دەتانهەوێ دەستە خوێناویەکانتان بە کێ بسڕن؟

ئەوەی پاکی و وەفاداریی لەدەستدابێت، هەموو شتێک لەدەست دەدات، رۆژێک دادێت کە پەکەکە بەتاوانی خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو لاوانەی کورد سزا دەدرێت کە بەدەستەکانیەوە وشکەوە بوون.

پەکەکە بە چوار دەست و پاوە نووساوە بەو درۆیەی خەلیفانەوە و ئەوەش دەیسەلمینێت کە پەکەکە هیچ سەرمایەیەکی بەدەستەوە نەماوە. هەر بۆیەش ئەو سیناریۆیەی کە بە دەیان جار ناڕاست بوونی ئیسبات کراوە، وەکوو بنێشتە خۆشکە هەر دەیجوێتەوە. لە راستیدا ئەوە کە پەکەکە و سەرکردەکانی ئەوەندە بەو درۆیەوە نووساون، لەلایەک عەقڵیەتی ئەوان پیشان دەدات و هاوکات ئەو راستیەش دەسەلمێنێت کە پەکەکە تووشی گرفتی جیددی بووەتەوە.

بەڕێوەبەرانی کەجەکە بەردەوام باسی خەلیفان دەکەن. مستەفا قەرەسوو ئەو درۆیەی ئەوەندەی دیکە گەورەتر کردۆتەوە و پێشمەرگەکانی “رۆژ”یشی تێوەگڵاندووو. قەرەسوو دەڵێت: “پێشمەرگەکانی رۆژ لەگەڵ بنەماڵەکانیان دواون و گوتوویانە: پەکەکە هاتبوونە خەلیفان و ئیمە ئەوانمان کوشتووە”.

وادیارە کە قەرەسوو لە ئەشکەوتەکاندا بێکار بووە و بە سەیر کردنی سریاڵی تورکی خۆی فێری نووسینی سیناریۆی پووچ و بی مانا کردووە. تەنها کەسێک دەتوانێت ئەو سیناریۆیە قبووڵ بکات کە لەبواری عەقڵیەوە تەواو نەبیت.

هاوسەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە “بەسێ هۆزات”یش لە قەرەسوو کەمتر نیە و ئەویش زۆر بێ شەرمانە ئەو درۆیە دووپات دەکاتەوە. هۆزات لە لێدوانیکدا بۆ رادیۆی “دەنگی وڵات”ی پەکەکە دەڵێت: “90٪ لە زیانە گیانیەکانی پەکەکە بە ئاگاداریی PDK روویانداوە”.

ئەگەرچی مەحموود محەممەد وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی رایگەیاند کە لە خەلیفان هیچ چەشنە شەڕ و پێکدادانێک لەنیوان پێشمەرگەکانی کوردستان و گریلاکانی پەکەکەدا رووینەداوە، بەڵام دیسانیش پەکەکە ئیسرار دەکات کە گریلاکانی ئەوان لەلایەن پەدەکەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون. ئەم ئیسرارەی پەکەکە لەکاتێکدایە کە هیچکات باس لە چۆنیەتی بەئامانج کرانی ئەو سەرکردە و فەرماندەیانەی ناکات کەوا لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆلی پەکەکە لەلایەن تورکیە یان لەلایەن خودی پەکەکەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون.

هۆزات دەڵێت: “پەدەکە زانیاری و گەرا دەداتە ئەرتەشی تورکیە”. ئەم قسانەی بەسی هۆزات لەکاتێکدایە کە زیاتر لە 95٪ی زیانە گیانیەکانی پەکەکە لەو ناوچانە تۆمار کراون کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکەدان و هیچ کەسێکی سڤیل لەو ناوچانەدا بوونی نیە. پەکەکە هیچکات رێگای نەداوە یەک کەسی سڤیل بچێتە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی گریلاکانی و بۆ نموونە لە ئاواشین، مەتین، خواکورک و خنێرە پەکەکە رێگا نادات پەلەوەری سڤیلیش بفڕێت، ئەمە لەحالێکدایە کە زۆربەی زیانە گیانیەکانیشی لەو ناوچانە بوون. پەکەکە لە هەموو شوێنێک خاڵی پشکنینی داناوە و رێگا نادات هیچ کەسێیکی سڤیل سەردانی ناوچەکانی ژیر کۆنترۆڵی ئەوان بکات و تەنانەت دانیشتوانی ئەو گوندانەش کە لەلایەن پەکەکەوە داگیر کراون رێگایان پی نادرێت کە سەردانی زێدی خۆیان بکەن. لێرەدا ئەو پرسیارە مەنتقیە دروست دەبێیت کە ئایا پەکەکە بۆخۆی زانیاری لەسەر گریلاکانی خۆی بە دەوڵەتی تورکیە دەدات؟ چونکە ئەوە گومانێکی زۆر بەهێزە کە تورکیە چۆناوچۆن دەزانێت کە کامیەک لە بەرپرسانی پەکەکە لەناو کام ئوتۆمبێلدایە وا بە ئاسانی دەیکاتە ئامانج و یەکسەر ناوەکەشی بڵاو دەکاتەوە کە فلان بەرپرسی پەکەکە کراوەتە ئامانج؟ لەو ناوچانەدا جگە لە پەکەکە هیچ کەسێکی دیکە حوزوری نیە، نە هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە هەیە و نە خەڵکی سڤیل هاتوچۆی ئەو شوێنانە دەکات، کەواتە کێیە کە زانیاری ورد لەسەر فەرماندەکانی پەکەکە و گریلاکان رادەستی تورکەکان دەکات؟ پێویستە بەسێ هۆزات کاتێک دێتە گۆ، سەرەتا وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە.

ئایا بەسێ هۆزات دەتوانێت پێمان بڵێت ئەرێ خێرە تەنها فەرماندەکانی ناوەندی و گریلا سادەکان دەبنە ئامانجی هێرشەکانی تورکیە؟ ئایا ئەو کەسانەی کە رێبەرایەتی پەکەکە گرنگییان پێدەدات لە شار و شارۆچکەکاندا لە خانووی ئەمندا جێگیر کراون و ژیانیان گەرەنتی کراوە؟ ئایا ئەوانەی کە دەکرێنە ئامانج ئەو گریلا سادەیانەن کە لەکاتی خزمەت کردنی رێبەرەکانی پەکەکە و لەکاتێکدا بە ئوتۆمبیل و موتۆر دەیانهەوێ پێداویستیی سەرکردە جێگا خۆشەکانی پەکەکە دابین بکەن لە رێگاکانی گارە و قەندیل دەکرێنە ئامانج؟ با بەسێ هۆزات سەرەتا وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە.

با بەسێ هۆزات باسی دوکتور حوسێن “سەلمان بۆزکر” بکات و بۆ خەڵکی کوردستانی روون بکاتەوە کە دوکتور حوسێن بە چ شێوەیەک کرایە ئامانج؟ لە کەمپی مەخموور و لە بەردەم ناوەندی ئیداری پەکەکە لەکاتێکدا کە نزیکەی 300 گریلا و 250 کەسی سڤیلی لێیە و کۆنترۆڵی شوێنەکە بەتەواوی لە ئیختیاری پەکەکەدایە، چۆن بوو کە لە رۆژی رووناکدا کرایە ئامانج؟ کێ جاسووسی بەسەریەوە کردبوو و راپۆرتی لێدابوو؟ بێگومان زانیاری و ئیتلاعاتەکان لەناوخۆی پەکەکەوە گەیشتبوونە تورکەکان.

ئەو قەرەسوویەی کە ناتوانێت راست و چەپی خۆی لێک جودا بکاتەوە، دەڵێت کە پیشمەرگەکانی رۆژ لەگەڵ بنەماڵەکانیان دواون و گوتوویانە ئێمە لە خەلیفان کەمینمان دانابوویەوە. بێ عەقڵترین مرۆڤیش بەو قسەیەی قەرەسوو پێکەنینی دێت.

ئەدی قەرەسوو چۆنە نازانێت کە حەیدەر ڤارتۆ “ئەنگین کارائاسلان”، ئەو کادرەی کە 45 ساڵان خزمەتی ئێوەی کرد بە چ شێوەیەک لە قامیشلوو کرایە ئامانج؟ حەیدەر ڤارتۆ لە ناوەندێکی یەپەگە لە قامیشلوو سواری ماشێن دەبێت و 25 خولەک دواتر ئوتۆمبێلەکەی بوردمان دەکرێت و گیان لەدەستدەدات. بەراستی کێ گوزارشی لێدابوو؟ ئایا ئەوە نایسەلمینیت کە کەسێک لەناو یەپەگەدا گوزارشی لە حەیدەر داوە؟ بیگومان پەکەکە بۆخۆی حەیدەر ڤارتۆی بە کوشتن دا. واباشە قەرەسوو سەرەتا وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە.

مستەفا قەرەسوو تۆ دەزانی کە هێشتاکە لەناو شارەکانی دهۆک و ئامێدیدا تاقە یەک گریلاش نەکراوەتە ئامانج بەڵام رۆژانە هەڤاڵەکانت لە قامیشلوو، مەخموور، کۆبانی و ناوچەکانی دیکەی ژیر دەسەڵاتداریی خۆتاندا دەکرێنە ئامانج و دەکوژرێن؟ لەبەرچی لەو شوێنانەی کە بەتەواوی لە بن کۆنترۆڵی خۆتاندایە دەکرێنە ئامانج؟ گەمژەترین مرۆڤیش دەزانێت کە ئێوە بۆخۆتان گوزارش لە هاوڕێیەکانی خۆتان دەدەن و بەکوشتیان دەدەن.

مستەفا قەرەسوو با سەرەتا بێت و چیرۆکی کوژرانی عەلی حەیدەر قەیتان “فوئاد دەرسیم” روون بکاتەوە. عەلی حەیدەر قەیتان لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و یەکەمین هاوڕێی ئۆجەلان بوو. پێمان بڵێ کە عەلی حەیدەر بە چ شێوەیەک ناچار کرا کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنیت. پیمان بڵێ کە ئێوە چ جۆرە بوونەوەرێکن کە دەتوانن یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبەکەی خۆتان “قەیتان” بدەنە بەر شەق و سووکایەتیی پێ بکەن و بە پێ بەسەریدا بڕۆن؟ بۆشمان باس بکە لەکاتێکدا کە ماوەی دو ساڵ بەسەر گیانلەدەستدانی عەلی حەیدەر قەیتاندا تیپەڕ دەبێت، لەبەرچی هێشتا مردنەکەی دەشارنەوە و ئاشکرای ناکەن؟

با پەکەکە بەر لە هەر کارێک رایبگەیەنێت کە هۆکاری چیە چارەنووسی فەرماندەکانی خۆی دەشارێتەوە؟ بۆ نموونە با ئەوان چارەنووسی “سەبری باشکالە” (فەهمی شارلاتان) ئەندامی کۆنسەی فەرماندەیی هەپەگە، ئاشکرا بکەن. سەبری لە 28ی گوڵانی 2016دا لە شوێنێکی ناوچەی مەتین کرایە ئامانج کە هیچ کەسیکی سڤیل لەوێ حوزووری نەبوو. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە تورکیە هەر لەیەکەم ساتی هیرشەکەدا رایگەیاند کە ئەوان “سەبری باشکالا”یان کردۆتە ئامانج. کی فەرماندە “سەبری باشکالا”ی بە کوشتن دا؟ لەبەرچی راپۆرت لە سەبری درا بە تورکیە؟ ئەوە ماوەی 5 ساڵ بەسەر ئەو رووداوەدا تێپەڕ دەبیت، لەبەرچی ئێوە هەواڵی گیانلەدەستدانی “سەبری” راناگەیەنن؟

قەرەسوو لەبەرچی “جوان عەرەب” یەکیک لە کادرەکانی پەکەکە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای کوشت؟ ئەو ویستی بە چ شیوەیەک گیان بدات؟ با پەکەکە باسی بەدەیان چیرۆکی کوشتن و پاکانە حیسابی ناوخۆیی حیزبەکە بکات کە بەشاراوەیی ماونەتەوە. ئەرتەشی تورکیە وەکوو “تیمی تەسفیە ناوخۆییەکانی” پەکەکە کار دەکات، پەکەکە هەرکەسێک دەستنیشان بکات ئەرتەشی تورکیە دەیکووژێت. ئیوە لەبەرچی باسی ئەو کەسانە ناکەن کە ئێمە ناومان هێناون؟ بۆ روونی ناکەنەوە کە ئەو کەسانە بە چ شێوەیەک و لەبەرچی کرانە ئامانج؟ پەکەکە هەر مردنێک کە نەتوانێت سوودی لێوەربگرێت، باسی ناکات. پەکەکە ژیان و یادکردنەوەی ئینسانەکان وەکو موڵکی شەخسی خۆی دەزانێت و ئەگەر پێویستی پێی هەبێت ئەوە بڵاوی دەکاتەوە و شرۆڤەی دەکات و بەرنامەی لەسەر ساز دەکات و ئەگەریش بە قازانجی نەبێت ئەوا باسی ناکات و دەیانشارێتەوە.

پەکەکە کادرەکانی خۆی دەکووژێت و بەکوشتیان دەدات و مردنەکەیان بۆ قازانجی تەسکی حیزبیانەی خۆی بەکار دەهینێت. پەکەکە هیچ رێزێک لەو کەسانە ناگرێت کە گیانیان لەدەستداوە و لە راستیدا پەکەکە وەکوو پارە سەیری مردووەکان دەکات و هەرکات پێویستی پیبێت لە باخەڵی دەریدەهێنێت و شتێکی پێ دەکڕێت. پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات کە گریلاکانیان لە خەلیفان کەوتوونەتە بۆسەی پیشمەرگەوە بەڵام باسی ئەو منداڵ و مێرمنداڵانەی کورد ناکات کە لە سەنگەرەکانی شەڕدا لە زندوورا و وەرخەلێ بە کوشتیان دەدات. باسی ئەو مێرمنداڵانە ناکات کە لەناو تونێلی مەرگدا بەجێی هێشتن و بە کوشتیدان. با پەکەکە سەرەتا چیرۆکی چارەنووسی ئەو رۆڵانەی کورد بۆ خەڵکی کوردستان روون بکاتەوە کە رەوانەی بەرەکانی مەرگی کردوون و بەدەست جەندرمەی تورک بەکوشتی داون.

بەڕێوەبەرانی پەکەکە بە ئەندازەی دەوڵەتی تورکیە، بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی لاوانی کورد

بەڕێوەبەرانی پەکەکە بە ئەندازەی دەوڵەتی تورکیە، بونەتە هۆکی گیانلەدەستدانی لاوانی کورد و دەستیان بە خوێینی رۆڵەکانی کورد سوور بووە. لە ئێستادا پەکەکە و رێبەرەکانی دەیانهەوێت دەستە خویناوییەکانی خۆیان بە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پەدەکە و پیشمەرگەکانی رۆژ بسڕنەوە.

ئیمکانی نیە کەسانێک کە دەستیان بە خوێنی رۆڵەکانی کورد سوور بووبێت بتوانن داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان وکورد دەستەبەر بکەن. کەس بڕوا بەوانە ناکات. ئەوە یاسای سروشتە کە کەسانی بێویژدان، بی ئەخلاق، درۆزن، فریودەر کە بە ئاگاهیەوە لاوانی کورد بە کوشتن دەدەن، هیچکات سەرکەوتوو نابن. ئەوەی پاکی و مەعسوومییەت و وەفاداریی لەدەستدابێت، هەموو شتێک لەدەست دەدات. رۆژێک دادێت کە پەکەکە بەتاوانی خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو لاوانەی کورد سزا دەدرێت کە بەدەستەکانیەوە وشکەوە بوون.

پوستێن ھەمان بەش