایەوە بۆ کوردستان بە جەمیل بایک دەڵێت: “من جارێکی دیکە ئامادە نیم بگەڕێمەوە لوبنان”. ئەگەرچی جەمیل باییک دەیهەوێ ئەو قسەیەی کەماڵ پیر بە فاتیمەوە گرێ بدات، بەڵام لە ناوەرۆکدا سەرجەم کادرەکانی دیکەش لە سیاسەت و شێوازی ژیانی ئۆجەلان لە بەیرووت و شام تووڕە و ناڕازی بوون. ئەگەرچی شرۆڤەی جۆراوجۆریشی بۆ کرابیت بەڵام راستیەکەی ئەوەیە: کەسانێک کە ئامادە بوون لەپێناو بیروباوەڕی خۆیاندا، گیانیان بەخت بکەن، شێوازی ژیانی ئاپۆ و ئەوەی دەیانبینی، بەلایانەوە پەسند نەبوو، هەربۆیە بەردەوام ژێربەژێر و بە دزیەوە رەخنەیان لە ئاپۆ دەگرت.

پەکەکە لە تیرمانگی 1981دا یەکەم کۆنگرەی خۆی و دواتر لە تەباخی 1982دا کۆنگرەی دووهەمی خۆی گرت. لەو کۆبوونەوانەدا تووڕەبوون لە ئاپۆ گەیشتە ئاستیک کە سکرتێر بوونی ئۆجەلان لە ناو پەکەکەدا بوو بە بابەتێکی جێگای نیقاش و ئاپۆ بە زۆر توانی کورسیی سکرتێرایەتی حیزبەکە بۆخۆی بپاریزێت. ئەو دۆخە ئۆجەلانی ترساند و ئۆجەلان پاش کۆنگرە سەرجەم ئەو کەسانەی لە مەیدان وەدەرنا کە لەناو کۆنگرەدا دژایەتییان دەکرد و ببوونە ئاستەنگ لەبەردەمیدا. ئاپۆ تەسفیەی ناوخۆیی پەکەکەی دەستپێکرد. پەکەکە لەساڵانی 1980دا شەڕێکی ناوخۆیی شاراوەی ئەنجامدا. ئۆجەلان لە کتێبەکیدا بەناوی “تەسفییەکرنا تەسفییەچیا”دا دەڵیت: “ئەگەر بۆ تەسفیە کردنی کەسێکی تەسفیەچی پێویست بکات هەموو حیزبەکە تەسفیە بکەم، ئەوە بێ دوودڵی دەیکەم”. شەڕی ناوخۆیی لە ریزەکانی پەکەکەدا زۆر گەرم بوو. ئەو هەڵوێستەی ئۆجەلان بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو کادرە دێرینانەی کە پەکەکەیان کردبوو بە پەکەکە، یەک بەیەک لەناو ببرێن. ئۆجەلان هەوڵێکی خویناوی زۆریدا بۆ ئەوەی پەکەکە بکاتە حیزبی بەعس و خۆیشی بۆ هەتاهەتایە ببێتە کەسی یەکەمی ئەو حیزبە. خولیای ئۆجەلان ئەوە بوو ببێتە کەسێک وەکوو سەددام حوسێن و ئەسەد.

لە دۆڵی بیقاع، ئۆجەلان گوێی لەو کەسانە بوو کە دەیانگوت “بروح بالدم نفدیک یا اسد” (بە گیان و بەخوێن لەگەڵتین ئەی ئەسەد). ئاپۆیش دەیهەویست ئەو دروشمە بۆ ئەویش بگوترێتەوە. بۆ ئەو مەبەستە پرۆسەیەکی خوێناویی دەستپێکرد و بەشێکی بەرچاو لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و لەناویاندا هاوڕێیە دیرینەکانی خۆیشی لەناوبرد. لە لۆلان، لوبنان و ئەورووپا تۆمەتی خیانەت کردنی دایە پاڵ دەیان کەس و کوشتنی. ئەو پرۆسەیە هەتا ساڵی 1986 بەردەوام بوو. کۆنگرەی سێهەمی پەکەکە پەسندی کرد کە ئیدی هاوڕێ “عەلی” دەبێت بە سەرۆک ئاپۆ. ئەندامانی کۆنگرەی پێشوو دروشمی “یان کوردستان یان نەمانی”یان دەگوتەوە بەڵام پاش کۆنگرەی سێهەم ئەندامانی پەکەکە لە دۆڵی بیقاع دروشی “بە گیان بەخوێن، ئێمە لەگەڵتین سەرۆک”یان دەدا. ئۆجەلان بۆ ئەوەی بە خولیاکەی بگات و وەکوو سەددام و ئەسەدی لێبێت، پێی بەسەر جەنازە و خوێنی هاوڕێکانی خۆیدا نا و ئاخرەکەی پێیگەیشت. ئیدی ئۆجەلان نە عەلی بوو و نە هەڤاڵ، ئەو ببووە “سەرۆک ئاپۆ”.

سەرچاوەی ئیلهامەکانی پەکەکە چ بوو؟

پەکەکە بە خەباتی چەکدارانە دەڵێت شەڕی گریلا و بناخەی مێژوویی خۆی بە حیزبە چەپ و مارکسیست ـ لینینیستەکان و لەسەر نموونەی وڵاتهایەک وەکوو ڤیێتنام، ئانگۆلا و فلستینەوە گرێ دەدات. لە شەڕ کردنیشدا پەکەکە پێشمەرگەی وەکوو مودێل بۆ فێربوونی خۆی لەبەرچاو گرت. چوونکە پەروەردە نیزامیەکانی لوبنان بەهۆی جیاوازیی بارودۆخی ئەو وڵاتە لەگەڵ کوردستاندا، گونجاو نەبوون. شەڕ کردن لە کوردستاندا پێویستی بە ناسینی چیاکان، ناسینی جوغرافیا، زانینی هەڵکردنی ئاگر و چۆنیەتی خۆحەشاردان و هەروەها زانینی چۆنیەتی جەولە کردن لە شەودا و … هتد هەبوو. پێشمەرگە ئەزموونێکی زۆری لەو بوارانەدا هەبوو. پەکەکە ئەلف و بێی شەڕی پارتیزانیی لە پێشمەرگەکانی کوردستانەوە فێر بوو. پێشمەرگە وەکوو هێزی تێکۆشانی چەکدارانە لە خەباتی نەتەوەییدا، مۆری خۆی لە مێژووی سەدەی 20دا دابوو.

ئەگەرچی پەکەکە ئەو کاریگەریانەی پێشمەرگە باس ناکات بەڵام لە راستیدا ئینکار کرانی ئەو راستییە مێژووییە بۆ پەکەکە بەواتای ئینکار کرانی سەرجەم دەسکەوتە هەییەکانی دێت. هاوکات دەرخەری ئەو راستیەشە کە پەکەکە لە دەرەوەی خانەی خەباتی نەتەوەیی کوردەکاندا جێگەی گرتووە. کاتێک پەکەکە دەڵێت من تەنها کەڵکم لە شۆڕشەکانی ڤیێتنام و ئانگۆلا وەرگرتووە، دەبینین کە ئەو حیزبە چەندە زوو ئەو کاتانەی لەبیری خۆی بردۆتەوە کە گریلاکانی لە سەر سفرەی پێشمەرگەکانی کوردستان نانیان دەخوارد، چەکی پێشمەرگەیان بەکار دەهێنا، لە بن خێوەتی پێشمەرگەکاندا دەنوستن و تەنانەت بەستنی پشتوێنیش لە پێشمەرگەکانەوە فێر بوون و …هتد. لە ئێستادا پەکەکە هەوڵ دەدات پێشمەرگە بچووک پیشان بدات و بێڕێزیی پێدەکات. ئەوە لەلایەک ئینکار کردنی مێژووی پەکەکە بۆخۆیەتی و هاوکات نیشانەی سپڵەیی و نانحەرامبوونیشیەتی. لە راستیدا جیهانبینی فیکریی پەکەکە لەسەر بنەمای سپڵەیی دامەزراوە.

پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان “PDK”

محەممەد قارانسونگوور (خالید)، لە ساڵی 1980دا دەچێتە رۆژهەڵاتی کوردستان و لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستاندا پەیوەندی دروست دەکات. قاراسونگوور نزیکەی ساڵێک لە بارەگای پەدەکە لە شنۆ دەمێنێتەوە. رابردووی خەباتی بارزانی و پێشمەرگەکان، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دادەنێن. ئەو بەو قەناعەتە دەگات کە خەباتی پێشمەرگە، جەوهەری خەباتی نەتەوەیی کوردستانە. قاراسونگوور لە ساڵی 1981دا دەچێتە لوبنان و پرۆژەی “دەرکەوتن لە لوبنان و رۆیشتنە باشووری کوردستان” پێشکەش بە ئاپۆ دەکات. لە راستیدا قاراسونگوور، یەکەمین فەرماندەی نیزامیی پەکەکەیە و کەسێک بووە کە لە شەڕەکانی هیلوان و سوێرەگدا بەشداریی کردووە. لە راستیدا قاراسونگوور یەکێک لەو یەکەمین کەسانەیە کە نامیلکەی “خەباتی چەکدارانەی لە کوردستان” نووسیوە. کەسێک کە پەکەکەی هێنایە باشووری کوردستان و یەکەمجار رێکەوتنی لەگەڵ پەدەکەدا ئەنجامدا، قاراسونگوور بوو. قارانسوگوور مرۆڤێکی نەتەوەپەروەر و نیشتمانپەروەرێکی مەزن بوو. ئەو بڕوای قووڵی بە رێکەوتنی نەتەوەیی هەبوو. کاتێک کە هەوڵی دەدا لە پێکدادانی نێوان YNK  و IKPدا نێوبژیوانی بکات و کۆتایی بە گرژیەکان بهێنێت، بوو بە ئامانجی گولـلەی یەکێتیەکان کە پەلاماری کەمپی “IKP”یان دابوو. قاراسونگوور لە 2ی گوڵانی 1983دا لە باڵەکایەتی شەهید بوو. هەواڵی شەهید بوونی قارانسوگوور بۆ ئۆجەلان وەکوو نانەچەورەیەکی بەتام بوو.

کاریگەریی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی کوردستان لەسەر کادرەکانی پەکەکە تەنها بە قاراسونگوورەوە سنووردار نەبوو. یەکەمین گرووپەکان کە هاتبوونە باشووری کوردستان، لە کەمپەکانی پەدەکەدا دەمانەوە و لەوانەوە فێری ژیانی چیا دەبوون. بۆ نموونە پارتی بە ناوەندە حیزبیەکانی خۆی دەڵێت لق، پەکەکەش هەر دەستەواژەی “لق”ی بەکار دەهێنا. جل و بەرگ، چۆنیەتی بەستنی پشتوێن، چەک هەڵگرتن و بەستنی رەخت، هەموو لەپێشمەرگەکانەوە فێر بوون. لە راستیدا ئامانجی ئەو کادرانەی کە لەگەڵ یەکەم گرووپەکانی پەکەکەدا هاتبوونە کوردستان ئەوە بوو کە ڤێرژنێکی شەڕی پێشمەرگە لە باکووری کوردستان بەڕێوە ببەن.

ململانێ لەنێوان هێڵی لوبنان و هێڵی لۆلان دروست دەبێت

ئۆجەلان هێڵی “لۆلان” وەکوو خائین و تەسفیەچی ناو دەبات و هەموو قورسایی و توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی کادرەکانی لۆلان و باشوور پەرتەوازە بکات و فاتیمەش بەتایبەتی دەنێرێتە سەریان.

پەکەکە دواتر لە مێژووی نووسراو و شەفاهی خۆیدا، رووداوەکانی باشووری کوردستان ئینکار و چەواشە دەکات. پەکەکە بەوپەڕی رێزەوە یادەوەری پرۆژەی فلستین و لوبنان وەبیر دێنێتەوە، بەڵام سەرجەم ئەو ئەزموونانە رەد دەکاتەوە کە لە سایەی خەباتی پارتی و پێشمەرگەی کوردستانەوە بەدەستیهێناوە. دیارە ئەگەر پەیمانی 1982 نەبایە، پەکەکە نەیدەتوانی پێ بنێتە سەر خاکی باشوور و بۆتان. پەکەکە بۆ پەیوەندیەکانی لە بۆتان و باشووری کوردستاندا قەرزداری پارتیە. خەڵکی بۆتان و بادینان پێشمەرگەیان وەکوو بەشێک لە خۆیان دەبینی و گریلاکانی پەکەکەیان وەکوو بەردەوامی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە سەیر دەکرد و هەربۆیە لەباوەشیان دەگرتن.

حامید بوزئەرسەلان جەخت دەکاتەوە کە “پاش 1920، کوردەکان بوون بە خاوەن کلتوور و خولیای جوغرافیایەکی هاوبەش”. ئەوە سەرەتایەکی راست و دروست بوو. کورد لەسەر هێڵە گشتیەکان هاوڕا و هاوبەش بوون. بەڵام پەکەکە مێژووی خۆی لەسەرەوەی مێژووی کوردستانەوە دادەنێت و خۆی لە دەرەوەی مێژووی کوردستان حیساب دەکات و دەڵێت “مێژووی کورد لە ئێمەوە دەستپێدەکات”. پەکەکە بە بێ ئەوەی پەیوەندیی بە مێژووی هەموو کوردەوە هەبێت، زەربەیەکی گەورە لە مێژووی هاوبەشی کوردەکان دەدات. زۆرجار پەکەکە زۆر غڕاتر دەبێت و دەڵێت من کوردم خوڵقاندووە. پەکەکە سەرجەم مێژووی کورد و کوردستان ئینکار دەکات. لە راستیدا پەکەکە هەوڵ دەدات سەرجەم بەستێنەکانی بەنەتەوە بوون (بەدەوڵەت بوون)ی کوردەکان بسڕێتەوە. پەکەکە هەر لە دەسپێکی خەباتی چەکدارانەیدا ئەو رۆڵەی گێڕا و لەبواری سیاسی و نیزامیدا هەرچەشنە هاوکاری کردنێکی لەگەڵ کوردەکان رەد کردەوە. بۆ نموونە، کاتێک ئۆجەلان دیتی کە دوران کاڵکان و ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی بەڕێوەبەری لەگەڵ پەدەکەدا پێکەوە کار دەکەن، ئەویان بە تەسفیەچی تۆمەتبار کرد. دوران کاڵکان و هاوڕێیەکانی لە باشوور، گۆڤارێکیان بەناوی پێشمەرگە وەکوو بڵاوکراوەی فەرمی “هێزی رزگاریی کوردستان” (HRK)، بڵاو دەکردەوە. دیارە هەر ئەو دوران کاڵکانە دواتر کتێبێکی لەژێرناوی “پێشمەرگەی بچووک” نووسیوە.

ئەوە رەوشی کادرەکانی پەکەکە بوو، بەڵام ئۆجەلان پەدەکەی وەکوو دوژمنێک سەیر دەکرد. ئەو زۆرجاران لە تەعلیماتە ناوخۆییەکانی ئەو کاتەیدا بۆ ئەندامانی پەکەکە بە روونی باسی لەوە کردبوو. جەمیل بایکیش بۆخۆی هەمان زیهنیەتی هەیە و لە گێڕانەوەی مێژووی پەکەکەدا سەبارەت بە رێکەوتنی پەکەکە و  پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: “دەبوا بۆتان کۆنترۆڵ کرابا و پێویست بوو ئێمە کۆتایی بە کاریگەریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بۆتان بهێنین. هەر بۆ ئەو مەبەستەش بوو کە ئێمە رێکەوتنمان لەگەڵ پارتیدا واژۆ کرد”.

هەر لەسەرەتاوە تاوەکوو ئەمڕۆ سەرجەم قسەکانی پەکەکە لەسەر یەکیەتی نەتەوەیی و خەباتی هاوبەشی کوردان، کۆمەڵێک قسەی بێ بنەما بوون، چوونکە پەکەکە لە ئەساسدا حیزبێکی بێ مەبدەئە و پراگماتیستە. پەکەکە لەلایەکەوە ئامادەکاریی بۆ کەوتنی بۆتان دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ سەددام حوسێن لە پەیوەندیدا بوو، هاوکات لەگەڵ ئەو جاشانەش کەوتبووە دانوستان کە دژ بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شەڕیان دەکرد.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو راستییانەی پەکەکە، رۆڵەکانی نەتەوەی کورد بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان روویان لە چیاکان کردبوو. ئەوە دۆخی پەکەکە بەر لە چالاکیی 15ی تەباخ بوو.

بەشی شەشەم: هەنگاوەکانی 15ی تەباخ و گەلی بۆتان و زاگرۆس

پوستێن ھەمان بەش