ئامریکا ئامادەکاری بۆ سزا خستنە سەر بێلاڕووس دەکات

ئامریکا ئامادەکاری بۆ سزا خستنە سەر بێلاڕووس دەکات

سەدان کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستانن، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس لە دۆخێکی خراپدان.

ئامریکا رایدەگەیێنێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکاری بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر بێلاڕووسدا دەکات. نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند “سزاکان رژێمی لوکاشێنکۆ بە بەرپرس دادەنێت لە هێرشی بەردەوامی بۆ سەر دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان.”

 ئەوە لەکاتێکدایە یەکێتیی ئەوروپا بێلاڕووس بەوە تۆمەتبار دەکات کە کۆچبەران وەکو چەکێکی سیاسی لە دژیان بەکاردەهێنێت. بەڵام ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.

 نێد پرایس رۆژی دووشەممە 15/11/،2021 لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە نێوەندگیری ئەو شتە نییە کە لە پرسی بێلاڕووسدا پێویستە، “بەڵکو کۆتاییهێنان بە ژمارەیەک لە کردەوەکان پێویستە کە ئێمە بینیومانن، لەنێویشیدا بەکارهێنانی لێشاوی کۆچبەران وەکو چەکێک بەنێو ئەوروپا دا.”

 هاوکات، پرایس گوتیشی کە مۆسکۆ زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە کاریگەری لەسەر رژێمەکەی لوکاشێنکۆ هەیە، “ئێمە پێشوازی لە بەکارهێنانی ئەو کاریگەرییە لەلایەن مۆسکۆوە دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە.”

 سەدان کۆچبەر کە زۆربەیان خەڵکی باشووری کوردستانن، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس لە دۆخێکی خراپدان؛ پۆڵەندا رازی نییە رێگەیان پێبدات بەنێو خاکەکەیدا بڕۆن بۆ وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا. بێلاڕووسیش دەڵێت کە نزیکەی دوو هەزار کۆچبەر لەسەر سنوورەکەی گیریان خواردووە کە ژنی دووگیان و منداڵیشیان لەنێودایە. لای خۆشیەوە، پۆڵەندا دەڵێت، کە ژمارەیان سێ هەزار بۆ چوار هەزار کۆچبەر دەبێت و رۆژانەش ژمارەیان زیاد دەکات.

 بەهۆی برسیەتی و سەرماوە، بەشی زۆری کۆچبەرانی سەر سنوورەکان لە ئانوساتی بوورانەوەدان؛ هەندێ جار بەشێکی کەمیان بەر بەزەیی تیمە پزیشکییە مرۆییەکان دەکەون. کۆچبەران کەوتوونەتە بارودۆخێكی زۆر خراپەوە کە جلی کۆن و بەکارهاتووی خەڵکیان بۆ کۆدەکرێنەوە.

 هەر رۆژی دووشەممە، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەکەی برۆکسل گوتی: “ئەو هەستەم نییە کە حکومەتی بێلاڕووس بەبێ سەپاندنی سزاکان کارێك بکات. پێشتر یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر حکومەتی لۆکاشێنکۆدا سەپاند، چونکە مامەڵەی خراپی لەگەڵ گەلەکەیدا دەکرد و ئێستاش بەم بارودۆخە نوێیە، کە لەسەر سنوور روویداوە ئێمە ناچارین دیسان سزای نوێی بەسەردا بسەپێنین.”

 هاوکات جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند: “سزاکان هەمیشە کاریگەرن، چونکە کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە و ئێمە ئەمڕۆ کۆمەڵێک سزای نوێ بەسەر چەند کەس و لایەنێكی نێو بێلاڕووس دەسەپێنین، کە بەرپرسن لە هاندانی کۆچبەران بۆ رۆیشتن بەرەو سنووری پۆڵەندا.”

پوستێن ھەمان بەش