لە هێڵی 15ی تەباخەوە هەتا هێڵی 15ی شوبات؛ لەناو پەکەکەدا چەک و توندوتیژی

لە ئەساسدا پەکەکە پێکهاتەیەکی نەتەوەیی نیە و ئۆجەلان وەکوو تاقە دەسەڵاتی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری پەکەکە، هەر لە بناخەوە خەباتەکەی لە سەر بنەمای نەتەوەیی بەڕیوە نەبردووە.

بەشی 6: وردەکاری وکاریگەرییەکانی چالاکیی 15ی تەباخ

چالاکیەکانی ئەرووح و شەمزینان کە وەکوو هەنگاوی یەکەمی 15ی تەباخ ناودەبرێن، دەسپێکی قۆناخێک بوون کە دەرئەنجامی گرنگی لێکەوتەوە. هەڵەی زۆر گەورە لە شرۆڤە کردنی ئەو قۆناخەدا ئەوەیە کە نزیکایەتی و ئەنجامەکانی ئەو چالاکییە بەتەواوی بۆ پەکەکە ئەژمار بکرێن. ئەگەرچی پەکەکە دەڵێت چالاکیی 15ی تەباخ من ئەنجامم دان، بەڵام ئەو ئیدیعایە لەبواری مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵناسیەوە راست نیە. هاوکات ئەو کەسانەش لەبواری مێژوویی، سیاسی و کۆمەڵناسیەوە لەهەڵەدان کە رەخنە لەپەکەکە دەگرن و دەڵێن “ئەو چالاکیە ئیستیفزازێکی پەکەکە” بووە. چوونکە لە راستیدا ئەو کەسانەی کە چالاکیی 15ی تەباخیان ئەنجامدا و ئەوانەش کە لەدەوریان کۆ بوونەوە، هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیدئۆلۆژی پەکەکە و کەسایەتیی ئۆجەلانەوە نەبوو. چالاکیەکە هی پەکەکە نەبوو، بەڵکوو سەرهەڵدانی نەتەوەی کورد دژ بە داگیرکاریی تورکەکان بوو.

ئەندازیارانی چالاکیەکە

چالاکیەکانی گوندی “ئەرووح” و شەمزینان لەلایەن کادرەکانی پەکەکە لە لۆلان و بۆتان پلانی بۆ دانرا و بەڕێوەچوو. ئەگەرچی تەنها ناوی “مەسعوود کۆرکماز” باس دەکرێت، بەڵام لە راستیدا بۆ ئەنجامدانی ئەو 3 چالاکیە نزیکەی 80 کەس بەشدار بوون. بەشێک لەوانەی لەو چالاکیانەدا بەشدارییان کردبوو، دواتر لەلایەن پەکەکەوە لەسێدارەدران. لەوانە کە پەکەکە لەسێدارەی داون دەتوانین ئاماژە بە جەماڵ (عەلی ئۆموورجان) فەرماندەی گرووپی چالاکیی شاخ (چاتاک) و مستەفا چیمەن (تەوفیق)، جێگری عەگید (مەعسووم کۆرکماز) بکەین. لەوانەی کە لە چالاکیی 15ی تەباخدا بەشدارییان کردووە، لە ئێستادا 13 کەس لە ژیاندا ماون. نیزامەدین تاش (بۆتان) کە لەئێستادا لە روانگەی پەکەکەوە وەکوو خائین سەیر دەکرێت، یەکێک لەو 29 کەسانەیە کە لە چالاکیی “ئەرووح”دا بەشدار بووە.

بەگشتی سەبارەت بە جیرۆکی راستەقینەی 15ی تەباخ، زانیاریی زۆر کەم بڵاو کراوەتەوە. پەکەکە هیچکات چیرۆکی راستەقینەی ئەو چالاکیانە و هەروەها ناوی ئەو کەسانەی کە ئەو چالاکیانەیان ئەنجامداوە، بڵاو نەکردۆتەوە. پڕ روونە کە ئەوە بەهۆی مەسائیلی ئەمنیەتیەوە نیە، بەڵکوو ئەوە بەهۆی سیاسەتی تاکڕەوانەی ئۆجەلان و پەکەکەوە بوو. بۆ نموونە وەکووو ئەوەی کە مەعسووم کۆرکماز بە تاقی تەنیا ئەو چالاکیەی ئەنجام دابێت و دواتر شەهید بووبێت، بڵاو دەکرێتەوە. ئۆجەلان بە ئاگاهیەوە تەنها وشەی عەگیدی وەکوو پێشگر لکاند بە ناوەکەیەوە و بەوشیوەیە تێگەیشتنێکی خوڵقاند. ئەوەش وەکوو بەشێک لە پەیوەندییە ئیلاهیەکانی ئۆجەلان دانرا، کە دواتر بە وردی باسی دەکەین.

ئەوانەی کە چالاکییەکانیان بەڕێوەبرد و ئەوانەش کە خۆیان لێ بە ساحب دەزانی، کوردستانی بوون

نە پەکەکە، نە ئەو کەسانەش کە چالاکییەکەیان بەڕێوە برد و نە هیچ کەسێکی دیکەش نەیتوانیبوو کاریگەرییەکانی 15ی تەباخ تەخمین بکات. لە کاتی بەڕێوەچوونی چالاکیەکە و لە دوای چالاکیەکەش نەک هەر دەوڵەت، بەڵکووو پەکەکە بۆخۆشی تووشی شۆک بوو. لەبەر ئەوەی کە پاش چالاکیەکە خەڵک روویان کردە چیا و وەکوو ئاگرێکی گەشاوە بەجارێک بڵێسەیان سەند.

لە بەشی دووهەمی نووسینەکەماندا، ئێمە باسمان لە رەوشی سۆسیۆلۆژیکی باکووری کوردستان لە ساڵانی 1970دا و کاریگەریەکانی خەباتی چەکدرانەی پێشمەرگە و پەدەکە بەتایبەتی لە دەڤەری بۆتان ـ جوولەمێرگ و ماردین کردبوو. خەڵکی ئەو ناوچانە کە هەموویان دەستیان دایە چەک، بەر لە هەنگاوی 15ی تەباخ، لەژێر کاریگەریی سیاسی ـ نیزامی پەدەکەدا بوون. ئەگەر پەکەکە خۆی وەکوو هاوپەیمانی پەدەکە پیشان نەدابا، بێگومان قەد نەیدەتوانی لەو ناوچانە بحاوێتەوە. لەبەر ئەوەی کە خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان بە لایەنگری پارتی دیموکرات دەزانی. خەڵکی ئەو ناوچەیە بەو هیوایەوە تێکەڵ بە ریزەکانی پەکەکە بوون و روویان لە چیاکان کرد کە پێیانوابوو لە 15ی تەباخدا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەدەکەدا خەباتی چەکدارانە بۆ رزگاریی کوردستان لە ناوچەکانی ئەوانەوە دەستیپێکردووە. دەنا لە راستیدا خەڵکی ئەو ناوچانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیدئۆلۆژی مارکسیست ـ لینینیستی و هزری چەپگرایانەی پەکەکەوە نەبوو. لە ئێستاشدا هیچ پەیوەندییەکیان بە ئارمانجە سیاسی و ئیدئۆلۆژیە راستەقینەکانی پەکەکەوە نیە.

گەل 15ی تەباخی لە ئامێز گرت لەبەر ئەوەی ئەو هەنگاوەی وەکوو دەسپێکی قۆناخێکی نوێ لە خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەی خۆی دەزانی. پاش 15ی تەباخ، خەڵکی ناوچەکانی بۆتان و جوولەمێرگ لە زۆربەی گوندەکانی وەکوو ئۆمیانس، دەشتی لالا، گوویینا و هتد… پەیوەست بوونی بەکۆمەڵ روویدا. دیارە بەرلەوەی چالاکیەکە ئەنجام بدرێت لەو ناوچانەدا کەسانێک هەبوون کە بە چەک بەرەنگاری دەوڵەت ببوونەوە، وەکوو حەسەن چاڤش، سەلیم (فەوزی) گوویینی و ژمارەیەک کەسی دیکە کە دواتر پەیوەست بوون بە پەکەکەوە.

لە راستیدا ئەو کادرانەی کە چالاکایی 15ی تەباخیان بەڕێوە برد و خەڵکی ئەو ناوچەیەش کە پاڵپشتی 15ی تەباخیان کرد، سەرجەمیان خاوەن هزری کوردایەتی بوون و کوردستانی بیریان دەکردەوە و سەرجەمیان ئەو چالاکیەیان لەپێناو رزگاریی و سەربەخۆیی کوردستاندا ئەنجامدا و لە ئامێزیان گرت.

پەکەکە لەبەر چی نەیتوانیبوو خەڵکەکە سازمان بدات؟

بابەتی سەرنجڕاکێش کە پاش 15ی تەباخ پەرەیئەستاند ئەوە بوو کە دەوڵەت هەموو هێزە سەربازیەکانی خۆی لە هێڵی بۆتان و جوولەمێرگ کشاندەوە دەوروبەری شارەکان، دەتوانین بڵێین لەسەرانسەربۆتان ـ جوولەمێرگ هێزی نیزامی نەمان.

خەڵک لەناکاو راپەڕیبوو بەڵام پەکەکە نەیتوانی ئەو دەرفەتە بە باشی بقۆزێتەوە. خەڵکەکە گەڕانەوە گوندەکانی خۆیان، چەکەکانیان شاردەوە و بەهیوای پێشکەوتنەوە چاوەڕوان مان. جەمیل باییک لە کتێبەکەیدا لەسەر مێژووی پەکەکە بەمشێوەیە باس لەو بابەتە دەکات: “خەڵکی کورد خولیا و حەسرەتێکی مێژووییان هەبوو، لەناکاو راپەڕیبوون و روویان لە چیاکان کردبوو بەڵام ئێمە نەمانتوانی ئەوان لە خەباتدا بەشدار بکەین و دواتر دەوڵەت سەرجەم ئەو خەڵکەی کردە جاش”.

هێڵە گشتییەکانی پەکەکە: پارچە بکە ـ بڵاوەی پێبکە و بمەشێنە

ئەوە کافی نیە کە هۆکاری سەرنەکەوتنی کوردەکان تەنها بە چۆنیەتی ئامادەکاری و خراپ پێشبینی کردنەوە گرێ بدەین، بەڵکوو لە ئەساسدا پەکەکە پێکهاتەیەکی نەتەوەیی نیە. ئۆجەلان وەکوو تاقە دەسەڵاتی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری پەکەکە، هەر لە بناخەوە خەباتەکەی لە سەر بنەمای نەتەوەیی بەڕیوە نەبردووە. گرووپی ئەنقەرە لەبواری بیر و هزرەوە “ئانکارا”یی بوون. هەربۆیە ئەوان هیچکات نەیانتوانی سەرجەم کوردەکان لەباوەش بگرن. پەکەکە ململانێ و بەریەککەوتنێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری ساز کرد و پاشان لایەکی گرت و لەگەڵ خۆی خستن و لە بەرانبەر ئەو لایەکەی دیکەشدا راوەستا. پەکەکە عەشیرەتەکانی بۆتان و جوولەمێرگ و گوندەواری کوردەکانی هیچکات وەکوو بەشێک لە خۆی سەیر نەکردوون و گوندنشینەکانی تەنها وەکوو کانییەک بۆ شەڕڤانەکانی بەکاردەهێنا.

لە قۆناخی 1977 بۆ 1984دا پەکەکە بە روونی بۆی دەرکەوت کە گەلی کورد لە جەوهەر و بنەڕەتدا نەتەوەپەروەرن و پەکەکە نەیدەتوانی بە دروشمی سۆسیالیزمەوە کوردەکان بهێنێتە مەیدانی شەڕ کردن. ئەو کوردانەی کە دەیانتوانی ببنە کاکڵە و بزوێنەری خەباتێکی چەکدارانەی درێژخایەن و بەردەوام، لەراستیدا نیشتمانپەروەر، سەربەخۆییخواز و کوردستانی بوون. دیارە نەک هەر تەنها خەڵکەکە بەڵکوو بەشێکی بەرچاو لە کادرەکانی پەکەکەش بنەما فکرییەکانیان لەسەر بناخەی نەتەوەپەروەری و بە سەربەخۆیی گەیاندی کوردستان راوەستابوو. لە راستیدا جیاوازییەکی گەورەی جیهانبینی و رامان و هزری لەنێوان ئەندامان و سەرکردایەتی پەکەکەدا بوونی هەیە. هەرکەسێک هەتا بەباشی لەو جیاوازییە تێنەگات ناتوانێ لە واقعی پەکەکەش تێبگات. لەبەر ئەوەی ئەو ئەندامان و لایەنگرانەی کە پەکەکە وەکوو سووتەمەنی بەکاریان دێنێت و سوود لە وزەکەیان وەردەگرێت، خەڵکێکی نیشتمانپەروەر و کوردستانین، بەڵام پەکەکە بۆخۆی دژی کوردستان و پرسی نەتەوەیی کوردەکانە. پەکەکە هێڵی کوردایەتیی راکێشا بۆ حیزبەکەی خۆی و لەکاتێکدا وزەی ئەو خەڵکەی لەپێناو بەرژەوەندییە حیزبیەکانی خۆیدا بەکار دەهێنا، هیچکات رێگای نەدا ئەو خەڵکە لە ئاستی بەڕیوەبەرایەتی و بڕیارداندا لە پەکەکە هیچ پێگە و رۆڵێکیان هەبێت.

پەکەکە خەتی نەتەوەیی وەکوو توێژێکی کۆنەپەرست و ساویلکە سەیر دەکرد و بڕوای پێنەدەکردن. بۆ نموونە خەڵکی بۆتان خۆیان وەکوو درێژەدەری رێگای میربەدرخان بەگ دەدیت بەڵام لەناو پەکەکەدا بەدرخان وەکوو زیادە و بێ مانا بۆ کوردەکان باسی لێوەدەکرا. خەڵکی جوولەمێرگ بەچاوی رێز و بایەخەوە سیری شێخ عوبەیدوڵا نەهری و خەباتەکەی دەکەن و وەکوو رێبەرێکی گەورە لێی دەڕوانن، بەڵام پەکەکە شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری وەکوو کەسێکی دواکەوتوو ناودەبات. خەڵکی چەولیک دیانگوت ئەوان درێژە بە رێگاکەی شێخ سەعید دەدەن بەڵام لە روانگەی پەکەکەوە شێخ سەعید سیخوڕی بەریتانیەکان بووە. پەکەکە دوو ئەجێندای پێکناکۆکی (ئاشکرا و شاراوەی) هەن. ئەو ئەجیندایەی کە بەردەوام وەکوو دروشم بە ئاشکرا باسی دەکرد دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو، هەروەها پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەییە. ئەجێندای شاراوەش کە واقعی پەکەکە بوو، بریتی بوو لە حەزی ئۆجەلان بۆ بە سەرۆک بوون و دەستەبەرکرانی بەرژەوەندییە حیزبیەکانی پەکەکە. چینی نیشتمانپەروەر تێچووی خەباتە چەکدارانەکەیان دەدا، کچان و کوڕانی لاوی کورد، بڕیاریاندا خۆیان ببەخشنە کوردستان و گوتیان ئێمە دەبین بە بووک و بە زاوای کوردستان و ژیانی خۆیان فیدای رزگاریی نەتەوەکەیان کرد بەڵام ئەوەی لە ئەنجامی ئەو خوێنانەدا بەدەستهاتن رزگاری کوردستان نەبوو بەڵکوو سەرۆکایەتی ئاپۆ بوو. ئاپۆ لەسەر خوێنی ئەو لاوە دڵ پڕ لەهیوایانەی کوردستان دەسەڵاتە هەتاهەتاییەکەی لەناو پەکەکەدا دامەزراند.

ئەوانەی کە دەیانهەوێ پەکەکە بەباشی بناسن، پێوستە باشتر لەو دوو رووییەی پەکەکە ورد ببنەوە. بۆ ئەوەی تووشی لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی هەلە نەبن پێویستە ئۆجەلان، حیزبەکەی، شەڕڤانەکان، ئەندام، لایەنگر و خەڵکەکە بەشیوەی جودا ـ جودا ببینرێن و هەڵسەنگاندیان بۆ بکرێت. ئەوانەی کە گیانی خۆیان بەخت کرد و لاشەیان پارچە پارچە بوو، بە هزری کوردانە و بە مەبەستی کوردایەتی ئەو رێگایەیان هەڵبژاردبوو بەڵام بەداخەوە بەرە بەرە رێگاکەیان لێگۆڕین.

سەفەری پەکەکە بۆ ساراقامیش

پاش هێرشەکانی ئەرووح ـ شەمزینان، پەکەکە نەیتوانیبوو کە سەرکەوتنێکی جیددی و بەرچاو لە رووی سەربازیەوە بەدەست بهێنێت و نەیتوانیبوو لە باکووری کوردستان هیچ چالاکییەک بەڕێوە ببات. ئۆجەلان بەردەوام بەشێک لە بەڕێوەبەرانی حیزبەکەی وەکوو دوران کاڵکان و سەلاحەددین چەلیک بە کەمکاری تۆمەتبار دەکرد. بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە لە ئاداری 1985دا بە پەلە و بە بێ بەرنامە، بڕیاریدا دەیان کەس رەوانەی باکوور بکات. سەرجەم ئەو گرووپانەی کە نێردرانەوە باکوور، لەناو چوون. ئاپۆ ئەو رووداوەی وەکوو سەفەری ئەنوەرپاشای تورکیە لە سەراوقامیش ناوزەد کرد لەبەر ئەوەی ئەنوەرپاشاش سەرجەم ئەرتەشەکەی بەهۆی بەفر و سەرماوە لەدەستدابوو. راستە کە پەکەکە یەکەم گوللـەی خۆی لە باکووری کوردستان تەقاند، بەڵام گەلی کورد خۆی لە چنگی دوژمندا بە بێ پاڵپشت بینی و نەیتوانی درێژە بە شەڕ بدات.

پوستێن ھەمان بەش