په‌كه‌كه‌ لە ئامێدی هێرشی كردۆته‌ سه‌ر خاڵێكی پێشمه‌رگه‌

حکوومەتی هەرێمی کوردستان: بە تووندی ئیدانەی هێرشی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە دەکەین

تەقەکردنەکە بۆ ماوەی 10  خولەك بەردەوام بوو و پێشمەرگە وەڵامی ھێرشەکەی پەکەکەی نەداوەتەوە.

ئێوارەی دوێنی دووشەممە، لە سنۆری قەزای ئامێدی باشووری کوردستان گریلاکانی پەکەکە تەقەیان لە خاڵێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو.

ئاژانسەکانی باشووری کوردستان لە زمانی سەرچاوە سەربازیەکانەوە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان رایانگەیاندووە کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 5/10/2021، گریلاکانی پەکەکە لە گوندی سەرگەلێی نزیك کانێ لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پاریزگای دهۆک، تەقەیان لە خالێکی ھێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانی کردووە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کردووە کە تەقەکردنەکە بۆ ماوەی 10  خولەك بەردەوام بوو، بەڵام لە ئەنجامی ھێرشەکە جگه‌ له‌ زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌ و پێشمەرگەکان سەلامەتن و گوتیشی: پێشمەرگە وەڵامی ھێرشەکەی پەکەکە نەداوەتەوە.

چەندین جارە گریلاکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان و بە تایبەت لە سنووری قەزای ئامێدی بە بێ هیچ پاساوێك ‌هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهۆیانەوە تا ئێستا چەندین پێشمەرگە شەهید و برینداربوون.

شایانی باسە لە ناوچە سنوورییەکانی هه‌رێمی باشووری كوردستان سەدان گوند بەهۆی شەڕی گوماناوی پەکەکە و ئەرتەشی توکیەوە چۆڵ کراون و بە هەزاران خێزانیش ئاوارەبوون.

پوستێن ھەمان بەش