پەکەکە “مەزڵووم عەبدی” لادەبات و دژبەرێکی کوردستان لە جێگاکەی دادەنێت

پەکەکە دەڵێت “مەزڵووم بە هاوکاریی ئامریکاییەکان و باشوری کوردستان، دژایەتی پەکەکە دەکات”.

بە فەرمانی قەندیل مەزڵووم عەبدی “شاهین جیلۆ” لە فەرماندەیی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک “HSD” وەلانرا و سەرجەم دەسەڵاتەکانی لێوەرگیرایەوە. نزیکایەتی مەزڵووم کۆبانێ لە باشووری کوردستان بە هۆکاری سەرەکی بڕیارەکەی قەندیل دادەنرێت.

پێگەی “دارکا مازی” زانیاریی لەسەر ئەو بڕیارەی قەندیل بۆ گۆڕینی مەزڵووم عەبدی دەستکەوتووە و بەپێی ئەو زانیاریانە، چەند رۆژ لەوەپێش کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە لە قەندیل کۆبۆتەوە و گۆڕینی مەزڵووم عەبدی بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکە بووە.

لە کۆبوونەوەکەی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکەدا بڕیار دراوە کە مەزڵووم عەبدی لە فەرماندەیی هێزەکانی سوریەی دیموکراتیک “هەسەدە” دوور بخرێتەوە و کادریکی دیکەی پەکەکە بەناوی “مەحموود بەرخۆدان” ناسراو بە “مەحموودە ڕەش” لەجێگاکەی ئەو دابنرێت.

سەرچاوەکانی “دارکا مازی” لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرایان کرد کە مەزڵووم لەو بڕیارەی قەندیل ئاگادار کراوەتەوە و ئەگەرچی هێشتا لەسەر کارەکەی خۆیەتی بەڵام سەرجەم بەرپرسایەتی و دەسەڵاتەکانی لێوەرگیراوەتەوە. مانەوەی مەزڵووم پەیوەندیی بە هاوپەیمانەتی نێونەتەوەیی بەرنگاربوونەوەی داعش هەیە لەبەر ئەوەی هاوپەیمانەتیەکە جگە لە مەزڵووم ئامادە نین لەگەڵ هیچ کادرێکی پەکەکە هاوکاری بکەن و پەیوەندییان هەبێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە ئێمە هەمانە نزیکبوونەوەی مەزڵووم کۆبانێ لە باشووری کوردستان و حکوومەتی هەرێم، سەرەکیترین هۆکاری ئەو بڕیارەی قەندیل بووە.

لە رۆژانی رابردوودا و بەر لە کۆبوونەوەکەی کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە، قەندیل هۆشداریی بە مەزڵووم دابوو هەر بۆیە جنرال مەزڵووم لە رێکەوتی 10ی ئۆکتۆبردا لە تویتێکدا نوسیبووی:

“رێبەر و هزرمەند عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری هزری پێکەوەژیانی ئازادانەیە، کلیلی چارەسەری و ئاشتیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەستی ئەودایە. ئازاد کردنی رێبەر ئاپۆ دەتوانێ ئاشتییەکی سەقامگیر بەدوای خۆیدا بهێنێت”.

لە راستیدا ئەو هەوڵەی مەزڵووم و پێداهەڵگوتن بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوەیە بە پەکەکە بڵێت کە هێشتا موریدی ئێوەم.

لەبەرچی پەکەکە لە مەزڵووم تووڕە بووە؟

پەکەکە لەو کاتەوە کە مەزڵووم ناوبانگی جنراڵی وەرگرتووە و لە جیهاندا ناسراوە، زۆر قەڵس و تووڕە بووە. بەتایبەت پەیوەندی و هاوکاری مەزڵووم لەگەڵ ئامریکاییەکان و هەروەها کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا وەکوو نوێنەری کوردەکانی رۆژئاوای کوردستان و لەوانەش زیاتر نیزیکبوونەوە و پەیوەندییەکانی مەزڵووم لەگەل باشووری کوردستان و حکوومەتی هەرێم و راگەیاندنی سپاس و پیزانین بۆ سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان، نێچیروان بارزانی، تووڕەیی و قەڵس بوونەکەی پەکەکەی گەیاندۆتە لووتکە.

پەکەکە سەرەتا بۆ ئەوەی مەزڵووم کۆنترۆڵ بکات، دەستی دایە ساز کردنی تۆمەت و بوختانی پێکرد و هاوکات چەند جارێکیش هەوڵیدا تیرۆری بکات. بەڵام لەبەر ئەوەی ئامریکاییەکان پارێزگاری لە مەزڵووم دەکەن، پیلانەکانی پەکەکە بۆ تیرۆر کردنی شکستیان هینا.

پەکەکە دەڵێت “مەزڵووم لەگەڵ ئامریکاییەکان و باشوری کوردستاندا دژایەتی پەکەکە دەکات” و هەر بەو هۆیەشەوە بوو کە پەکەکە رێگرییان لە مەزڵووم کرد و نەیانهێشت دانوستانەکانی “کوردی ـ کوردی” رۆژئاوای کوردستان بە ئەنجام بگات.

پاش هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیە بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، مەزڵووم عەبدی کە بە “مەزلووم کۆبانێ”ش دەناسرێت، بە بێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی پەکەکە هەڵوێستی گرت و لەگەڵ رووسیە و تورکیە پەیمانێکی لەسەر راگرتنی شەڕ واژۆ کرد. ئەو هەڵوێستە ناوبانگی مەزڵوومی زیاد کرد و لە هێندێ ناوەند وەکوو قارەمانێکی نەتەوەیی باسی لێوەدەکرا.

دواتر لە ساڵانی رابردووشدا بە پشتیوانی ئامریکا و فەرانسە، مەزڵووم لەگەڵ لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان دەستی بە دانوستان کرد و هیوایەکی بۆ دەستپیکردنی قۆناخێکی نوێ لە مێژووی سیاسیی رۆژئاوای کوردستاندا خوڵقاند. ئەو هەوڵە و هاوکات پەیوەندیی باشی مەزلووم لەگەڵ بەڕێبەرانی باشووری کوردستان، پەکەکە زیاتر قەڵس کرد. پەکەکە ترسی ئەوەی هەبوو کە بەهۆی ئەو هەوڵانەی مەزڵووم عەبدیەوە، کاریگەرییەکانی لە رۆژئاوای کوردستاندا کەمتر ببێتەوە و لەوە دەترسا کە مەزلووم جێگای پێ لێژ بکات، چوونکە دەگوترێ کە ئامریکاییەکان بە مەزڵوومیان گوتووە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستاندا بهێنێت و دۆخێک بڕەخسێنێت کە کوردەکانی رۆژئاوا بۆخۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی تووڕە بوونی پەکەکە لە مەزلووم کۆبانێ بۆ “سەبری ئۆک” بەرپرسی بەشی هەواڵگری پەکەکە و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە دەگەڕێتەوە کە بە فەرمانی مەزڵووم و لەسەر چالاکیە تێکدەرانەکانی، لە رۆژئاوای کوردستان وەدەرنرابوو.

مەحموودە ڕەش کێیە؟

مەحموودە ڕەش یەکێک لە فەرماندەکانی پەکەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان و لە ساڵی 1986دا تێکەڵ بە پەکەکە بووە و لەلایەن رێبەرایەتی پەکەکەوە لە رۆژئاوای کوردستاندا چەند بەرپرسایەتییەکی گرنگی پێدراوە. مەحموود بە یەکێک لەو فەرماندانە دادەنرێت کە لە شکستی عفرین و داگیرکرانی ئەو بەشە لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیەوە، بەرپرسیارە. ئەو بە “مەحموود جبەخانەچی”ش دەناسرێت و بە یەکێک لە کادرە دوگمەکانی پەکەکە دادەنرێت. هێندێ جار لە میدیاکانی پەکەکەدا دەردەکەوێت و بە ئاشکرا و زۆر بە توندی دژایەتی باشووری کوردستان و هێزی پێشمەرگە دەکات و هەڕەشەیان لێدەکات. لە دوایین لێدوانیدا مەحموودە رەش رایگەیاندبوو: “ئەگەر پێشمەرگە بیهەوێ بڕواتە هەرێمەکانی گریلا، ئێمە بێدەنگ نابین و دیارە کە بەرگری لە کێ دەکەین”.

پێگەی دارکا مازی لە سەرەتای دامەزرانیەوە لە ساڵی 2019دا چەندین بابەتی نهێنیی لەسەر ناکۆکیەکانی نیوان مەزڵووم و رێبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل و هەروەها هەوڵی تیرۆر کرانی لەلایەن پەکەکەوە و هێرشە غەیر ئەخلاقیەکانی مەحموودە ڕەش بۆ سەر باشووری کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە بڵاو کردبوونەوە کە لێرەدا لینکەکانیان دادەنێین.

مەزڵووم عەبدی “سەبری ئۆک” وەدەردەنێت و پەکەکە تووشی هیستریا دەکات

جەمیل بایک هەوڵی تیرۆرکردنی مەزڵووم عەبدی دەدات

ژنراڵ مەزڵووم و رۆژئاوا ئەزموونێکی دیکەی PKK

ژنراڵ مەزڵووم و ئەزموونی PKK لەگەڵ رۆژئاوا ـ 2

هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە

هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە ـ 2

هەڕەشەی بێ ئەخلاقانەی فەرماندەکەی هەسەدە ـ 3

مەزڵووم عەبدی لە کوڕە خۆشەویستەکەی ئۆجەلانەوە بۆ تاوانبارەکەی بایک

مەزڵووم، ئیدی راوەستە هەتا ئێرە بەسە

پوستێن ھەمان بەش