راستیەکەی خەلیفان و هەواڵە بێ ئەخلاقانەکانی پەکەکە

پەکەکە ناتوانێت بە پروپاگاندای درۆیین راستییەکان بگۆڕێت و رۆژێک دادێت کە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی شنگال، شەپێکی دیکەی گەلی کوردی بەربکەوێت.

پەکەکە لە 3ی ئەیلوولی ئەمساڵەوە، لەسەر هێندێ رووداوی خەیاڵی، کەمپینێک بەڕێوە دەبات و ئیدیعای ئەوە دەکات کە گۆیا لە رووداوەکەی خەلیفاندا 7 گریلایان لەلایەن پێشمەرگەکانی کوردستانەوە کراونەتە ئامانج. بەپێی ئیدیعاکانی پەکەکە تیمێک لە گریلاکانی ئەو حیزبە لەکاتی پەڕینەوە لە ئاوی “زاپ”دا کەوتوونەتە بۆسەی پێشمەرگەکانی کوردستان و گیانیان لەدەستداوە. پەکەکە لەسەر بنەمای ئەم ئیدیعایە داوای لە خەڵک کردووە کە بە گردبوونەوە و رێپێوان و مانگرتن، ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن.

پەکەکە هەرجارە و بەشێوەیەک باسی ئەو رووداوە دەکات و وەکوو سیناریۆی فیلمێک، لە مانگێکدا چەندین جار دەسکاریی دەکات و سەرلەنوێ دایدەڕێژێتەوە. دەقەکەی بەرفراوان کرد و لە کۆتاییدا بۆ ئەوەی سیناریۆکەی بە خەڵک بقەبووڵێنێت رایگەیاند یەکێک لەو 7 گریلایە کە کەوتبوونە بۆسەکەوە رزگاری بووە و سەلامەتە.

وێنەکانی ئەو گریلایانە هێشتا بڵاو نەکراونەتەوە، بە ئەگەرێکی زۆر، لە رۆژانی داهاتوودا ئێمە دەبێ بینەری فیلمێک بەناوی “خەیری لە رووداوەکەی خەلیفان رزگاری بوو” لە شاشەی تلویزیۆنەکانی پەکەکەوە بین.

پەکەکە جەریانێکی وەهایە کە فەرماندەیەکی خۆی کوشت کە 32 ساڵ خزمەتی پێکردبوو، دواتر لەناو تەشکیلاتەکەیدا وەکوو تەسفیەچی ناوی برد و هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەشی دەکات و دەڵێت: “یەکیەتی نیشتمانی هێرشی کردە سەری و کوشتی”. ئەوە بەسەرهاتی “فارووق بۆزکورت” بە کۆدناوی “ناسر”ـە کە وەکوو نموونەیەک لە سەدان نموونەی لەوچەشنە باسمان کرد.

وەزیری تەبلیغات و رۆشنبیری هیتلێر و هەڵخەڵەتاندنی گەل

  “جۆسێف گۆبێلس” وەزیری تەبلیغات و رۆشنبیری هیتلێر، خاوەن کۆمەڵێک پرنسیپی گرنگی پروپاگاندا و تەبلیغات بوو. یەکێک لەو پرنسیپانە ئەمە بوو: “ئەگەر ئێوە درۆیەک بەقەدەر خۆتان گەورە بکەن و بە بەردەوامی و بێ هەدادان دووپاتی بکەنەوە، مرۆڤەکان بڕوای پێدەکەن. رازی بڕواپێکردنی خەڵک بە درۆ، تەنها و تەنها بەردەوام دووبارە کردنەوەی درۆکەیە”.

لەو سەردەمەدا رادیۆ گرنگترین ئامرازی راگەیاندن بوو، بەردەوام تەبلیغات و پروپاگاندای دەکرد و دەیگوت: “ئاڵمان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەموو جیهان بە ئاڵمان نەوێران، ئامریکاش لایەنگری ئاڵمانە، بەرگرییەکی گەورە دەکرێت و هتد…”. هاوکات بۆ هەرکام لەو درۆیانەش سیناریۆیەک دروست دەکرا و بە گوێی خەڵکی دەگەیشت.

سیناریۆی جۆراوجۆر دەنووسران. خەڵکی ئاڵمان بڕوایان بە درۆیەکانی وەزیر “گۆبلێس” کردبوو. ئەرتەشی ئاڵمان لە مۆسکۆ تێکشکا و ئەرتەشی یەکیەتی سۆڤیەت سەربازەکانی ئاڵمانیان ناچار بە پاشەکشە کردبوو، بەڵام خەڵکی ئاڵمان لەژێر کاریگەریی پروپاگاندا درۆینەکاندا پێیان وابوو کە ئەرتەشی وڵاتەکەیان سەرکەوتنی گەورەی تۆمار کردووە و لە هۆڵی سینەماکاندا شاییان دەگێڕا و پیرۆزباییان لە یەکتری دەکرد.

لە راستیدا زۆربەی جەماوەری ئاڵمان پێیانوابوو کە تانکەکانی ئاڵمان گەیشتوونەتە ناو شەقامەکانی مۆسکۆ، بەڵام رۆژێک بە چاوی خۆیان بینیان کە تانکەکانی سۆڤیەت لە شەقامەکانی “برلین”دان. گۆبلێس بە پسپۆڕی پروپاگاندا و درۆکردن دەناسرێت، لە راستیدا ئەرکی سەرەکیی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بوو.

راگەیاندنی پەکەکە، شوێنکەوتووی گۆبلێس

هەر کەسێکی واقعبین کە سەیری میدیای پەکەکە بکات، دەبینێت کە پەکەکە چەند بە باشی و دەقاودەق پرینسیپەکانی گۆبلێس بۆ هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی جێبەجێ دەکات.

جەماوەری پەکەکە، جەماوەرێکی هەڵخەلەتاوە. ئەوان پێیانوایە کە “پەکەکە لە سەرکەوتنێکەوە بەرەو سەرکەوتنێکی دیکە هەنگاو دەنێت و ئەرتەشی تورکیە ناتوانێت تاقە یەک هەنگاویش بۆ پێشەوە هەڵبگرێت. سەرجەم جیهان عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبەری خۆیان دەزانن و سەرانسەری جیهان موحتاجی ئۆجەلان و پەکەکەن”. پەکەکە ئەو درۆ زلانەی بە جەمارەکەی خۆی قبووڵاندووە.

سیناریۆی خەلیفانیش یەکێک لەو فیلمانەی پەکەکەیە بۆ هەلخەڵەتاندنی گەلی کورد و لە راستیدا لە خەلیفان هیچ رووداوێک بۆ پەکەکە رووینەداوە کە پێشمەرگەی کوردستان دەستی تێدا هەبووبێت. وەزارەتی بەرگریی تورکیە لە 3ی ئەیلوولدا رایگەیاندبوو کە ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە 28ی تەباخدا 7 گریلای پەکەکەی لە ناوچەی گارە کردۆتە ئامانج کە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حیزبەشیان تێدا بووە. بەڵام پەکەکە لەسەر راگەیاندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانی تۆمەتبار کرد. مێژووی پێشمەرگە و پەدەکە دیارە و هەرکات هەر کارێکیان کردبێت بە راشکاوی رایانگەیاندووە کە ئێمە کردوومانە. پەدەکە لە 7ی ئۆکتۆبردا بە فەرمی رایگەیاند کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بەو رووداوەوە نیە کەوا پەکەکە باسی دەکات.

پەکەکە راستەوخۆ مرۆڤەکان دەکاتە ئامانج

پەکەکە دەست لە دووبارە کردنەوەی ئیدیعاکانی بەرنادات و درۆی گەورەتری پێوە دەنێت. پەکەکە لە کۆبانێ و دێرکا حمکۆ، رێپێوان ساز دەکات و راستەوخۆ پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی دەکاتە ئامانج. دروشم و وێنە بەرز دەکاتەوە و کۆمەڵێک ژن بەرەو دەروازەی سنووری سێمالکا بەڕێ دەکات.

لە شنگال پەلاماری بەربژێرەکانی پەدەکەیان دا. سەیری تلویزیۆنەکانی پەکەکە بکەن، کاتژمێر بە کاتژمێر درۆیەکی گەورە و بێ حورمەتییەکی ناحەز لەسەر پەدەکە بڵاو دەکەنەوە.

پەکەکە لە درێژەی سیناریۆکەی خەلیفاندا لەمدواییانەدا درۆیەکی گەورەی لەسەر “عەزیز وەیسی” فەرماندەی هێزەکانی زیرەڤانی و “دلۆڤان روباری” بەرپرسی هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ بڵاو کردەوە. وەکوو هەمیشە زانیاریە بێ بنەماکانی بەناوی کەسێکەوە بڵاو دەکاتەوە کە نایهەوێت ناوی ئاشکرا بکرێت. بەڵام لە راستیدا ئەوە شانۆ بوو، شانۆیەکی بەتەواوی کومیک.

چ خێرە، لەبەرچی ئەو کەسە شاراوەیە ئەو زانیاریانەی بە ئاژانسی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان داوە؟ لە ئێستادا پەکەکە لەبەر هێندێک هۆکاری سیاسی، شانۆی خەلیفان لە رۆژئاوا نمایش دەکات. هۆکاری یەکەم: گەمارۆدرانی رۆژئاوا، تەگەرە دروست کردنی لەبەردەم دانوستانەکانی کوردی ـ کوردی لە رۆژئاوای کوردستان، ئامادە کردنی بەستێن و زەمینەیەک بۆ پەلەماردانی هێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ، هەروەها بێگومان هۆکاریکی دیکە ئەوەیە کە دەیهەوێ لە شنگالدا دەرەتانی جووڵەی سیاسی و سەربازی بۆخۆی فەراهەم بکات و ئەگەری زۆری هەیە ئیمە لە رۆژانی داهاتوودا گوێبیستی هەواڵی هێرش کردنی پەکەکە بین.

ئایا راستە کە یەکینەی چالاکانی پەکەکە دەستگیر کراون؟

هۆکارێکی گرنگی دیکەی درۆیە بێ ئەخلاقانەکانی پەکەکە دەرباری بابەتی خەلیفان بریتیە لە دەستگیر کرانی ژمارەیەک لە گریلاکانی پەکەکە کە لە شارەکانی باشووری کوردستاندا جێگیر کرابوون و بەتەمای چالاکی نیزامیی بوون.

بە دەیان کەس سەر بە یەکینەکانی پەکەکە دەستگیر کراون کە لە شارە جۆراوجۆرەکانی باشووری کوردستاندا جێگیر کرابوون و بەتەما بوون چالاکی نیزامیی ئەنجام بدەن. لە راستیدا دەکرێ بڵێین ئەو تیمی تیرۆرانەی پەکەکە لەناوبران کە دەیانەویست لەناکاو پەلاماری هەرێمی کوردستان بدەن. پەکەکە چاوەڕوانی نەدەکرد دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەمشێوەیە بێت و ئەجیندایەکی دیکەی هەبوو، بەپێی ئەو ئەجێندایە میلیشیاکانی حەشد بە درۆن هێرشیان دەکرد و پەکەکەش لەژێرناوی پەنابەردا لە رێگای زەوینیەوە پەلاماری دامودەزگا حکومی و ئەمنیەتیەکانی باشووری کوردستانیان دەدا.

ئگەر پەکەکە تۆزقاڵە تەربیەت و نیشتمانپەروەرییەکی تێدا هەبایە، ئەوا ژنانی کوردی رەوانەی دەرواەی سنووریی سمێلکا نەدەکرد. بەڵام ئەو کارە جارێکی دیکە سەلماندیەوە کە پەکەکە شوێنکەوتەیەکی باشی “گۆبێلس”ـە و هەربۆیەش لە کۆتاییدا پەکەکەش هاوشێوەی گۆبێلس تێکدەچێت.

سەرکەوتنەکانی پەکەکە، هاوشێوەی سەرکەوتنەکانی گۆبێلسن

پاییز هات، هێرشەکانی ئەرتەشی تورکیە لەناو خاکی باشووری کوردستاندا، بەرە بەرە رادەوەستن. لەو هێرشانەدا پەکەکە ووشی شکستی زۆر گەورە بووە. “توونێلەکانی شەڕ” ئاگاهانە کران بە گۆڕستانی لاوانی کورد، پەکەکە شاخ و لوتکە ستراتژیکەکانی رادەستی ئەرتەشی تورکەکان کرد. ئەرتەشی تورک لە پارێزگای سلێمانیەش زەربەی لە گریلاکانی پەکەکە وەشاند و ئەو هێرشانە جمووجووڵەکانی پەکەکەی زیاتر راگرت. لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانی عێراقدا لە شنگال و سلێمانی تووشی شکست بوو. پەکەکە لەدوای شەڕی خەندەقەکانیشەوە لە باکووری کوردستان هەڵات. ئەمانە وایان کرد کە پەکەکە بەتەواوی بگۆڕدرێت بۆ هێزێکی بچووکی غەددار، سەرەڕای ئەوەش دەیهەوێت رۆژئاوای کوردستان وەکوو یەکەیەکی نیزامیی ئیدارە بکات.

هەواڵ و پروپاگاندا بێ ئەخلاقانەکانی پەکەکە لەسەر خەلیفان بۆ شاردنەوەی ئەو راستیانەیە.

پەکەکە دەیهەوێ لە سایەی هەڵخەڵەتاندنی بێ ئەخلاقانەدا، ئۆجەلان وەکوو رێبەری گەلانی جیهان، خۆی وەکوو ئادرێسی چارەسەر کردنی گرفتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێزەکەشی وەکوو هێزێک پیشان بدات کە هاوپەیمانەتی ناتۆی شکست داوە.!

هەروەک چۆن “گۆبێلس” خەڵکی ئاڵمانی بە دەنگۆ و پروپاگاندای درۆیین هەڵخەڵەتاند و هەتا ئەو کاتەی تانکەکانی سۆڤیەت نەهاتنە ناو شەقامەکانی “بێرلین”، خەڵکی ئاڵمان پێێانوابوو وڵاتەکەیان سەرکەوتوو بووە، پەکەکەش هەمان کار دەکات و دەڵێت ئێمە سەرکەوتوو بووین، بەڵام لە راستیدا تووشی شکستێکی زۆر گەورە بۆتەوە.

هێزی پروپاگاندا ناتوانێ واقعیەتەکان بگۆڕێت. پەکەکە ناتوانێت بەو منداڵانەی کە هەڵیخەڵەتاندوون و بەری داونەتە ناو کۆڵانەکان و بە قیژەقیژی ژمارەیەک ژن و لاو، راستییەکان بگۆڕێت. رۆژێک دادێت کە پەکەکە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی شنگال، شەپێکی دیکەی گەلی کوردی بەربکەوێت.

گۆبێلس کاریگەریی لەسەر سەرانسەری ئەو ئاڵمانە گەورەیە و تەنانەت دوژمنەکانیشی دانابوو. ئەو لە پروپاگاندادا پاشای هەموو جیهان بوو، بەڵام هەموومان دەزانین کە چیرۆکەکەی بە چ شێوەیەک کۆتایی پێهات. گۆبێلس بە هەواڵی درۆیین و بە تەبلیغات و پروپاگاندا و هێرشی خەیاڵی، سەرجەم خەڵکی ئاڵمان و تەنانەت دوژمنەکانیشی هەڵخەلەتاند. راستە کە گۆبێلس پسپۆڕی درۆ و تەبلیغات بوو، بەڵام سەرئەنجامەکەی چی بوو؟

پێویستە گەلی کورد و بەتایبەت جەماوەری پەکەکە چارەنووسی گۆبێلس وەبیر خۆیان بهێننەوە و بڕوا بە درۆ و پروپاگاندا و تەبلیغاتە بێئەخلاقانەکانی پەکەکە نەکەن.

پوستێن ھەمان بەش