واشینگتۆن، دەوڵەتی ئانکارا وەدرۆ دەخاتەوە

واشینگتۆن، دەوڵەتی ئانکارا وەدرۆ دەخاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا: پێشنیازی فرۆشتنی فڕۆکەی F-16مان بە تورکیە نەداوە

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا رەتیدەکاتەوە پێشنیازی داراییان بە تورکیە دابێت لە جیاتی فڕۆکەی F-35، فڕۆکەی F-16ی پێ بفرۆشێت.

 نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ پێشنیازێكی دارایی نەخستووەتە بەردەم تورکیە تایبەت بە کڕینی فڕۆکەی F-16ی ئەمریکی.

 رۆژی 17-10-2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیە رایگەیاند ئیدارەی بایدن دەستپێشخەری فرۆشتنی فڕۆکەی F-16 بە تورکیە  کردووە لەبری فڕۆکەکانی F-35، کە پێشتر بڕیار بوو واشنتن بە ئەنقەرەیان بفرۆشێت.

 ئامریکا و تورکیە رێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ فرۆشتنی 100 فڕۆکەی جۆری F-35 بە تورکیە، کە دواتر بەهۆی کڕینی سیستەمی ئێس-400ی رووسی لەلایەن ئەنقەرەوە، واشنتن لە ساڵی 2019 تورکیەی لە بەرنامەی تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکەی F-35ی ئەمریکی دوورخستەوە و فرۆشتنی ئەو جۆرە فڕۆکەی بە تورکیە وەستاند.

تورکیە رایگەیاندووە لە رێککەوتنی تایبەت بە کڕینی فڕۆکەی F-35 بڕی 1.4 ملیار دۆلاری داوەتە ئامریکا و ئێستا ئیدارەی بایدن دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی لەبری ئەو بڕە پارەیە، فڕۆکەی F-16 بداتە تورکیە.

 نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بەو مژارە رایگەیاند: “سەبارەت بە پلانە سەربازی و بەرگرییەکانی تورکیە باشتر وایە پرسیار لە حكومەتی ئەو وڵاتە بکەن، ئەوەی کە من دەتوانم وەک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا پێتانرابگەیێنم ئەوەیە، کە ئامریکا هیچ پێشنیازێكی دارایی بۆ فرۆشتنی فڕۆکەی F-16ی بە تورکیە نەکردووە”.

پوستێن ھەمان بەش